نەپەگە: تۆڵەى کۆمەڵکوژییەکەى ئامێدى لە تورکیا دەکەینەوە

کوردستان

16/11/2018‌ 1297 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل رایگەیاندوە "سوپای تورکیا بە ئەنقەست هێرش بۆسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات و تۆڵەی سێ شەهیدەکەی ئامێدی لە تورکیا دەکەینەوە".

ڕۆژی هەینی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل- نەپەگە راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی ١٤ی ئەم مانگەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەی ئامێدی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەهۆی چالاکی گەریلاکانەوە سوپای تورکیا گورزێکی گەورەی بەرکەوتووە بۆیە دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە خەڵکی مەدەنی بکاتەوە".

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل ئاماژەی بەوەشدا "دەوڵەتی تورکیا بە ئەنقەست هێرش دەکاتەسەر خەڵکی مەدەنی و دەیەوێت لەو رێگەیەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بترسێنێت، هەروەک لە راگەیاندنەکانیشدا هاووڵاتیانی مەدەنی بە گەریلا لەقەڵەمدەدات".

فەرماندەیی بڕیارگەی نەپەگە ئەوەشی وتوە "ئەرکی هەر هێزێکی نیشتمانپەروەرە تۆڵەی سێ شەهیدەکەی ئامێدی لە تورکیا بکەنەوە و نەیەڵن خوێنیان بە فیڕۆ بچێت".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە  رۆژی چوارشەممە (١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنورەکانی گوندی ئەرەدنای سەر بە ناحیەی سەرسنگ لە قەزای ئامێدیان بۆردومان کرد و بەوهۆیەشەوە سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی دلۆڤان ساڵح و ئیسماعیل قەبلان و رەمەزان محەمەد گیانیان لەدەستدا.


هـ ـ ر