گۆڕان بۆ بەشداریكردن لەحكومەت ڕاوێژ بەئۆرگانەكانی دەكات

کوردستان

18/11/2018‌ 370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پرسی بەشداریكردن، یان نەكردنی لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمدا, ڕاوێژ بە ئۆرگان و ڕایەڵەو كەسایەتییە جیاجیاكانی ناو بزووتنەوەكەو دەرەوەی دەكات.

میدیای فەرمی گۆڕان لەزاری عومەر محەمەد, سكرتێری ڕایەڵەی كەسایەتییەكانی سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە ڕایەڵەكەیان بەئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەكانی‌و بەسەرپەرشی شۆڕش حاجی, ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و بەئامادەیی بەهادین ئەحمەد, باژێروانی مەكۆی سلێمانی بزووتنەوەكە كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكارییان ڕێكخستووە.

ناوبراو وتیشی: "تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بریتی بوون لە گفتوگۆكردن و ئاڵوگۆڕی سەرنج و زانیارییەكان لەبارەی پرسی بەشداریكردن، یان نەكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت و چەند پرسێكی دیكەی ناوخۆیی بزووتنەوەكە".

گۆڕان لەهەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردوو 12 كورسی هێناو ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە بڕیاری ئەوە بدات، كە ئایا بەشداری لەحكومەتی داهاتوو بدات، یان ببێتە هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لەحكومەت.

هـ ـ ح