كۆمەڵ بەمەرجەكانی پارتی رازی نابێت

کوردستان

20/11/2018‌ 3032 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان باپەندنابێت بەمەرجی "نەكشانەوەو بێدەنگبوون"ی پارتی دیموكرات بۆ بەشداری لەحكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەقسەی بەرپرسێكی ئەو حیزبە.

بیلال سلێمان بەرپرسی ناوەندی حكومەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: هێشتا بڕیاری بەشداریكردنیان لەكابینەی حكومەتی هەرێم، یاخود بەشداری نەكردنیان نەداوە، بۆیە "هیچ مەرجێكمان دیارینەكردووە".

بیلال سلێمان سەبارەت بەهۆكاری سەردانینەكردن‌و كۆنەبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی لەچەند رۆژی رابردوو دەڵێت: "نازانین دەبێت ئەو پرسیارە لەپارتی بكرێت، وەڵام لای ئەوانە، بەڵام داوایان لە ئێمە نەكردووە، كە سەردانمان بكەن تا ڕەتیبكەینەوە".

قسەكانی ئەو بەرپرسەی كۆمەڵ لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە دەشڵێت: "دواجار پێموایە پارتی بەجدی لە كۆمەڵ دێتە پێش بۆ بەشداریكردن لەحكومەت، چونكە ئەگەر كۆمەڵ ببێتە ئۆپۆزسیۆن دەبێتە ئۆپۆزسیۆنێكی جدی وای بۆ ناچم پارتی بیەوێت ئۆپۆزسیۆنی جدی هەبێت لەكوردستان، ڕەنگە پێی خۆش بێت ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام بەو شێوە جدییە نا".

سەبارەت بەوەی ئەگەر كۆمەڵ بەشداری حكومەت بكات ئایا بەردەوام دەبن لەڕەخنەگرتن لەحكومەت یا بەڵێنی نەكشانەوە لەحكومەت بەپارتی لایەنی پێكهێنەری حكومەت دەدات؟ بیلال سلێمان دەڵێت: "خۆی ئەركی پەرلەمانتار ڕەخنەگرتنە، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەشداربین دەبێت زیاتر ڕەخنە بگرین تا هاوكاری حكومەت بێت لە باشتركردنی كارەكان، نەكشانەوەش پەیوەستە بەجێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە لەلایەن پارتییەوە، چونكە جاری پێشوو پارتی‌و كۆمەڵ ڕێكەوتنێكی 13 خاڵیان ئەنجامدا بۆ بەشداری لەحكومەت، بەڵام پارتی تەنیا 3 خاڵی جێبەجێكرد، بۆیە ئەگەر ئەمجارەش ڕێكەوتنەكە جێبەجێنەكرا، لایەنی بەرانبەر مافی خۆیەتی هەڵوێست وەربگرێت‌و كۆمەڵ هیچ كام لەو مەرجانە قبوڵ ناكات وەك مەرجی پێش وەختە".

هەروەها دەڵێت: "وەك ڕای خۆم هیچ گۆڕانكاریەك لەسیاسەتی پارتی نابینم بەپێچەوانەوە ڕەنگە ئێستا زیاتر بێمنەتر بووبێت، لەبەرانبەر خەڵك و حیزبەكان و ئەوەی لەڕابردووش كردویەتی هیچ گرەنتیەك نییە، كە لەداهاتوو دوبارەی نەكاتەوە، لەوانەیە چەند كەسێك لەسەركردایەتی هەمان بیروبۆچوونی منیان هەبێت، خەڵكیش هەیە بەپێچەوانەوە بووە".

ئەمە لەكاتێكدایە پارتی دیموكرات وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردوو، كە 45 كورسی هەیە ، مەرجی داناوە بۆ ئەو لایەنانەی بەرشداری حكومەت دەكەن‌و رایگەیاندووە، ئەو لایەنانەی دێنە حكومەتەكەی دەبێت "رەخنە نەگرن‌و گرنتی ئەوەش بدەن لەحكومەتەكە نەكشێنەوە".

هـ ـ ح