بەرەو سنوورەكانی توركیا جموجوڵیان هەیە
ئەمریكا ژمارەی هێزەكانی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە زیاد دەكات

کوردستان

20/11/2018‌ 2856 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریكا ژمارەی هێزەكانی لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان زیادكردووەو جموجوڵەكانیشیان بەئاراستەی سنووری توركیان.

بەپێی رۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی، ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە لەرۆژئاوای كوردستان گەیشتووەتە 500 سەرباز، كە ئەو ناوچانە هاوسنوورە لەگەڵ سنوورەكانی توركیا.

هەر بەپێی رۆژنامەكە ئەمریكا ژمارەیەك سەربازی بۆ زیادكردنی سەربازەكانی لەرۆژئاوای كوردستان لەبنكەی سەربازی تەنەفی سوریاو بنكەیەكی سەربازی لەعێراق ناردووەتە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردووەتەوە، كە تەواوی ئەو سەربازانە لەناوچە سنوورییەكان لەگەڵ توركیا جێگیركراون، كە تەواوی ئەو ناوچانە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی یەپەگەن.
ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە توركیا لەناوچە سنوورییەكانی دەستی بەجوڵەی سەربازی كردووەو هەڕەشەی ئەوەش دەكات هێرش دەكاتە سەر ئەو ناوچانەی ژێر كۆنتڕۆڵ یەپەگە، كە ئەمریكا بەو هەنگاوە رازی نییە.

ئەمریكا لەساڵی 2014وە هێزی رەوانەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كردووە، ئەوەش بۆ هاوكاری هێزەكانی یەپەگە لەشەڕی دژی داعش‌و هاوكارییەكانیش بەردەوامی هەیە.

هـ ـ ح