مەرجی عێراق بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان

عیراق

21/11/2018‌ 5997 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەرجی حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتە لەلایەن هەولێرەوە، كە داهاتەكەی رادەستی بەغدا بكات.

عەبدولهادی سەعداوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلیژنەی دارایی، لەكۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان‌و حكومەت لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دارایی باسی دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم كراوە.

عەبدولهادی سەعداوی راشیگەیاند، لەكۆبوونەوەكە باس لەوە كراوە، كە حكومەتی عێراق بەو مەرجە شایستە داراییەكانی هەرێم دابین دەكات، كە حكومەتی هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات‌و داهاتەكەی رادەستی كۆمپانیای بەبازاركردنی نەوتی عێراق بكات.

پرۆژەی بودجەی عێراق ماوەیەكە كێشەی لەنێوان هەولێرو بەغدا دروستكردووە، بەهۆی ئەوەی پشكی هەرێم لەپرۆژەكە بۆ ساڵی 2019 بە رێژەی 12.67% دیاریكراوەو كوردیش داوای 17% دەكات.

ماوەیەكە لیژنەیەكی هەرێمی كوردستان لەبەغدان‌و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبوونەوە دەكەن، بۆ ئەوەی پشكی هەرێم لەبودجەی گشتی بۆ ساڵی 2019 زیادبكرێت، گفتوگۆكانیش لەو بارەوە بەردەوامی هەیە.

هـ ـ ح

بەپەلە