یەكێتی ناچێتە ژێر باری داواكارییەكەی توركیا

کوردستان

22/11/2018‌ 8448 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هونەر حەمەڕەشید
یەكێتی نیشتمانی ناچێتە ژێر باری ئەو داواكارییەی توركیا، كە داوای سزادانی سێ‌ سەركردەی ئەو حیزبەی كردووە.

توركیا لەماوەی رابردوو داوای سزادانی ئارێز عەبدوڵڵا و بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامانی سەركردایەتی‌و سالار مەحمود پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی كردووە، كە داواكارییەكەی پەیوەندی بە وەوە هەیە، مانگی رابردوو ئەوان بەشدارییان لەكۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی دراوە بە "شارپرێس"، لەكۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی ئەو داواكارییەی توركیا بۆ سزادانی ئەو سەركردانەی یەكێتی كراوە.

هەر بەپێی زانیاری سەرچاوە ئاگادارەكە، توركیا لەسەر ئاستی كونسوڵخانەكەی لەهەولێرو باڵوێزخانەكەی لەبەغدا چەند جارێك ئەو داواكارییەی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی یەكێتی‌و سوورە لەسەر هەڵوێستەكەی.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، سەرەڕای ئەوەی توركیا سوورە لەسەر سزادانی ئەو سێ‌ سەركردەیەی یەكێتی، بەڵام بەقسەی سەرچاوەكە، مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە ناچێتە ژێر باری داواكارییەكەی ئەنقەرەو هیچ رێكارێك بەرانبەر بڵێسە جەبار فەرمان‌و ئارێز عەبدوڵڵاو سالار مەحمود ناگرێتەبەر.

سێ‌ سەركردەكەی یەكێتی رۆژی 26ی مانگی رابردوو لەهۆڵەندا‌ بەشدارییان لەكۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كردو بەناوی یەكێتیشەوە وتارێكیان خوێندەوە، كە توركیا بە بەشداری ئەو سەركردانەی یەكێتی نیگەران بووە.

توركیا بەبیانووی ئەوەی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد سەر بەپارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەیە لەو هەنگاوەی سەركردەكانی یەكێتی ناڕازییەو دەشیەوێت بەو هەنگاوانە رێگری لەچالاكییەكانی كەنەكە بگرێت.

‌زانیارییەكانی پارپرێس باس لەوەش دەكەن، توركیا لەبەرانبەر ئەو داواكارییەی یەكێتی، كە داوای كردبوو گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەو داواكارییەی خستووەتە روو.

سەرچاوەكەی شارپرێس ئەوەشی ئاشكراكرد، كە توركیا ئەوەی كردووە بەبیانوو، بۆ ئەوەی گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵنەگرێت، كە چەند مانگێكە بەبیانووی جموجوڵی پەكەكە لەپارێزگاكە گەشتەكانی بەڕووی ئەو فڕۆكەخانەیە راگرتووە.

سالار مەحمود لەو بارەوە بۆ شارپرێس وتی: توركیا هەر داواكارییەكی هەیەو هەر جۆرێك لەبارەی كەنەكە بیردەكاتەوە، "ئێمە پابەندنابین پێیەوە، ئێمە ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردین‌و یەكێتیش بەشێكە لەدامەزرێنەرانی كەنەكە".

سالار مەحمود وتیشی: توركیا سیاسەتی خۆی هەیەو ئێمەش سیاسەتی خۆمان، كە سیاسەتی ئێمە پەیوەندی مافی نەتەوەكەمان هەیەو بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەو مافانەش نابین، جا ئەنقەرە چۆن بیر دەكاتەوەو چۆن فشار دەكات پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە.

هەرچەندە ئەو پەرلەمانتارە بێئاگایی خۆی نیشاندا، كە توركیا داواكارییەكی لەو شێوەیەی خستبێتەڕوو، بەڵام جەختیكردەوە، نە ئەوان پاشەكشە دەكەن، نە لەو بڕوایەشدایە یەكێتی بچێتە ژێر باری فشارێكی لەو جۆرە.

توركیا چەندین جار بەفەرمی‌و لەسەر ئاستی باڵا یەكێتی بەوە تۆمەتباركردووە، كە هاوكاری پەكەكە دەكات، ئەوەش ئەو وڵاتەی نیگەران كردووەو چەند جارێكیش لەو بارەوە هۆشداریداوەتە ئەو حیزبەو هۆشدارییەكانیش بەردەوامی هەیە.