میراتێكی دەوڵەمەند لەرێبازی نەشەڕ نەئاشتی
مێژووییەك لەململانێی كوڕانی بارزانی‌و تاڵەبانی

کوردستان

25/11/2018‌ 6145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس – تایبەت
لەدوای وەفاتی تاڵەبانی كێبەركێی گەرم وەك میراتی سیاسی‌و حیزبیی كەوتووەتە نێوان كورانی تاڵەبانی و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ئەم ملمڵانێیە مێژوویەكی كۆنی هەیەو جیاوازییەكەی ئێستا و ئەوسا تەنیا ئەوەیە مەسعود بارزانی، كە ئێستا تەمەنی لەسەرو حەفتا ساڵاندایە، لەرووی سیاسیی و حزبیەوە ركابەری كوڕەكانی تاڵەبانییە. 

پێشتریش جەلال تاڵەبانی، كە  سەردەمی لاوێتی لە نزیك مەلامستەفای بارزانی كاری سیاسی و حیزبایەتی كردبوو، دواتر بووە ركابەری سەرەكی ئەو، هەندێك لە دۆستەكانی تاڵەبانی لایانوایە ئەو نەرمی‌و سازشەی تاڵەبانی لەگەڵ مەسعود بارزانی كوری مەلا مستەفا كردی، ئەگەر نیوەی ئەوە لەگەڵ بارزانی باوكدا نەرم بوایە، ئەوا جیابوونەوەی ساڵانی شەستەكان و سەرهەڵدانی "جەلالیی و مەلایی" رووی نەدەدا.

 پارتی بە سروشتی سیاسی خۆی بەدرێژایی تەمەنی سیاسی‌و حیزبایەتی، وا گەمەی كردووە خۆی نەخزاندووەتە گۆشەیەكی تەسكی سیاسییەوە. لەخراپترین حاڵەتیشدا دەرگایەكی كراوە بەرووی خۆیدا هێشتووەتەوە. 

حیكمەتی سیاسەتی پارتی، بەردەوام كارتە هەرێمایەتییەكانی بەدەستەوە هێشتوەتەوە و نەیسوتاندووە.  بەڵام ئەگەر ئەو قسەیە بۆ پێشتر راست بووبێ، ئەوا بۆ ئێستا مەرج نییە راست بێت، چونكە لە چوار ساڵی رابردوودا، سەرباری ئەوەی پارتی هێزی یەكەم و خاوەن بڕیار بووە، بەڵام چەند پرسێكی ستراتیژیی و هەستیاردا، پێچەوانەی حیكمەتە میژووییەكەی جوڵاوەتەوە. 

لەوانە لەپرسی ئابووریی سەربەخۆ، كوردانی رۆژئاوا و ریفراندۆم و پرسی هەڵبژاردنی سەركۆماردا، بەشێكی زۆری لەكارتە گرنگەكانی دەستی سوتاند و لەگەمەكاندا نەك هەر شكستی گەورەی خوارد، بەڵكو زیانی گەورەشی بە پێگەی حزبەكەی و خەڵكی كوردستانیش گەیاند.

تاڵەبانی ئەگەر لەسەردەمی بارزانی باوكدا تارادەیەك سەركەوتووبووبێ، ئەوا لەسەردەمی بارزانی كوردا نەیتوانی دەستكەوتی سەركەوتنەكانی بچنێتەوە و بیگەیەنێتە كەناری ئارام. خۆ ئەگەر مەسعود بارزانیش لەسەردەمی زێریندا پێش تاڵەبانی باوك كەوتبێ و تارادەیەك سەركەوتووبووبێ، ئەوا هەڵەكانی ئێستای و خۆ خزاندنە گۆشەیەكی تەسكی حزبایبەتی و سیاسییەوە، رەنگە دواجار گەمەكە بەكوڕەكانی تاڵەبانی بدۆرێنێ. سووربوونیشی لەسەر كێبەركێی كوڕانی تاڵەبانی و بارزانی بۆ تەمەنێكی تر درێژ بكەنەوە.

پێگەی مێژوویی بارزانی باوك
بەهێزیی و كاریزمایی جەلال تاڵەبانی، یان بەهێزی پێگەی یەكێتی نیشتمانی كورستان، هەرگیز رێگر نەبوون لەوەی بارزانی باوك وەك سیمبوڵی نەتەوەیی تەماشا بكرێت لەلایەن هەردوو حزبەكەوە. چۆنیەتی گەڕانەوەی تەرمی مەلا مستەفا بۆ هەرێم لە ساڵی ١٩٩٣ و هەڵواسینی وێنەی بارزانی لەناو بینای پەرلەمان و ساڵرۆژی لە دایكبوونی مەلا مستەفا بە پشووی رەسمی، دوو ئاماژەی بەهێزن ئەوە دەسەلمێنن، كە پارتی مامەڵەیەكی حزبییانەی لەگەڵ بارزانی نەكردایە، ئەوا پارتی و یەكێتی لەسەر هیچ شتێك رێك نەكەوتنایە لەسەر ئەوە رێكدەكەوتن كە بارزانی وەك سیبموڵی نەتەوەیی لە باشوور وێنا بكرایە و بخرایەتە سەرو ململانێیەتی حیزبییەوە. 

هیچ كەس و لایەنێك هێندەی سیاسەتی هەڵەی پارتی نەیتوانی زیان بەوێنەی بارزانی-ی باوك بگەیەنێ و لەسەركردەیەكی رۆحی نەتەوەییەوە بیگۆرێت بۆ سەركردەی حیزبێكی دەسەڵاتداری بەشێكی هەرێم، چونكە كەم نەبوون ئەوانەی ئەندام‌و دۆستی یەكێتی بوون و بەچاوێكی ناحزبییەوە دەیانڕوانیە مەلا مستەفا بارزانی. كەم نەبوون ئەوانەی لەكۆمەڵگەدا پارتی نین و رەخنەی توندیان لەدەسەڵاتدارێتی پارتی هەیەو بەچاوی حورمەتەوە دەرواننە مێژوو و خەباتی بارزانی باوك. 

خراپترین كار، كە پارتی دەرهەق بە بارزانی باوك كردی، ئەوە بوو ویستی ناشرینییەكانی دەسەڵاتداریتی و حوكمرانی خۆی بەجوانییەكانی بارزانیدا هەڵواسێ، چونكە سەرەنجام نە پیاهەڵدانی پارتییانەو نە وێنە زۆر هەڵواسراوەكانی بارزانی-ی باوك، ناشرینییەكانی دەسەڵاتی جوان كرد، نە پارتی و بنەماڵەی بارزانیش توانیان پێگەی مێژوویی مەلا مستەفا وەك خۆی بپارێزن.

مەسعود بارزانیش هەر وەك تاڵەبانی دەكات
پرسیارە گەورەكە ئەوەیە ئاخۆ مەسعود بارزانی لەدوا ساڵەكانی تەمەنی سیاسی خۆی چی دەكات.. ئایا پلانێكی دیاریكراوی هەیە یان ئەویش وەك جەلال تاڵەبانی ململانێكە بەكراوەیی بەجێ دەهێڵێ بۆ نەوەكانی دوای خۆی؟

مێژووی سیاسی و كێبەركێی نێوان یەكێتی و پارتی، لەمێژووی بەریەككەوتنەكانی حوكمڕانی یەك لەدوای یەكی عێراق كۆنتر و تۆخترە. ئەم میراتە سیاسیە چەندین حوكمرانی لەعێراق و ناوچەكە گۆڕی، بەڵام ئەوان هەر لەشوێنی خۆیان مانەوە. لەسەر دەستی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی پتر لە 35 ساڵە یەكێتی و پارتی  پێكەوە رێبواری رێبازی بەرێوەبردنی ئاشتی و شەڕن لەگەڵ یەكتری، لەكۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردوو لە شاخ گەڕێكی تری شەڕی یەكتریان دەستپێكردەوە تا سەردەمی بەرەی كوردستانیی لە ساڵی ١٩٨٧

لەسەردەمی حوكمرانیشیانەوە لە دوای ساڵی ١٩٩١، بەشەرو نیوە شەر پێكەوە، رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیشیان ئیمزا كرد. واتە ئەگەر بە دەستێك تەوقەیان كردبێ ئەوا بەدەستەكەی تریان شەری یەكتریام كردووە. دوای وەفاتی تاڵەبانی فرسەتێكی گەورە لەبەردەم مەسعود بارزانی بوو كە باوكی پارتی بێت و مامی یەكێتیەكانیش، بەڵام بارزانی سەرئەنجام ئەو رێگایەی هەڵبژارد تەنیا باوكی پارتییەكان بێ. سەردانەكەی ئەمجارەی بۆ بەغدا تازەترین جوڵەی بارزانیە كە ئەو راستیە دەسەلمێنێ بازانی لەگەڵ ئەو میراتیە سیاسییە كە پارتی و یەكێتی دروستیان كردووە بە نیوە شەڕو نیوە ئاشتی بەردەوام دەبێ و بارزانیش چارەنووسی ململانێكە بەمیرات بۆ نەوەكانی دوای خۆی بەجێ دەهێڵێ.