پارتی بەڵێنی چاكسازیكردن لەهەرێمی كوردستان دەدات

کوردستان

10/12/2018‌ 1477 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فرسەت سۆفی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەخولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، حیزبەكەی ھەوڵی پێكهێنانی حكومەتێكی  بەھێز دەدات‌و چوار ساڵی داھاتووش چاكسازییەكی سەرتاسەری لەھەرێمی كوردستان دەبێت.

فرسەت سۆفی، كە ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتە بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت، لەمیانی لێدوانێكی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند "یەكێك لەو پرسە گرینگانەی پارتی چاكسازییە، كە لە كارنامەكەی خۆی و لە حكومەتی داھاتووشدا كاری لەسەر دەكات، ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەستەی نەزاھە و داوكاری گشتی و دیوانی چاودێریی دارایی دەكرێت، ئێمە ھەموو ھەوڵ‌و كۆششێكمان دەخەینەگەڕ لە پێناوی ئەنجامدانی چاكسازییەك كە عەدالەتی بۆ ھەموو لایەك تێدا بێت، بە تایبەت ڕێگە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی بگیرێت".

سۆفی جەختیشی لەوە كردەوە، كە پارتی لەھەوڵدایە چاكسازییەكی سەرتاسەری ل ھەرێمی كوردستان بكات و ئەنجامی دەدەین، ئەمەش یەكێك بووە لەكارنامەكانی پارتی بۆ چوار ساڵی ئایندە، وەك چۆنیش لەڕابردوو ھەوڵمان بۆی داوە، ئێستاش بەردەوام دەبین.

سەبارەت بەپێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتیش، كە ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، كە ئەو لایەنانەی ئیرادە و مەیلی بەشداریكردنیان لە حكوومەت ھەیە، "ئێمە بە یەك چاو سەیریان دەكەین، چونكە پارتی دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەت. ھەوڵ دەدەین حكوومەتی نوێ بەھێز بێت تاوەكو بتوانین لە چوار ساڵی داھاتوودا بە یەكەوە بەردەوام بین".

فرسەت سۆفی هەروەها رایگەیاند "ئەوە لەسەر پارتی وەستاوە، كە سەردانی كام لایەن دەكات، چونكە پارتی ھێزی براوەی یەكەمی ھەڵبژاردنەكانە‌و ئەو لایەنانەی خواستی بەشداریكرنیان ھەبێت سەردانیان دەكەین، ھەر لایەنێكیش بییەوێ ببێتە ئۆپۆزیسیۆن ئەوە خۆی بڕیار دەدا و ئێمەش ڕێز لە بڕیاری ئەو لایەنانە دەگرین".

هـ ـ ح