ئەوانەی چاویان لەكورسییەكەی تاڵەبانی-یە

کوردستان

10/12/2018‌ 14598 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نزیكبوونەوەی وادەی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی وایكردووە، جۆرێك ململانێ لەنێوان باڵە جیاوازەكانی ئەو حیزبە دروست ببێت، ئەوەش لەپێناوی كورسییەكەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی.

هەرچەندە وادەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بەتەواوی دیارینەكراوەو چوار ساڵ زیاترە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حیزبە نەبەسراوە، بەڵام هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچین، لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەمساڵدا ئەو گۆنگرەیە ببەسرێت.
 
جەلال تاڵەبانی،‌ كە لەكۆتایی‌ ساڵی 2012 نەخۆش كەوت‌و دوای‌ پێنج ساڵ لەتشرینی‌ یەكەمی‌ 2017 كۆچی‌ دوایی‌ كرد، كە چ نەخۆشكەوتنەكەی، چ كۆچی دواییەكەی رۆژ بەرۆژ ململانێكانی ناو حیزبەكەی زیاتر كردووەو چەند باڵێك لەناو ئەو حیزبە دروست بوون.

هیچ كەس نەبوو بەقەد جەلال تاڵەبانی لەئیدارەدانی‌ حیزبەكەیدا شارەزا بێت، كە خۆی دامەزرێنەری ئەو حیزبە بوو لەساڵی 1975 و هەر ئەوەندەی‌ گۆڕەپانەكەشی‌ چۆڵكرد یەكێتی‌ تووشی كێشەی گەورە بوو، كە ئێستا سەرەڕای بوونی كێشەكان چەند كەسێك چاویان لەوەیە، بچنە سەر كورسییەكەی تاڵەبانی دانیشن.

لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی، هێرۆ ئیبراهم ئەحمەد، چەند ساڵێك وەك كەسی یەكەمی یەكێتی دەردەكەوت‌و لەپشتیشییەوە، چەند ئەندامێكی تری خانەوادەی تاڵەبانی هەبوون، لەدیارترینیان شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی بوو، هەرچەندە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چەند ساڵێك كەسی یەكەم‌و قسەكەری كۆتایی یەكێتی بوو، بەڵام ئێستا هەڵچوونی تەمەنی‌و خراپی تەندروستی وایكردووە، لەگۆڕەپانەكە دووربكەوێتەوەو ئەو رۆڵەی جارانی نەمێنێت.

لەگەڵ كەمبوونەوەی رۆڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوكات كۆسرەت رەسوڵ، كە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتییە، كێشەی تەندروستی هەیەو ئەویش ئەو رۆڵەی جارانی نەماوە، هەرچەندە لەگۆڕەپانەكە بەردەوامە لەكێبڕكێكردن.
 
كێشەكانی‌ یەكێتی‌ سەرچاوەیان زۆرن‌و لەئەنجامی‌ جیاوازی‌ بۆچوونی‌ بەرپرسەكانی‌ لەسەر ئیدارەدان‌و سیاسەتكردنی‌ حیزبەكەیان دروستبووەو بەو هۆیەشەوە چەند ساڵێكە نەتوانراوە كۆنگرە ببەسرێت، كە ئێستاش لەو بارەوە چەند جووڵەیەك لەناوخۆی یەكێتی هەیەو جوڵەكەش بەو ئاراستەیە بەم نزیكانە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ببەسرێت.

یەكێتی‌ لەدامەزراندنییەوە (ساڵی‌ 1975)، تائێستا سێ‌ كۆنگرەی‌ بەستووەو دەبوو لەساڵی‌ 2014 كۆنگرەی‌ چوارەمی‌ ببەستێت، بەڵام كێشە ناوخۆییەكانی‌ رێگربوون لەبەستنی‌ كۆنگرەو ئێستاش چەند وادەیەك پێشنیازكراوە بۆ بەستنی‌ كۆنگرەكە.

كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ئەو دەرفەتەیە، كە ماوەیەكە باڵە جیاوازەكانی یەكێتی ئامادەكاری بۆ بەستنی دەكەن‌و چەند باڵێكیش بەچڕی كار دەكەن‌، بۆ ئەوەی لەكۆنگرەكە زۆرترین ئامادەییان لەسەركردایەتی حیزبەكە هەبێت.

میراتییەكەی‌ تاڵەبانی‌
جەلال تاڵەبانی‌ هەر نەخۆشییەكەی‌‌و كۆچی‌ دواییەكەی‌ نەبووە كێشە بۆ یەكێتی‌، بەڵكو دوای ئەوە ناكۆكی‌ گەورە لەسەر كورسییەكەی‌ دەبێت، لەئێستاشەوە روونە لەناو سەركردایەتی‌ داهاتووی‌ یەكێتیدا ماڵی‌ تاڵەبانی‌ دەست رۆیشتوو دەبن، قوباد تاڵەبانی‌‌و بافێڵ تاڵەبانی‌ (كوڕانی‌ تاڵەبانی‌) لاهور شێخ جەنگی‌‌و ئاراس شێخ جەنگی‌ (برازاكانی‌ تاڵەبانی‌)، ئەو نەوەیەن، كە ئێستا دەتوانرێت بەنەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان دابنرێن‌و كار بۆ ئەوە دەكەن لەسەركردایەتی داهاتووی یەكێتی پێگەو رۆڵی گەورەیان هەبێت.

پۆستە هەستیارەكەو كوڕانی تاڵەبانی
پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ لەسەرەتای‌ دورستبوونی‌ ئەو حیزبەوە لای‌ مام جەلال مایەوە تا ئەوكاتەی كۆچی دوایی كرد، دوای كۆچی دوایشی زیاتر لەساڵێكە پڕنەكراوەتەوە، كە باڵاترین پۆستە لەناو یەكێتیدا.

قوبادو بافێڵ، دوو كوڕی‌ جەلال تاڵەبانین، ئەوان ئێستا زۆرترین چانسیان هەیە، كە ببنە میراتگری‌ باوكیان لەناو یەكێتی‌و ببنە سكرتێری داهاتووی حیزبەكە، بەڵام گەیشتیان بەو پۆستە ئاسان نابێت، چونكە هەردووكیان جگە لەوەی دەبێت ململانێی یەكتری بكەن، دەبێت ململانێی سەركردەكانی باڵەكانی تری یەكێتیش بكەن، كە چاویان لەوەیە پۆستەكە لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلابكەنەوە.

بافێڵ، دوو ساڵ بەر لەدامەزراندنی یەكێتی لەدایك بووەو ئیستا تەمەنی 45 ساڵە، كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووە، ئەو ساڵانێكی‌ زۆر لەسەر شانۆی سیاسی‌ یەكێتی‌ ونبوو، بەتایبەتی‌ پێش نەخۆشكەوتنی‌ باوكی‌، ئەو دوای ڕاپەڕین لەزانكۆی ئۆكسفۆردی‌ بەریتانی‌ سەرقاڵی خوێندن بووە، یەكەم دەركەوتنی ڕاستەقینەشی‌ هەوڵەكانی‌ بوو بۆ دروستكردنی‌ دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی‌ لەپێش پرۆسەی‌ ئازادی‌ عێراق لەلایەن ئەمریكاو دوای‌ دووركەوتنەوەی‌ تاڵەبانیش بەهۆی‌ نەخۆشییەوە، دەرفەتی‌ دەركەوتنی‌ زیاتر بوو.

بافێڵ ئێستا پۆستی‌ دەزگای دژایەتی تیرۆری‌ لەناو یەكێتی‌ هەیەو ئەگەر سەیرێكی‌ پەڕە تایبەتییەكانی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەیت، رۆژانە زۆربەی‌ ئەو شاندانەی‌ بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی‌ سەردانی‌ سلێمانی‌ دەكەن، ئەو پێشوازییان لێدەكات.

بافێڵ بەم دوایانەش، وەك كەسێكی كۆكەرەوە لەناو باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی دەردەكەوێت‌و هەوڵی بۆ ئەوەیە زۆرترین سەركردەی حیزبەكەی لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە، كە هەموو ئەمەشی لەپێناوی ئەوەیە وەك كەسی یەكەمی یەكێتی پێش كۆنگرە دەربكەوێت‌و لەكۆنگرەش بەئاسانی پۆستەكە بۆ خۆی یەكلابكاتەوە.

قوباد، كوڕی دووەمی جەلال تاڵەبانییەو لەساڵی‌ 1977 لەدایكبووەو بەشی زۆری ژیانی لەدەرەوە بەتایبەت لەبەریتانیاو ئەمریكا بەسەر بردووە، كە بەریتانیا لای باپیری "ئیبراهیم ئەحمەد" لە لەندەن گەورە بووەو  كاتێك بەرهەم ساڵح نوێنەری یەكێتی بووە لەئەمریكا، قوباد وەك یاریدەدەری كاریكردووە ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان‌و بە بەرپرسی رێكخەری پەیوەندی نێوان یەكێتی‌و سوپای ئەمریكا دەستی‌ بەكاركرد.

قوباد تاڵەبانی ساڵی‌ 2004 گەڕایەوە ئەمریكاو لەوێ بوو بەنوێنەری یەكێتی لەواشنتۆن، ساڵی 2006یش دوای یەكخستنەوەی ئیدارەی هەولێرو سلێمانی بوو بەنوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا، ئەو ئێستا باڵاترین پۆستی‌ یەكێتی‌ لەناو حكومەت لایە، كە پۆستی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتە، لەگەڵ ئەوەی‌ هیچ پۆستێكی حیزبی لەناو یەكێتیدا نییە، بەڵام دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی وەك كارەكتەرێكی سیاسی كاریگەری‌ ناو حیزبەكەی‌ دەركەوت.

قوباد لەگەڵ ئەوەی لەحكومەت رۆڵی گەورەی هەیە، لەناو یەكێتی رۆڵێكی ئەوتۆی نییەو لەسەر ئەوەی لەحكومەتیش لەچوار ساڵی رابردوو وەك پێویست ئەركەكانی جێبەجێنەكردووە، زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی متمانەیان پێنییە، كە رەنگە ئەوە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی بەئاسانی نەتوانێت ببێتە سكرتێری گشتی یەكێتی.

ئەوەی چانسی قوباد تاڵەبانی زیاتر كردووە، ئەو لەسەرخۆیی‌و نەرم‌و نییانییەتی لەكارەكانی دەكات، كە ئەمە وایكردووە، سەرنجی لایەنە نێودەوڵەتییەكان بەلای خۆی رابكێشێت‌و تەنانەت پارتی دیموكراتیش، كە حیزبێكی دەسەڵاتداری هەرێمە، رەنگە پشتگیری لەو بكەن، چونكە لای بەرپرسانی ئەو حیزبە تاڕادەیەك دەموچاوێكی قبووڵكراوە.

لاهور شێخ جەنگی، نمایشكارێكی بەتوانا
لاهور جەنگی بورهان نوڕەڵڵا، زڕبرای جەلال تاڵەبانی-یەو لەكۆتایی هەشتاكان چووەتە ئێران و دواتر چووەتە وڵاتی بەریتانیا، لە 1998 بۆ 1999  گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان‌و بەرپرسیارییەتی دەزگای دژەتیرۆری وەرگرتووەو لەشەڕی داعش لەسێ‌ ساڵی رابردوو رۆڵی زۆری پێدراوە.

لاهور شێخ جەنگی، هەرچەندە لەچەند ساڵی رابردوو زیاتر رۆڵی سەربازی هەبووە، بەڵام بەم دوایانە لەرۆڵە سیاسییەكانیش دەردەكەوێت‌و لەپرسی گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی‌و كاندیدكردن‌و هەڵبژاردنی بەسەرۆك كۆمار رۆڵی گەورەی هەبووە، كە ئەوەش سەرەتایەكی باش بوو بۆ دەركەوتنی ناوبراو لەناو یەكێتی‌و بینینی رۆڵی سیاسی.

هەروەها بەم دوایانەش لەچەند وێستگەیەكی تری سیاسی دەركەوتووە، بەتایبەتی لەهەڵمەتەكانی هەڵبژاردن رۆڵی گێڕاوە بۆ كۆكردنەوەی دەنگی یەكێتی، لەگەڵ ئەوەش بە بەردەوامی لەبۆنەو كۆبوونەوە سیاسییەكان وەك نمایشكارێكی باش دەردەكەوێت.

لاهور تەنیا بەو نمایشە چانسی وەرگرتنی پۆستی سكرتێری یەكێتی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەربەستی گەورە لەبەردەمیایەتی، بەتایبەتی كوڕەكانی تاڵەبانی، لەگەڵ ئەوەش لای پارتی دیموكرات كەسێكی قبووڵكراو نییەو تەنانەت ململانێی توندیشی لەگەڵ ئەو حیزبە هەیە، كە ئەمە چانسی كەمدەكاتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سكرتێری یەكێتی.

كۆسرەت رەسوڵ.. یاریكەرە بەئەزموونەكە
لەناو هەموو ئەم هاوكێشانەدا كەسێك هەیە، كە نابێت رۆڵی لەبەرچاو نەگیرێت، ئەویش كۆسرەت رەسوڵ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتییە، كە بەپێی‌ پەیڕەوی‌ ئەو حیزبە ئێستا لەشوێنی‌ تاڵەبانییە، بەڵام ماوەیەكە نەخۆشی‌ تەنگی‌ پێهەڵچنییەوەو دوور نییە بەو هۆیەوە كەمێك خۆی‌ لەیەكێتی‌ دووربخاتەوە، بەڵام بۆ ئایندەی‌ نزیكی‌ یەكێتی‌ رۆڵی‌ گەورەی‌ دەبێت لەیەكلاكردنەوەی‌ ململانێكان.

كۆسرەت رەسوڵ ئەگەر خۆیشی‌ لەسیاسەت دوور بكەوێتەوە ئەوا دوو كوڕەكەی‌ (شاڵا و دەرباز) ئامادەن، كە یەكێكیان ئێستا سەركردایەتی‌ یەكێتییەو ‌‌ئەویتریان وەزیری‌ ئاوەدانكردنەوەیەو دەیەوێت كوڕەكانیشی لەئایندەی یەكێتی رۆڵی گەورەیان هەبێت‌و بۆ ئەوەش هەموو پشتگیرییەكیان دەكات.

كۆسرەت رەسوڵ ئێستا بەدوو ئاراستە كاردەكات، بۆ ئەوەی ئایندەی كوڕەكانی لەناو یەكێتی رۆڵ‌و پێگەی گەورەیان هەبێت، ئاراستەی یەكەمی ئەوەیە هەردوو كوڕەكەی چ لەناو یەكێتی، چ لەناو حكومەت پۆستی باڵایان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن لەوەوە ئایندەی خۆیان مسۆگەر بكەن.

ئاراستەی دووەمی كۆسرەت رەسوڵ بۆ ئەوەیە، پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلابێتەوە، بۆ ئەوەی لەداهاتوو ناوبراو ببێتە پاڵپشتییەكی گەورە بۆ كوڕەكانی لەداهاتووی یەكێتی.

ژنێك دێتە ناو یارییەكەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كە خوشكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری جەلال تاڵەبانییەو بەئەندامێكی خانەوادەی تاڵەبانی ئەژمار دەكرێت، بەم دوایانە دەستی بەكۆمەڵێك جووڵە كردووە، كە جوڵەكانی بەو ئاراستەن، دەیەوێت رۆڵی جارانی هێرۆ بگێڕێت، كە ئێستا بەهۆی خراپی باری تەندروستی لەگۆڕەپانی ململانێكانی یەكێتی دووركەوتووەتەوە.

شاناز لەجوڵەكانی دەستی بەكۆبوونەوە لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی كردووە، بەتایبەتی ئەو سەركردانەی ناڕازین‌و چوونەتە ماڵەوە دانیشتوون، لەوانەش مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

هەرچەندە وەرگرتنی پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد زۆر قورس دەبێت، بەڵام دەتوانێت ململانێیەكی باش لەكۆنگرە بكات، بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی سەركردایەتی‌و تەنانەت رەنگە یەكێك بێت لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەداهاتوو.