یەكێتی سازشكردن لەسەر پۆستە وەزارییەكەی لەبەغدا رەتدەكاتەوە

عیراق

10/12/2018‌ 580 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوێنەرانی یەكێتی نیشتمانی لەبەغدا دەڵێن: هەر هەوڵێك بۆ پەراوێزخستنی حیزبەكەیان هەبێت لە بێبەشكردنی لەو وەزارەتانەی كەماون، لە رێگەی بایكۆتكردنی كۆبوونەوەی نوێنەران شكستی پێدەهێنین.

شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند "تائێستا گفتوگۆكان بۆ یەكلاییكردنەوەی تەواوی ئەو وەزارەتانەی، كە ماون لە نێوان لایەنەكان وەك خۆی ماوە".

شیروان میرزا راشیگەیاند، لەكۆبوونەوەی دوێنێی نوێنەران هەرچەندە بابەتی متمانە بەخشین بەوەزارەتەكان لەكارنامەدا نەبوو، بەڵام هەوڵێك هەبووكە كوتلەی بنیاتنانەوە لەگەڵ پارتی، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ لە رێگەی كۆكردنەوەی ئیمزاوە پرسی پێكھێنانی حكومەت ببنەوە ناو ھۆڵی كۆبونەوەكە، بۆیە لایەنە كوردییەكان و كوتلەی چاكسازی بایكۆتی كۆربوونەوەكەیان كردو بەوهۆیەشەوە رێژەی یاسایی تەواو نەبوو ناچار كۆبوونەوەكە دواخرا".

هەروەها رایگەیاند "ئەم هەفتەیە بۆ ئەوە دراوەتە لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی لەناو خۆیاندا رێكبكەون بۆ ئەوەی لەكۆبوونەوەی داهاتوو، كە 18 ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت ئەو بابەتە یەكلاییبكرێنەوە".

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئەوەشی راگەیاند "ئەگەر بە هەمان عەقڵییەت ئەو لایەنانە بیانەوێت، بەم شێوەیەی ئێستا وەزارەتەكان تێپەڕێنن، ئەوا بڕواناكەم لەكۆبوونەوەی ئایندەی نوێنەران رێگەبدرێت یەك وەزارەت لەو وەزارەتانەی ماون لەلایەن نوێنەرانەوە متمانەیان پێبدرێت و تێپەڕێنرێن".

شیروان میرزا جەختی لەوەش كردەوە، كە وەك فراكسیۆنی یەكێتی، ئەگەر پشكی خۆیان بەو شێوەیەی هەیە وەری نەگرین لەو وەزارەتانەی، كە ماون بەهیچ شێوەیەك ناچنە كۆبوونەوەكەوەو رایگەیاند "وەك یەكێتی بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر ئەو وەزارەتە ناكەین كە لە حكومەتی عیراقی بە پشكی خۆمانی دەزانین، كە پەپێی ئیستحقاقاتی هەلًَبژاردنیش وەزارەتێك لەو وەزارەتانەی كە ماون پشكی یەكێتییە".

هـ ـ ح