عەلی عەونی: خێرە هەموولایەك رێگای سەری بڵندیان گرتووەو دەچنە لای بارزانی

کوردستان

13/12/2018‌ 3055 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی عەونی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكرات پرسیار لەو لایەنانە دەكات، كە سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكەی دەكەن، لەكاتێكدا پێشتر دژایەتییان كردووە.

عەلی عەونی لەمیانی نووسنێك، كە میدیای فەرمی پارتی بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت: "ئەرێ بەڕاست ئەوانەی لە دژی بارزانی بوون كاتێك جەنابیان سەرۆكی هەرێم بوون, ئێستا بۆ چی خۆپێشاندانێك دژی عێراق و ئەمریكا و فەرەنسا و لوبنان و تەنانەت سەركردایەتی حیزبەكانی خۆشیان ناكەن, ئەرێ خێرە ئەوانە هەموویان رێگای سەری بڵندیان گرتووە و دەچنە خزمەتی بارزانی".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دەشڵێت: "دەبێت ئێستا ئاقل بووبن، كە ئەم هەرێمە و تەنانەت مانەوەی شتێك بە ناوی كوردستان و بزاڤی ئازادیخوازیی كوردستان بەندە بە مانەوە و بەهێزیی بنەماڵەی بارزانی".

هەروەها دەڵێت: "ئەوان لە كاڵفامی خۆیان بە دژایەتی كردنی بارزانی داس لەقاچی خۆیان دەدەن، ئەم دەسەڵاتە ئەگەر خراپیشە بەڵام دەسەڵاتی كوردستانە، بەرهەمی خوێن و خەباتی ئێمەیە، دژی داگیركەران بن و هەوڵی چاكی و بەهێزیی كوردستان بدەن.هەموو رێگاكان دەچنەوە لای بارزانی".

هـ ـ ح

بەپەلە