تورکیا بۆ عێراق: تا بارەگاکانی پەکەکە لە عێراق بن هێرشەکانمان بۆ سەر وڵاتەکەتان بەردەوام دەبێت

عیراق

15/12/2018‌ 588 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی توركیا وەڵامی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەداتەوە كە تێیدا ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەو وڵاتەی بۆ سەر شەنگال و مەخمور كرد. 

ئەمڕۆ شەممە حامی ئاكسۆی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاندەوە "تا بارەگاكانی پەكەكە لەناو خاكی عێراقدا هەبن، ئەو هێرشانەی وڵاتەكەی بەردەوام دەبن".

حامی ئاكسۆی ئاماژەی بەوەشداوە "پەكەكە ساڵانێكی دوردێژە خاكی عێراق وەك بنكەیەك بۆ هێرشكردنە سەر توركیا بەكاردەهێنێت…هەنگاو و چالاكییەكانی پەكەكە لەناو خاكی عێراق و سوریادا بۆتە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا".

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوەشی وتبو "چەندین جار عێراقیان ئاگادار كردۆتەوە كە بە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە چالاكییەكانی پەكەكە هەڵبسێت و وتویەتی”لەكاتێكدا كە بەرپرسانی عێراق ئەوەی پێویستە لەبەرامبەر پەكەكە ئەنجامی نەدەن، هێزە چەكدارەكانی ئێمە لەچوارچێوەی مافی بەرگریكردن لەخۆماندا بەپێی مادەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكان، وەڵامی هێرشەكانی پەكەكە لەخاكی عێراقەوە دەدەنەوە".

 

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە شەوی پێنجشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەنگال و كەمپی ئاوارەكانی مەخموریان لەناو خاكی عێراق بۆردومان كردو بەوهۆیەوە چوار ژن لەكەمپی ئاوارەكان شەهیدبون كە سیانیان ئەندامی یەك خێزانن و دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانەی توركیای كردبو و بەپێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق و ئاسایشی هاوڵاتیان ناوی برد.

هـ ـ ر