"گـورگـە سـەگ".. تـایـبـەتـمـەنـدیـیـەكـانـی سـەگـی ۆڵـف

هەمەڕەنگ

17/12/2018‌ 3340 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
سەگی ۆڵف یان گورگەسەگ (Wolf dog) جۆرێكە لە سەگە چاككراوەكان كە لە ڕەچەڵەكی سەگ و گورگە و لە دەرئەنجامی زاوزێی نێوان"سەگێكی نێر و گورگێكی مێ" وه ‌پەیدا بووە ، ئەم سەگە چەندەها زنجیرە خێزانی جۆراوجۆری هەن وەك ئەڵمانی و چكسلۆفاكی و ناوەكانی" جێرمان شیپەرد، مالینۆس، سیبریان هاسكی" بەسەردا بڕاوە. لە یەكیەتی سۆڤیەتی جاران و لە ساڵی 1955 خێزانێكی تازەی ئەم سەگەیان هێنایە ئاراوە بە چاككردنی لە"خێزانی گورگەكانی كارباسیان" و بەمەش خێزانیكی تازەی ئەم سەگە هاتەبوونەوە كە سیفاتی باوكە سەگ و دایكە گورگەكەی هەڵگرتووە، ئەم تیكەڵاوییە خێزانییه لە ساڵی 1985 لە لایەن "كۆمەڵەی نێودەوڵەتی سەگەكەكان" ەوە بە فەرمی دانی پێدانرا.

سیفاتەكانی سەگی ۆڵف( گورگەسەگ)
ئەم جۆرە سەگە سیفات و خەسڵەتەكانی دڕندەیی گورگ و زیرەكی و وەفاداری سەگەكان بەیەكەوە كۆدەكاتەوە ، ئاژەڵێكی چوست و چالاكی زیندوو و گەڕۆكە ، هەمیشە یاری دەكات ، ئازایە ، توانای بەرگە گرتنی زۆری هەیە ، زوو فێر دەبێت ، بە ئاسانی دەتوانرێت ڕابهێندرێت ، زۆر پابەند و ملكەچی خاوەنەكەیەتی، زوو توڕە دەبێت ، بەڵام بێ هۆكار هێرش ناكات ، ئارەزووی یاریكردنی هەیە لەگەڵ منداڵاندا. 

خاوەن جەستەیەكی بەهێز و ڕێكوپێكە و درێژەیەكی لە نێوان 55 بۆ 65 سم دایە ،  كێشی بە گوێرەی تەمەن  لە نێوان 22  بۆ 40 كیلۆگرامدایە ، دەمێكی درێژی لاكێشەیی و لووتێكی ڕەشی پانكەڵەی هەیە، گوێیەكانی بەرەوپێشەوە ڕێكراوەستاون و لە كاتی جوڵە ڕوویان بەرەو دواوەیە. 

ئەم سەگانە خاوەن شەویلاگەیەكی بەهێز و ددانێكیی تیژن، كە ژمارەیان 42 دانە و دەتوانی شتە رەق و زبرەكانی پێ بهاڕێت ، چاوی بازنەیی مەیلە و ڕەشە و لە تاریكی ئەنگوستچاویشدا دەبینێت، خاوەن هەستەوەری بەهێزە كە ڕێنماییدەكەن، بۆیە لە كردەكانی پاسەوانی و ڕزگاركردندا بەكاردێت ، هێزەكانی پۆلیس بە مەبەستی چاودێریكردن و ئاشكراكردنی مین و ماددە قەدەغەكراو و هۆشبەرەكان بەكاری دێنن ، بە مەبەستی پاسەوانی شوانكارەیش بەكاردێت و دەتوانی ڕێنمایی نابینایانیش بكات.

جۆرەكانی ۆڵف
بە گوێرەی ڕەنگ جۆراوجۆرن و سێ جۆرن، توكێكی چریان هەیە كە هەموو لەشیان دادەپۆشێت ، ڕەنگیان لە نێوان سپی و خۆڵەمێشی ، خۆڵەمێشی و قاوەیی، قاوەیی و ڕەشدایه وەك: سەگی شوانكارەیی ئەڵمانی توك زبر ، سەگی شوانكارەیی ئەڵمانی توك درێژی زبر و سەگی شوانكارەیی ئەڵمانی توك درێژی نەرم.