بەهۆی‌ ئاڵاكەوە رووگیربوون
هێزە كوردییەكان لەكەركوك میوانێكی‌ بێدەسەڵاتن

کوردستان

22/12/2018‌ 1418 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دووشەممەی‌ رابردوو لەكەركوك رووداوێك روویدا، كە رێك رەنگدانەوەی‌ واقیعی‌ ئێستای‌ شارەكە بوو، دەریخست تائێستا هێزە كوردییەكان بندەست‌و هێزە عێراقییەكان باڵادەستن.

نۆ ساڵ دەبێت پەرلەمانی‌ كوردستان رۆژی‌ 17ی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ وەك رۆژی‌ ئاڵای‌ كوردستان ناردووە –بەئیلهام وەرگرتن لەوەی‌ لەو رۆژەدا ساڵی‌ 1946 بۆ یەكەمجار لەكوردستانی‌ ئێران ئەو ئاڵایە بەرزكراوەتەوە-.

هەموو ساڵێك لەشارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و لەكەركوك یادو مەراسیمی‌ بەرفراوان بۆ ئەو بۆنەیە رێكدەخرێت، كەچی‌ ئەمساڵیش وەك پار بەرزكردنەوەی‌ ئاڵای‌ كوردستان یەكێك بوو لەكارە قەدەغەكراوەكان لەكەركوك.

ساڵانی‌ رابردوو هێزە كوردییەكانی‌ كەركوك چەند هەفتەیەك لەوەوبەر پێكەوە كۆدەبوونەوەو چوارچێوەی‌ گشتی‌ یادكردنەوەی‌ ئاڵای‌ كوردستانیان رێكدەخست، بەڵام ئەمساڵ ئەو كۆبوونەوەیە رێكنەخراو حیزبی‌ شیوعی‌ كوردستان بەتەنیا لەسەر بارەگاكەی‌ ئاڵای‌ بەرزكردەوە، بەڵام زۆری‌ نەخایەند هێزە عێراقییەكان هاتن‌و ئاڵاكەیان پێدەگرتن.

بەختیار محەمەد بەرپرسی‌ پەیوەندییەكانی‌ كۆمیتەی‌ كەركوكی‌ حزبی‌ شیوعی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "پاش بەرزكردنەوەی‌ ئاڵاكە لەلایەن هێزەكانی‌ دژە تێرۆری‌ عێراق چەند جارێك ئاگاداركراینەوە كە ئاڵاكە دابگرین، ئێمە بڕیارمان ئەوەبوو داینەگرین، بەڵام خۆیان هاتن‌و ئاڵاكەیان هێنایە خوارەوە".

رۆژی‌ 16 ئۆكتۆبەری‌ ساڵی‌ رابردوو هێزە عێراقییەكان لەكەركوك‌و دەوروبەری‌ رووبەرووی‌ پێشمەرگە بوونەوەو لەشارەكە كردیاننە دەرەوە، لەوە بەدواوە بەرزكردنەوەی‌ ئاڵای‌ كوردستان لەو شارە قەدەغە كرا.

حیزبی‌ شیوعی‌ بەهەڵكردنی‌ ئاڵاكە نەك هێزە عێراقییەكان، بەڵكو بەشێك لەهێزە كوردییەكانیشی‌ نیگەران كرد، چونكە ئەوان تووشی‌ رووگیری‌ بوون كە نەیانتوانیوە ئاڵاكە بەرز بكەنەوە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەپێی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گەورەترین حزبی جەماوەرییە لە كەركوك، بە بڕوایی بەرپرسانی‌ یەكێتی لە كەركوك حزبێكی‌ سیاسی‌ كوردی‌ بەمەبەست پرسی‌ هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان لە كەركوك دەروژێنێت "ئەگەر ئەوان ئاسایكردنەوەی‌ دۆخی‌ كەركوكە گرفتەكانی‌ ئێمە لە پرسی‌ هەڵكردنی‌ ئاڵا گەورەترە."برپرسێكی‌ یەكێتی‌ وای‌ وت.

رەوەند مەلا مەحمود جێگری‌ بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ كەركوكی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت :"ئەو دۆخەی‌ لە كەركوك دەگوزەرێت لە بابەتی‌ هەڵكردنی‌ ئاڵا گەورەترە ئەگەر پرسەكە تەنها ئاڵا بێت ئەوە هەر تاكێكی‌ كورد لەم شارە بۆتە بەیداخێكە و لەبەرزترین شوێنی‌ پارێزگاكە بوونی‌ هەیە، بەڵام ئێمە دەزانین ئەوە گرفتە سەرەكییەكە نیە."

وتیشی‌ :" پرسی‌ تەعریب كردنەوەی‌ پارێزگاكە و دیارنەكردنی‌ پارێزگاری‌ كورد بۆ كەركوك بەهۆی‌ نەگەرانەوەی‌ ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوكە لە پشكی‌ پارتییە لەبەرئەوە دەبێت دۆخی‌ سیاسی‌ و ئەمنی‌ كەركوك كە كێشەی‌ سەرەكییەكە بەیەك دەنگی‌ چارەسەری‌ بكەین."

هەرچەندە غەفور كەركوكی‌ جێگری‌ مەڵبەندی‌ كەركوكی‌ یەكێتی‌ لە شوباتی‌ ساڵی‌ 2018 ئاڵای‌ كوردستان لەسەر بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەركوك هەڵكرد و هەمان رۆژ و دوای چەند كاتژمێرێك بە فشاری‌ هێزەكانی‌ دژەتیرۆری‌ عێراق ئاڵاكە داگیرا.

پرسی‌ هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان لە پارێزگای‌ كەركوك تاكو مانگی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 2017 پرسێكی‌ ئاسایی بوو بەڵام دوای‌ ئەوەی‌ د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری‌ ئەوكاتی‌ كەركوك بە پاڵپشتی‌ دەنگی‌ زۆرینەی‌ ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك لە 28ی‌ ئازاری‌ هەمان ساڵدا هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستانی‌ لەسەر دەمودەزگاكانی‌ دەوڵەت كردە بریار ئەمەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.

نوێنەری‌ عەرەب و توركمان لە پەرلەمانی‌ عێراق و ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك سكاڵایان لە دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق تۆماركرد بەڵام ئەو كات دادگای‌ فیدراڵی‌ رەتیكردەوە بریار لەسەر یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك بدات، دواتر  دادگای كارگێڕی لە بەغدا، لە 16ی‌ ئابی‌ 2017 بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی پارێزگاكە هەڵوەشاندەوە و داوایكرد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت دەست هەڵگرێت لەسەرپێچی‌ یاسا بەڵام رێبوار تاڵەبانی‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بریارەكەی‌ دادگای‌ كارگێری‌ بەغدادی‌ بە بریارێكی‌ سیاسی‌ ناوبرد و پێوەی‌ پابەند نەبوو.

محەمەد خزر ئەندامی‌ گردبونەوەی‌ عەرەبی‌ لە ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بە"نیقاش"ی‌ ووت "هەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان لە كەركوك نایاساییە بۆیە دەبوایە حزبە كوردییەكان پێشتر پابەندی‌ بریارەكەی‌ دادگای‌ كارگێری‌ بەغداد بن."

هەروەها وتیشی‌ :" داوا دەكەین ئەم دۆخەی‌ كەركوك بەو شێوەی‌ ئێستا بمێنێتەوە تا ئەو كاتەی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك ئەنجام دەدرێت."

دۆخی‌ كەركوك لەلایەن حزبە كوردستانیەكان بەستراوەتەوە بە گەرانەوەی‌ پارتی‌ بۆ كەركوك ، ئەوەش دوای‌ روداوەكانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەری‌ ساڵی‌ 2017 پارتی‌ لە پۆستە ئیداری‌ و ئەمنیەكانی‌ كەركوك كشایەوە و بارەگانیشی‌ ئێستا هێزە عێراقییەكان تێدا جێگیر بوونە.

فاتیح بەگ ، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە"نیقاش"ی ووت "پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاڵای كوردستان دەگەرێتەوە بۆ كەركوك هەر بۆیە تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی حزبی و حكومی پارتی نەگەراوەتەوە بۆ كەركوك".

وتیشی :" تا ئەو كاتەی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركوك وەك پێش 16ی‌ ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 نەشەكێتەوە بە بروای ئێمە كەركوك لەژێر حكومی سەربازی و تەعریبدایە."

بەپێی ئامارێكی كە لەسەرچاوەیەكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركوك گەرمیان دەستی "نیقاش" كەوتووە ئاشكرای دەكات لە كۆی 33 بەرپرسی باڵای ئیداری و بەرێوەبەری گشتی لە پشكی ئەو حزبە تەنها بەرێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك گەراوەتەوە، تەواوی پۆستەكانی تر بە وەكالەت لەلایەن بەرپرسانی‌ عەرەب و توركمان بەرێوەدەبرێت.

ترسی‌ كورد تەنیا لە هەڵنەكردنی‌ پرسی‌ ئاڵا نەوەستاوە بەڵكو كێشەی‌ موڵكداری‌ زەوییە كشتوكاڵییەكان و گەرانەوەی‌ عەرەبە هاوردەكان بۆ كەركوك بە (تەعریب) كردنەوەی‌ شارەكە ناودەبەن بۆیە یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ئامادەكاری‌ بۆ خۆپیشاندانێكی‌ سەرتاسەری‌ لە كەركوك دەكات بۆ ئەوەی‌ بریارەكانی‌ پارێزگاری‌ كەركوك بەوەكالەت رەتبكاتەوە.

هەرچەندە لەدواین بریاری‌ راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڕیاردرا بە گەڕانەوەی 81 خێزانی عەرەب بۆ گوندی شەناغە لە قەزای دبس بەمەبەستی‌ كاركردنیان لە زەوییە كشتوكاڵییەكان كە پێش شەری‌ داعش لە ساڵی‌ 2014 كاریان تێدا دەكرد، بەڵام دواتر بە بریاری‌ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بڕیارەكانی‌ پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی زەوییە كشتوكاڵەكانی پارێزگاكە راگرت ئەوەش بەگوێرەی نوسراوێك كە واژۆی فائق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقی لەسەرە، كە لەسەر بڕیاری سەرۆك كۆمار سەرجەم بڕیارەكانی پەیوەست بەنوێكردنەوەی گرێبەستی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوكی‌ راگرتووە.

وەك چۆن ساڵانی‌ رابردوو هێزە كوردییەكان باڵادەستی‌ خۆیان بەسەر پێكهاتەكانی‌ دیكەی‌ ناو كەركوكدا دەسەپاند، لەوە دەچێت ئێستاش هێزە عێراقییەكان تۆڵەی‌ ئەو رۆژگارە بكەنەوە، بابەتی‌ رێگە نەدانیش بەهەڵكردنی‌ ئاڵای‌ كوردستان، جارێكی‌ تر گرژییە نەتەوەییەكانی‌ لەو شارە بردە قۆناغێكی‌ تر.