مامەڵەیەكی ئەمریكی توركی
بڕیارەكەی ترامپ بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریكا لەكوێوە هاتووە؟

کوردستان

27/12/2018‌ 4092 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
بڕیارەكەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەسوریا بڕیارێكی لەناكاو نەبووە، چونكە لەماوەی ئەو چەند مانگەی پێشوودا، چەندەها جار ئەو نیازەی دووپاتكردووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە شێوازو ڕێبازی دەركردن‌و جێبەجێكردنی بڕیارەكەی تڕامپە بەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا. 

لەئێستادا تەنیا جەخت لەوە دەكرێتەوە، كە ‌ترامپ ڕاوێژی بەفەرمانگە پەیوەندیدارەكان نەكردووە لەئیدارەكەی، هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەكانیشی نەكردووە لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەمەش وادەكات بڵێین لێكدانەوەی سەرەكی بڕیارەكە پەیوەستە بەخودی كەسایەتی تڕامپەوە بە تێڕوانینی بۆ پرسەكان و بنەماكانی زەرەر و قازانج لەدۆسییەی سوریا و تۆڕی پەیوەندییەكانی واشنتۆن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پاڵنەرەكانی كشانەوە
دەكرێت ئاماژە بە دیارترین پاڵنەرەكانی بڕیارەكەی ترامپ بدەین بەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا لەم ساتەوەختەی ئێستادا:
سیاسەتی كەمكردنەوەی تێچوون و خەرجییەكان: ترامپ پێیوایە، كە سیاسەتی ئەمریكا لە سایەی سەرۆكایەتی ئەودا دەبێت لە سەرۆكەكانی پێش خۆی جیاواز بێت، كە لەسەر هەگبە و كەوڵی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ناوخۆ بایەخیان بە ڕۆڵی دەرەكی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوه، تڕەمپ شاسواری گۆرەپانی ئابوورییە بەو پێیەی بە پلەی یەكەم پیاوی كاره. لەوساوەی خۆی بۆ سەرۆكایەتی پاڵاوتووە، هێرشی كردۆتە سەر سیاسەتەكانی "جۆرج بۆشی باوك" سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا و پیی وابووە بۆشی باوك واشنتۆنی گیرۆدەی تێوەگلان كردووە لە هەردوو ووڵاتی عێراق و ئەفغانستان كە تێچوونەكەی 5 ترلیۆن دۆلار بووە و هیچ دەستكەوتێكی ڕاستەقینەی‌ بۆ ئەمریكا تێدا نەبووە و بۆتە هۆی زیادكردنی قەرزەكانی ئەمریكا. تڕمپ پێی وایە پێویستە ڕۆڵی دەرەكی واشنتۆن بەرتەسك بكرێتەوە كە تێچوونە ئابوورییەكەی زۆرە، نابێت ووڵاتەكەی بچێتە ناو هیچ جەنگێكی تازەوە یان پابەندبوونێكەوە كە ببێتە هۆی كەڵەكەبوونی زیاتری قەرزەكانی یان بارگرانییەكانی ئەمریكا.

بۆیە تڕامپ سێ و دووی لەوە نەكرد لە سەرجەم ڕێككەوتننامەكانی پێشوو بكشێتەوە كە ئۆباما واژۆی كردووبوون، چونكە پێی وابوو‌‌ لە بەرژەوەندی ئەمریكادا نین وەك ڕێككەوتننامەی كەشوهەوا، ‌ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بەڵگەش هەن لەسەر سەركەوتووی ئەم میتۆدەی تڕەمپ هەر وەك لە دۆسەی كۆریای باكوردا دەركەوت كە بە هۆی هەڕەشەكانی تڕەمپەوە ئەمریكا بێ چوونە ناو جەنگەوە سەركەوتوو بوو لە ملكەچپێكردنی پیۆنگ یانگ، ئەمەش دەستكەوتێكە و بۆ تڕمپ هەژمار دەكرێت، ئەم سەركەوتنە زیاتر دنەی "تڕەمپ" یدا  كە پلانەكانی ئیدارەی ئۆباما سەبارەت بە بوونی سەربازی ئەمریكا لە عێراق و ئەفغانستان سڕبكات.

سەبارەت بە دۆسییەی سوریاش پێشتر تڕەمپ ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئەمریكا 70 ملیار دۆلاری لە سوریا خەرج كردووه،‌ ئەو پێی وایە ئەمە‌ كارێكی بێزراوە و بە هاتنەدی ئامانجەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دەبێت بوەستێندرێت، ووتیشی كە ئامانجی هێزەكانیان لە سوریا بۆ بەزاندنی داعشە و پێشی وایە هاتۆتەدی، بۆیە پاساوێك نەماوەتەوە بۆ مانەوەی هێزەكانی لە سوریا.  

2.ئاراستەی دووبارە دابەشكردنەوەی هێزەكان: لە لایەكی دیكەوە بڕیارەكەی تڕەمپ بە كشانەوەی مەیدانی لە سوریا لەوانەیە پشتی بەوە بەستبێت كە هێزی ئەمریكا لە ووڵاتانی دەووروبەری سوریا هەن و بواری ئەوەی پێدەدەن هەر كاتێك پێوویست بێت دەستتێوەردان بكات، هێشتا هێزەكانی لە دەوڵەتانی وەك (توركیا، عێراق، قەتەر) هەن، ئەمە سەرباری ئەوەی واشنتۆن بژاردەی كاراكردنی هێزە ئاسمانییەكانی كەشتییەكانی كەشتیگەلی شەش هەیە كە لە دەریای ناوەڕاست جێگیر كراوە. 

3.كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكان: تێكڕای هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2017 لە سوریا 2000 سەربازن بەو پێیەی كۆڵۆنێل "رۆب مانینگ"  ی ووتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاندووە. هەندێك شڕۆڤەكاریش پێیان وایە بوونی ئەمریكا لە سوریا تەنها بۆ خۆگیڤكردنەوە بووە و  ئەركی شەڕكردنی ڕاستەقینەیان لەئەستۆدا نەبووه، بەڵكو بوونی چەند ڕاوێژكارێكی سەربازی ‌بەرەبەرە پەریسەندووە بۆ بوونی هێزی بچوكی بۆ پشتیوانی لۆجستی و مەعنەوی، ئەمەش كردەی كشانەوەی هێزەكانی ئاسانكردووە، سەرباری ئەمانەش، كەچی هێشتا هەندێك پرسیار خۆیان قوت دەكەنەوە سەبارەت بە چارەنووسی بنكەی تەنەفی ستراتیژی لەسەر سنوری نێوان عێراق و ئوردون. 

هەڵسەنگاندنی نەرێنی:
بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بە كێشانەوەی هێزەكانی لە سوریا باڵادەستی ئەقڵییەتی "پیاوی كار" دەردەخات بە تایبەتیش لەوەی پەیوەستە بە میكانیزمەكانی بڕیارسازی و ڕاوێژكردن لەناو بازنەی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان پەیوەست بە سوریاوە، بۆیە بڕیارەكە پێچەوانەی ئارەزووی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری بوو، جێگەی ڕەزامەندی گەورە پیاوە كاریگەرەكانی كۆنگرێسیش نەبوو، تڕەمپ زۆریش گوێی لە ناڕەزایی و ڕەخنەی دامەزراوەی سەربازی ئەمریكا و سەركردە مەیدانییەكانی نەبوو كە پەیوەندیدارن بە بڕیاری كشانەوەی هێزەكان لە سوریا، هەر ئەمەش پاڵنەری‌ "جیمس ماتیاس"  ی وەزیری بەرگری بوو لە دوای ڕۆژێك لە بڕیارەكەی تڕەمپ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات، ماتیاس دوای دانیشتنێكی فەرمی  لەگەڵ تڕەمپ و تاوتوێكردنی دۆخەكە لەگەڵ سەرۆك ناكۆك بوو ، ئەمەشی لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی خۆیدا بڵاوكردەووە ، ئەوان دیدگایان لەمەڕ پرسەكانی پەیوەندی واشنتۆن بە هاوپەیمانی ئەتڵەسییەوە لێكجیاواز بوو. لەمەشەوە "برێت ماكگۆڕك" ی نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵە‌تی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی پێشكەشكرد، چونكە مەكگۆڕك پێی وابوو بڕیارەكەی ترەمپ سەرشێتانەیە و ئەو ناتوانی نە بەرگری لێ بكات و نە جێبەجێشی بكات.

تڕامپ هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەكانیشی نەكرد لە سوریا، بۆیە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دڵەڕاوكێی خۆیان سەبارەت بەو بڕیارەی ئەمریكا دەربڕی، لەو سۆنگەیەشەوە ماكرۆنی سەرۆكی فەڕەنسا گوتی كە زۆر بەداخەوەیە بۆ دەرچوونی ئەو بڕیارە و چاوەڕی ئەوە لە هاوپەیمان دەكرێت كە جێگەی متمانە بێت و ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا بكات، ئەمە جگە لەوەی دەستخۆشی لە دەستلەكاركێشانەوەكەی "جیمس ماتیاس" ی وەزیری بەرگری كرد. 

سەوداو مامەڵەیەكی ئەمریكی- توركی
هەندێك لەشڕۆڤەكاران پێیان وایە جۆرێك لە سازان لە نێوان " ئەردۆگان و تڕەمپ"  دا هەیە، بە تایبەتیش‌ دوای دوا جریوەی ترەمپ لەسەر تویتەر كە نووسیبووی: "ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پێی ڕاگەیاندم ئەو داعشانە لەناو دەبات كە لە  سوریا ماون، ئەو پیاوێكە ئەو كارەی پێ دەكرێت". هەردوولاش نیازی ئەوەیان هەیە مەودای هاریكاری بازرگانی نێوانیان زۆر فراوانتر بكەن. دیارە كە ئەردۆگان ئەو هەلەی قۆزتۆتەوە بۆ بەرگریكردن لە بنەما جێگیرەكانی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا كە پەیوەستە بە دۆسیەی كوردەكانەوە بەوەی ئارەزوویان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی كوردی چ لە عێراق و چ لە سوریا لەبار بەرێت، بەو پێیەی ئەم كارە ڕەنگدانەوەی دەبێت بەسەر دۆخی كوردەكانی توركیاوە.

ئەم گریمانەیە پشتیوانی لەوە دەكات كە بڕیارەكەی تڕەمپ لەو ئان و ساتەدا بوو كە ئارەزووەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی كردەیەكی  سەربازی لە ڕۆژهەلاتی فوڕات لە هەڵكشاندا بوو بە مەبەستی لەناوبردنی جەنگاوەرانی پەیەدە بە درێژایی سنوری نێوان سوریا و توركیا.

ئەو بڕیارەی تڕەمپ مەترسی و توڕەیی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لێكەوتەووە كە زۆرینەی كوردن و هاوپەیمانی سەرەكی مەیدانی هێزە ئەمریكییەكانن لە سوریا، ئەوان پێێان وایە ئەم بڕیارەی تڕەمپ بە كشانەوەی هیزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا خەنجەرێكە و لە پشتیان دراوە، ناپاكییە بەرامبەر خوێنی هەزارەها شەهیدی هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل.

دەستخوشی ڕوسیا لە بڕیارەكە 
لەم ساڵانەی دوایدا ئاراستەی مۆسكۆ بەرەو خۆهاویشتنەناو تەنگژەی سوریا بە ڕوون و ئاشكرایی دەركەوت كاتێك هێزەكانیان پشتی هێزەكانی ئەسەدیان گرت لە سوریا، ئەمەش پاڵنەری‌"تڕەمپ" بوو كە خۆی لە پێكدادان لەگەڵ هێزەكانی ڕوسیا بپارێزێت بەهۆی ناكۆكییان لەسەر پرسی سوریا، چونكە مۆسكۆ شوینپێی خۆی لە سوریا قایمكرد و هەژموونی خۆی گەیاندە دەریایی سپی ناوەڕاست و بە ئاسانیش دەست لەو دەستكەوتانە هەڵناگرێت، ئەمەش وای لە تڕەمپ كرد پێی وابێت گرنگی ئەو ناوچەیەی بۆ ئەمریكا كەمبایەخە، بۆیە هەوڵیدا هێزەكانی خۆی تیادا كەم بكاتەوە و بەمەش تێچوون و خەرجییەكانیشی كەمدەبنەوە.  هەندێك شڕۆڤەكار پێیان وایە تڕەمپ لاری نییە لە گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ ئەو ناوچانەی ئەمریكییەكان جێی دێلن، لە هەمان كاتیشدا مۆسكۆ ناتوانێت لەو ناوچانە بڵاوبێتەوە كە پێشتر لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما هەماهەنگیان لەبارەوە كردووە لە سوریا، لە بەرژەوەندی"كرملین" دا نییە ئەو هەماهەنگكارییە پێشێل بكات و ناوچەكە تووشی ناهاوسەنگی هێز بكات.

بۆیە سرووشتییە ڕوسیا دەستخوشی لەو بڕیارە‌ی تڕەمپ بكات و پێشی وابێت ئاسۆیەكی تازە بۆ یەكلاییكردنەوەی سیاسی لە سوریا دێنێتە ئاراوە، پێشبینی ئەوەش دەكات ئەرێنیانە بشكێتەوە‌ بەسەر پێكهێنانی لیژنەی دەستوری سوریا و دۆخی ناوچەی تەنفی سنوری نێوان سوریا و ئوردون. مۆسكۆ پێشی وایە ئەمریكا گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی كە كۆششەكانی بۆ بەرهەڵستی پڕۆسەی ئەستانە (ڕوسیا، توریكا، ئێران) لە سوریا دژ بە خودی بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی.

هەندێكیش پێیان وایە پێشوازی روسیا لەو بڕیارە‌ی ئەمریكا لەوانەیە لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنێكی نێوان "ئەمریكا، ئێران، ڕوسیا، توركیا" دا بێت كە هاوكاتە لەگەڵ یەكلاییكردنەوەی تەنگژەی سیاسی سوریا بەو شێوەیەی كە لە ماوەی ئایندەدا نەخشەی هاوسەنگی هێزەكان لە ناوچەكە ڕێكخاتەوە.

بەپەلە