كۆمپانیا فڕۆكەوانییە توركی‌و ئەوروپییەكان سلێمانی دەخەنە لیستی گەشتەكانیان

کوردستان

14/01/2019‌ 1925 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمپانیا فڕۆكەوانییە توركی‌و چەند كۆمپانییەكی ئەوروپیش، ناوی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەخەنە لیستی گەشتەكانیان، ئەوەش دوای هەڵگیرانی گەمارۆی توركیا لەسەر ئەو فڕۆكەخانەیە.

كۆمپانیا توركی‌و ئەوروپییەكان لەرۆژی یەك شەممەوە، لەئەپلیكەیشنە تایبەتەكانیان ناوی گەشتی فڕۆكەخانەی سلێمانیان خستووەتە ناو لیستی گەشتەكانیان، كە ئەوەش ئاماژەیەكە بەئەنجامدانی گەشت لەتوركیاوە بۆ فڕۆكەخانەكە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كۆمپانیا توركییەكان، هەروەها كۆمپانیا ئەوروپییەكان لەساڵی 2017وەو دوای بڕیاری توركیا بۆ گەمارۆخستنە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، ناوی ئەو فڕۆكەخانەیان لەلیستی گەشتەكانیان دانەنا، بەڵام ئێستا بەدانانی ئاماژەی ئەوە دەدەن، خەڵكی دەتوانن بەفڕۆكەكانیان گەشت لەسلێمانییەوە بۆ توركیا، یان بەپێچەوانەوە بكەن.

رۆژی شەممەی رابردوو، دوای دەستوەردانی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەپرسەكە، حكومەتی توركیا بڕیاریدا ئەو گەمارۆیە هەڵبگرێت، كە لەساڵی 2017وە لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دایناوە.

هـ ـ ح