یەكێتی لەهاوكاریكردنی هاتنی هێزەكانی عێراق بۆ كەركوك "پەشیمانە"

عیراق

14/01/2019‌ 4956 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی بەپشتبەستن بەهەواڵێكی شیكاری ڕۆژنامەی "قودسی عەرەبی"  بڵاویكردەوە، سەرچاوەیەكی سەربازی لەهێزەكانی پێشمەرگە رایگەیاندووە، یەكێتی نیشتمانی لەهاوكاریكردنی سوپای عێراق‌و ڕێگەدان بەو هێزانە بۆ هاتنە ناو شاری كەركوك "پەشیمانە".

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كردووە، یەكێتی هەندێك بەڵێنی لەبەغدا پێدرا، كە لەدوای گەڕانەوەی هێزەكانی عێراق بۆ كەركوك دەسەڵاتی شارەكە دەدرێتەوە بەو حیزبە، بەڵام بەغدا ئەو بەڵێنەی نەبردووەتە سەرو نەك تەنیا دەسەڵاتی شارەكەی بۆ نەگەڕاندووەتەوە، دژایەتی یەكێتیشی كردووە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكەركوك.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، ئەو حیزبە لەئێستادا هەموو ئیمتیازو مافەكانی، كە پێش لە هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لەكەركووكدا هەیبووە لەدەستداوە و داوای لەبەغدا كردووە، وەفاداربێت بە بەڵێنەكانی، بەڵام بەغدا هەموو ڕێكەوتن و پەیماننامەكانی لەگەڵ یەكێتیدا خستووەتە ژێر پێ، كە ئێستا ناكۆكی قووڵ لەنێوان ئەو حیزبەو بەغدا بوونی هەیە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی وتووە، یەكێتی كاتێك متمانەی بە بەغدا كردو هێزەكانی لەدەوروبەری شاردا جێگیربوون، فەرمانی پاشەكشەیدا، زیانی لەبەرژەوەندییەكانی نەتەوەی كورد دا.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، حیزبی یەكێتی كۆنتڕۆڵی بەسەر كەركوكەوە لەدەستداوە و لەئەگەری گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەگەش ببۆ شارەكە پشتیوانی جارانی نەماوەو ناتوانێت دەسەڵات وەربگرێتەوە.

هـ ـ ح

بەپەلە