پەرلەمانتارانی فەرەنسا داوا لەماكرۆن دەكەن پشتگیری كوردان بكات

کوردستان

15/01/2019‌ 1061 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارانی فەرەنسا لەبەیاننامەیەك داوایان لەئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی وڵاتەكەیان كردووە پشتگیری كوردانی رۆژئاوای كوردستان بكات.

بەیاننامەی پەرلەمانتارەكانی فەرەنسا، لەنوێنەرانی هەموو حیزبەكانی ئەو وڵاتە لەپەرلەمان پێكهاتوون بەحیزبی دەسەڵاتیشەوە، كە بەواژووی خۆیان داواكەیان خستووەتە بەردەم ئیمانیۆل ماكرۆن.

هەروەها پەرلەمانتارەكان داواشیان كردووە، كە سەرۆكی فەرەنسا پشتگیرییەكانی بۆ هێزە كوردییەكان لەرووی سەربازییەوە لەرۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریا زیاتر بكات.

پەرلەمانتارەكان باسیان لەوەش كردووە، كە هێزە كوردییەكان، لەناوچەكانی باكووری سوریا بەتوندی شەڕی داعشیان كردووەو ناوچەیەكەیان لەهێرش‌و داگیركارییەكانی داعش پاراستووە.

پەرلەمانتارەكان جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، پشتیوانی فەرەنسا لە هێزە كوردییەكان، تەنیا ئەركێكی ئەخلاقی نییە، بەڵك لە قازانجی ئاسایشی خۆشیاندایە، كە پاریس نابێت لەم كات باشترین هاوپەیمان و هاوڕێكانی واز لێبێنێت.

پەرلەمانتارەكان هۆشداریشیان لەهێرشی سوپای توركیا بۆ سەر هێزە كوردییەكانداوەو رایانگەیاندووە، كە ئەگەر توركیا ئەو هێرشە ئەنجامبدات، ئەوە كاریگەری لەسەر ناوچەكە دەبێت‌و چەكدارانی داعش زیندوو دەبنەوە.

داواشیان كردووە، فەرەنسا ڕۆڵی خۆی لەڕێگەی داواكاریكردن لەئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی لەكوردەكانی سوریا و لەڕێگەی ڕاوێژو گفتگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی كوردەكانی ئەو ناوچە بگێڕێت.