وەزیری دارایی: بارزانی داوای لە عادل عەبدولمەهدی کردووە سێ مووچەى ساڵی ڕابردوو بنێرێت

کوردستان

15/01/2019‌ 2251 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێ، داوای لە عادل عەبدولمەهدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه‌ سێ مووچەى ساڵی 2018 بۆ هەرێم بنێرێت.

ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری ئه‌مڕۆ له‌میانی وتارێكدا له‌ كۆڕبه‌ندی ئابوری له‌ شاری سلێمانی رایگه‌یاند، نێچیرڤان بارزانی داوای له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی كردووه‌ مووچه‌ی سێ مانگی ساڵی 2018 ره‌وانه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سێ مووچه‌یه‌ی لێبدرێت كه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "لەکاتی ناردنی پارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئێمە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ بەردەوام دەبین لە پێدانی مووچەی ئەو سێ مانگە".

ساڵی رابردوو فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها نۆ مووچه‌یان پێدرا، كۆتایی ساڵی رابردووش رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی رایگه‌یاند، مووچه‌ی مانگه‌كانی 10، 11 و 12 له‌ ساڵی 2019 دا ده‌درێت و له‌ ئێستاشدا وه‌زاره‌ته‌كه‌ مووچه‌ی مانگی 10 دابه‌شده‌كات.

ه.م