كوردانی رۆژئاوا مەرجیان بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام هەیە

کوردستان

16/01/2019‌ 1672 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان سوریا بەمەرجی چاودێری ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بەدروستكردنی ناوچەی ئارام  ڕازی دەبن.

بەپێی قسەی بەدران چیاكورد، كە فەرماندەیەكی پلە باڵای كوردی ناو هێزەكانی سوریای دیموكراتە، كوردانی رۆژئاوا تەنیا لەژێر فورمان و چاودێری ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووكاندا، دروستكروونی ناوچەیەكی ئارام لەسنووری ناوچە كوردییەكاندا قبوڵدەكەن.

بەدران چیاكورد، بۆ ئاژانسی ئەسوشتێدپرێس رایگەیاند، توركیا لەدروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەباكووری سوریا ئامانجی هەیە، ئەوەش بۆ داگیركردنی ناوچە كوردنشینەكان.

بەدران ئاماژەی بەوەشكرد، كوردەكان دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام، كە ئامانج لێی هاتنی هێزەكانی توركیا بۆ ئەو ناوچانە بێت، قبوڵناكەن‌و رووبەڕووی دەبنەوە.

ئەو جەختیشی كردەوە، كە ئیدارەی خۆبەڕێوبەری كورد لەسوریا بەس ئەوكاتە (ناوچەی ئارام) لەسوریاقبوڵ دەكات كە لەژێر چاودێری و پشتیوانیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بێت‌و هێزە نێودەوڵەتییەكان چاودێرییان بەسەر ئەودا بێت.

ئەو هەڵوێستەش لەكاتێكدایە، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا دوو رۆژ پێش ئێستا داوای دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامی لەنێو ناوچە كوردییەكانی سوریا بۆ توركیا كردبوو، كە چاودێرانی سیاسیش ئەو بەداگیركاری ئەم ناوچانە بەهۆی توركیاوە بەناوێكی ترەوە دەزانن.