هۆشداری لەكڕینی جۆرێك خورما لەبازاڕەكانی سلێمانی دەدرێت

کوردستان

17/01/2019‌ 712 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی فەرمی قایمقامییەتی سلێمانی هۆشداری لەكڕینی جۆرێك خورمای لەبازاڕەكانی شارەكە داوە، بەوەی ئەو خورمایە كرماوییە.

بەپێی پێگەكە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی لەعەلوەی شارەكەدا دەستیان بەسەر زیاتر لەسێ تۆن خورمای كرماوی‌و ماوە بەسەرچودا گرتووە، كە ‌فرۆشیاری ئەو خورمایە بە دەستكاریكردنی بەروار و لێبڵەكانی، ویستوویەتی لەنێو بازاڕەكانی سنوورەكەدا بیانفرۆشێتەوە و ساخیان بكاتەوە.

هەر بەپێی پێگەكە، خورما دەست بەسەرگیراوەكە لە جۆرەكانی (دجلە و الامیر)ەو، بڕی سێ تۆن و 300 كیلۆگرام بووە، كە خاوەنەكەی بەنیازی ساخكردنەوەی بوون.

هەروەها بەپێی رێنمایەكانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، پێویستە كاڵاوشمەكەكان لێبڵی بەسەرەوە بێت و تەواوی زانیارییەكانی تێدا خرابێتە روو، دەستكاری كردنی لێبڵ، یاخو شاردنەوە و شێواندنی زانیاری، بەفێڵێ بازرگانی هەژمار دەكرێت‌و سزای پێویست لەلایەن بكەرانییەوە دەدرێت.