كشانەوەی ئەمەریكا لەسوریا بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی واشنتۆن دەخاتە مەترسییەوە

کوردستان

19/01/2019‌ 1008 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ژمارەیەك لە شارەزایان، كشانەوەی ئەمەریكا لەسوریا زۆر لەبەرژەوەندییە ئاسایشییەكانی نیشتمانییەكانی ئەو وڵاتە بخاتە مەترسییەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا.

مارك كاتز پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان لەزانكۆی جۆرج مەیسن لەڤێرجینیا و شارەزای كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕوسیا دەڵێت: "پێم وابێت كێشەكە ئەوەیە لەكاتێكدا بەشداریكردنمان شتەكان باشتر نەكەن، بەشداری نەكردنیشمان باشتریان ناكەن."

دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بە بڕیارەكەی مانگی 12ی بۆ كشانەوەی نزیكەی 2 هەزار سەربازی ئەمەریكا لەسوریا هاوپەیمانان و ڕاوێژكارانی توشی سەرسوڕمان كرد، كە بیانووی بۆ كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سوریا ئەوەیە، داعش شكستیهێناوە، یان هەر هیچ نەبێت هیچ ناوچەیەكی گەورەی سوریا و عێراق لە ژێردەستدا نەماوە، هەرچەندە ڕۆژی چوارشەممە لەهێرشێكی كوشندەی داعشدا لەسوریا چوار ئەمەریكی كوژران، دوو سەرباز و دوو سیڤیلی، كە كاریان بۆ وەزارەتی بەرگری دەكرد برینداربوون، كە ئەم هێرشەش ئەوەی نیشان دا كە گروپی داعش هێشتا چالاكە لە ناوچەكەدا.

مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ڕۆژی چوارشەممە دووپاتیكردەوە، كە كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا مانای ئەوە نییە ئەمەریكا چیتر پەیوەندی نابێت بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

پێنس لەوتارێكیدا بۆ دیپلۆماتان لە وەزارەتی دەرەوە راشیگەیاند "ئێمە بەرگری لەو دەستكەوتانە دەكەین، كە سەربازەكانمان و هاوپەیمانەكانمان بەدەستیان هێناوە، بەڵام ئەو سەرۆكە هەمیشە باسی لە خواستی خۆی بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕە بێ كۆتاییەكانی ئەمەریكا كردووە."

ڕەخنەگران نیگەرانی ئەوەیان هەیە بڕیاری بەجێهێشتنی سوریا خاڵە گرنگەكانی ستراتیژی ئەمەریكا بنكۆڵ دەكات بۆ ڕێگەگرن لەهەڕەشەی تیرۆرزم لە ناو وڵات، بۆ ڕێگەگرتن لەفراوانبوونی دەسەڵاتی لەشكری ئێران لە ناوچەكە و بۆ بەرگریكردن لە ئیسرائیلی هاوپەیمانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

هێرشەكەی داعش ئەوە نیشان دەدات، كە هێشتا چەكدارانی ئەو گروپە هەڕەشەن بۆ سەر سوریا. بەبێ بوونی لەشكری ئەمەریكا لەوێ نیگەرانییەكی زۆر هەیە، كە توندڕەوە ئیسلامییەكان خۆیان ڕێكبخەنەوە و هێرشە تیرۆرستییەكانیان بگوازنەوە بۆ ناو ئەوروپا و ئەمەریكا.

سیناتۆری بەناوبانگی كۆماری لێندزی گراهم لەوەڵامی هێرشەكەی ڕۆژی چوارشەممەدا وتی: "نیگەرانی من لە ڕاگەیاندنەكانی ترامپ ئەمەیە، كە هەستی هاندانی لای ئەو دوژمنە دروستكردووە كە شەڕیان دەكەین."

لەهەمانكاتدا ژمارەیەكی زۆر لە شارەزایانی بواری ئاسایشی پێیانوایە وابەستەیی سنوورداری ئەمەریكا لەسوریا هەوڵەكان بۆ بە تەواوەتی لەناوبردنی یاخیبوان لەناو دانیشتوانی سیڤیلدا بنكۆڵ دەكات.

ئارۆن دەیڤد میلەر بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوەندی ویدرۆ وێڵسن لەواشنتۆن دەڵێت: "بۆ ئەوەی بە تەواوەتی داعش لە ناو ببەیت پێویستت بە سوریایەكی نوێ هەیە و ئەمەش لە توانایی ئێمە بەدەرە، ئێمە 200 ملیار دۆلار تەرخان ناكەین بۆ بونیاتنانەوەی سوریا و بێ گومان ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بە هیچ شێوەیەك ئەم كارە ناكات."

بەرهەڵستانی ئەمەریكا لە سوریا، ڕوسیا و ئێران و تەنانەت توركیای هاوپەیمانی ئەمەریكاش لەهەوڵە لەشكرییەكانیان لە سوریا بەردەوام دەبن، كە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا و هاوپەیمانەكانیشی بە ئازادانە بەردەوام دەبن لە سەركوتكردنی دڕندانەی ئۆپزسیۆنی میانەڕەو، توركیاش ڕەنگە ڕووبەڕووی شەڕڤانە كوردەكانی سوریا ببێتەوە كە پێی وایە هەوڵی بە دەستهێنانی دەوڵەتی كوردی دەدەن.

ترامپ لە تویتێكدا هەڕەشەی كرد كە ئابوری توركیا وێران دەكرێت ئەگەر هێرش بكاتە سەر كوردەكان، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ترامپ كەوتە ژێر ڕەخنەیەكی زۆر بۆ بەجێهێشتنی هاوپەیمانانی ئەمەریكا لە سوریا. 

وەزیری پێشووی بەرگری جیم ماتس لەسەر ئەو بڕیارە دەستیلەكاركێشایەوە و لە نامەیەكدا بۆ سەرۆك ترامپ ڕایگەیاند "پلەو پایەی ئەمەریكا لە جیهاندا بە هێشتنەوەی هاوپەیمانانی و بەڵێنەكانی دەمێنێتەوە".

ماتس لە نامەكەدا نوسیبووی "ئێمە ناتوانین بەرژەوەندییەكانمان بپارێزێن و ئەو ڕۆڵە كاریگەرە بگێڕین بەبێ هێشتنەوەی هاوپەیمانانمان و نیشاندانی ڕێز بۆ ئەوانەی هاوپەیمانمانن."

كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورەش بۆ سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمەریكا بە زیادبوونی كاریگەری ئێران و گروپە چەكدارییەكانی سەر بە ئێران لە ناوچەكەدا، كە هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل.