لە خانەقین تەرمی ژن و پیاوێک بە کوژراوی دۆزرانەوە

کوردستان

20/01/2019‌ 2714 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن كەریم 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 20 / 1 / 2019 لەنزیک گوندی مێخاسی خانەقین شوانێکی کورد هێزەکانی پۆلیسی ئەو شارەی ئاگادارکردەوە كە تەرمی ژن و پیاوێک بە کوژراوی لەنزیک گوندەکەیان فڕێ دراون.

هەر دوای بڵاو بونەوەی هەواڵەکە داعش بەرپرسیارێتی کردەوەکەی لە ئەستۆ گرتوو، ووتیان دوو هاوڵاتی کوردمان بەسزای( اللە ) گەیاند.

دیار شەوكەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین  بەشارپرێسی راگەیاند: پاش ئەوەی شوانێکی خەڵکی گوندەکە ئاگاداری کردینەوە دەستبەجێ هێزەکانمان گەشتنە شوێنی ڕووداوەکەو دوای لێکۆڵینەوەکانمان ناسنامەکانیان ئاشکرا بوو.
ژن و پیاوەکە هاوسەری یەکن و دانیشتووی گەڕەکی مەلەکشای سەر بە شاری خانەقین بوون لە ترسی هەرەشەکانی داعش چوونەتە گوندی مێخاس، پیاوەکە تەمەنی 50 ساڵەو ناوی ( عمر حمید درویش )ە و هاوژینەکەیشی ( مهاباد محمود حسن ) تەمەن 41 ساڵە.

هەروەها بەڕێوەبەرەکەی پۆلیس وتیشی: دوای بەدواداچونەکانمان بۆمان دەرکەوت کە گرووپی تیرۆریستی داعش کردەوەکەی ئەنجامداوە، وە ئاسەواری چەندین فیشەک بە جەستەیانەوە دیار بووە.

پەیامنێرمان لەزاری پیاوێکی کاکەیی بەناوی ( فلک فتاح وسو )  کە دیار بوو زۆر بەداخ بوو بۆ کارەساتەکە وتی: "کاک عمر دراوسێمان بوو لە گەرەکی مەلەکشا چەند مانگێک لەمەوپێش هێزەکانی داعش پەلاماری  گەڕەکی ئێمەیاندا بە بیانوی فرۆشتنی ماددە کحولییەکان و کاکەیی بوونمان ، کاک عمریش پیاوێکی مەرد و خاوەن وەفا بووە  بەرگری لە ئێمە و ماڵی خۆی کردوو لەگەڵمان ڕووبەڕووی داعشەکان بوویەوە ، لەئەنجامی شەڕێکدا یەکێک لە  داعشەکانی کوشت.
"فلک" سمێڵێکی درێژی هەیە و  لە پەنجاکانی تەمەنیدایە بەچاوی پڕ فرمێسکەوە دەشڵێت هەر بە هۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش و تۆڵەکردنەوەیان کاک عمر بەناچاری تەنیا کوڕێکی هەبوو بەناوی ( محەمەد ) لە ڕێگەی قاچاخچییەوە ناردی بۆ تورکیا تا لە دەستی داعشەکان پارێزراو بێت، بەڵام بەداخەوە زۆر دڕندانەو دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی لەگەڵ مهابادی هاوسەری  شەهیدکران و بوونە هێمای شەرەف و بەرگری کاکەییەکان.
شایانی باسە گوندی مێخاس، دەکەوێتە باکووری قەزای خانەقین  لە پارێزگای دیالە، زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردی کاکەیین.
 
لەلایەکی دیکەوە رائید جەلیل فایەق، فەرماندەی فەوجی دووی لیوای سێی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری قەزای خانەقین بە سایتی ( شار پرێس )ی ڕاگەیاند :" شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە باشووری ناحیەی گوڵاڵە هێرشیانکردە سەر سەربازگەی کوبرای سوپای عێراق لە باشووری ناحیەکە، بەهۆیەوە سەربازێک کوژراو و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون.