جامى ئوسترالیاى کراوە.. نادال سەرکەوت بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی

وەرزش

20/01/2019‌ 486 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە جامى ئوسترالیاى کراوە، رافایل نادال لە تۆماس بێردیچى بردەوە و سەرکەوتنى بۆ قۆناغى چارەکى کۆتایى بەدەستهێنا.


ئەمڕۆ یەک‌شەممە لە قۆناغى چوارەمى جامى ئوسترالیاى کراوە بۆ تێنسى سەر زەوى، کە لە شارى مێلبۆرن بەڕێوەدەچێت، رافایل نادالى ئیسپانى بەرامبەر تۆماس بێردیچى چیکى یاریکرد.


نادالى خاوەنى پلەى دووەمى ریزبەندى باشترین یاریزانانى تێنسى جیهان، بە سێ کۆمەڵەى بێ بەرامبەر یارییەکەى بردەوە و ئەنجامى کۆمەڵەکانیش شەش بە سفر و شەش بە یەک و حەوت بە شەش گێم بوو.


بەم ئەنجامە، نادالى ٣٢ ساڵ، شانبەشانى فرانسیس تیافۆنى ئەمریکى سەرکەوتنى بۆ قۆناغى چارەکى کۆتایى پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێنا، کە ئەویش لە هەمان قۆناغدا و بە سێ کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک لە گریگۆر دیمیترۆڤى بۆلگارى بردەوە.


هـ ـ ر