لە هه‌فته‌یەکدا 170 کۆچبەری نایاسایی بێسه‌روشوێن بوون

جیهان

20/01/2019‌ 790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمیسیۆنی باڵا بۆ کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند،  لە ھەفتەی رابردوودا و لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی دوو بەلەم لە دەریای ناوەڕاستدا 170 کۆچبەری نایاسایی خنکاون و بێ سەروشوێنبوون.

كۆمیسیۆنی باڵا بۆ کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا رایگه‌یاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەستکەوتوون لە میانی ھەفتەی رابردوودا، بەلەمێک کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی ھەڵگرتبوو لە دەریای بوران لە نێوان ئیسپانیا و مەغریب ژێرئاوکەوتووە و بە ھۆیەوە 53 کەس خنکاون.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ھێزی دەریاوانی ئیتاڵیا ئاشکرایکردووە لە میانی ھەفتەی رابردوودا، بەڵەمێکی دیکە کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی ھەڵگرتبوو لە دەریای ناوەڕاستدا ژێرئاوکەوتووە و لە ئەنجامدا، 117 کەس خنکاون و سێ کۆچبەریش رزگارکراون.

لای خۆیەوە فیلیپۆ گراندی، کۆمسیاری کاروباری کۆچبەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ژێرئاوکەوتنی ئەو دوو بەمەلەی بە کارەساتێکی دڵتەزێن بۆ کۆچبەرانی نایاسایی لەقەڵەمداوە و رایگەیاند ئەمە کارەساتێکی دڵتەزینە بۆ کۆچبەرانی نایاسایی کە لە میانی ئەمساڵدا رووبدات.

فیلیپۆ گراندی رایگه‌یاند، "ناتوانین لەوە زیاتر چاوپۆشی لەو ژمارە زۆرە لە کۆچبەرانی نایاسایی بکەین کە لە دەریای ناوەڕاست دەبنە قوربانی، گرنگە لەمەودا ھەوڵەکان زیاتر چڕبکرێنەوە لە پێناو رزگارکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست".

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی ساڵی 2018دا، دوو ھەزارو 2 62کۆچبەری نایاسایی لە میانی ھەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاستدا، خنکاون.
ه.م