ئیسرائیل لەسوریا دەچێتە شەڕێكی كراوە لەگەڵ ئێران

جیهان

22/01/2019‌ 1500 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیسرائیل ستراتیژێكی لەسوریا هەیە، كە ماوەیەكە كاری بۆ دەكات، ئەویش رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئێران لەو وڵاتە.

ئیسرائیل بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژەكەی ناوە ناوە هێرشی كردووەتە سەر ئامانجەكانی ئێران لەسوریا، بەڵام هێرشەكان كاریگەری ئەوتۆی نەبووەو تارانیش لەبایەخی ئەو هێرشانەی كەمكردووەتەوە.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، رۆژی دوو شەممە ئیسرائیل لەرێگەی فڕۆكە جەنگییەكانی بۆردومانی چەند ناوچەیەكی باشووری دیمەشقكی كرد، كە چەند بارەگایەكی سوپای قودسی ئێرانی لێبوو.

بەپێی سەرچاوەكان، بۆردومانەكە زۆر كاریگەر بووەو زۆربەی بارەگانی ئەو سوپایەی ئێرانی وێران كردووە، بەوەش چووەتە شەرێكی كراوە لەگەڵ تاران، كە رەنگە لەداهاتوو كاریگەرییەكی زیاتر دەربكەوێت.

هاوكات رۆژنامەی " The Jerusalem Post "ی ئیسرائیلی لەوەزی گواستنەوەو هەواڵگیری وڵاتەكەی ئیسرائیل كاتس بڵاویكردووەتەوە، كە تەلئەبیب لەگەڵ تاران لەسوریا چووەتە شەڕێكی كراوە.

ئیسرائیل كاتس راشیگەیاندووە، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی ئێران لەو چوارچێوەیەداو لەهەر شوێنێك بیەوێت رووبەڕووی بەرژەوەندییەكانی ئێران دەبێتەوە.

هـ ـ ح