عادل عەبدولمەعدی بەڵێنی جێبەجێكردنی ماددەكانی یاسای بودجە دەدات

عیراق

24/01/2019‌ 2532 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانی عێراق دوای ململانێیەكی زۆر بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2019 پەسەندكردو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیشی عێراقیش بەڵێنی جێبەجێكردنی مادەكانی دەدات.

پەرلەمانی عێراق درەنگانێكی شەوی رابردوو پرۆژەیاساكەی تێپەڕاندو پەسەندی كرد، كە ماوەیەكە گفتوگۆی زۆر لەنێوان لایەنەكان لەسەر ناوەڕۆكەكەی هەیە، كە لەو بارەوە عادل عەبدولمەهدی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.

عادل عەبدولمەهدی سەرەڕای بەڵێندا بۆ جێبەجێكردنی ماددەكانی یاساكە، رایگەیاندووە، دەسەڵاتی یاسادانان ، هەوڵێكی زۆریدا، پرۆژەكەی كردە یاساو ئەوەش جێگەی دەستخۆشییە.

بەپێی ناوەڕۆكی پرۆژەیاسای بودجە، عێراق رۆژانە دەبێت 3.88 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بكات، كە رێژەكەی لەچاو ساڵی رابردوو بەرزتركراوەتەوەو هەر بەرمیلێك نەوتیش بە 56 دۆلار ئەژماركراوە، كە ساڵی 2018 هەر بەرمیلێك بە 46 دۆلار ئەژماركرابوو.

هەر بەپێی پرۆژەكە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 ، 133 تریلیۆن دینار (112 ملیار دۆلار) دینار دەبێت‌و تێدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان‌و هێزی پێشمەرگە بە 500 ملیار دیناری مانگانە دیاریكراوە.

لەبەرانبەر ئەوەدا، دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات‌و داهاتەكەی رادەستی بەغدا بكات، كە ئەمە نەبەسراوە بە ناردنی موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگەی هەرێم.

هــ ـ ح