حكومەتی هەرێم پاشەكەوتی موچە هەڵدەگرێت؟

عیراق

30/01/2019‌ 6488 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
راپۆرتی: سیڤان ئازاد

 ئەو پاشەكەوتی موچە، چەند ساڵێكە حكومەتی هەرێم لەموچەی فەرمانبەران دەیكات، چارەنووسەكەی كەوتووەتە دەست دوو كەس، كە دیارنییە كامیان بڕیاری لەبارەوە دەدەن.

حكومەتی هەرێم، لەساڵی 2014وە و بەبیانووی قەیرانی دارایی پاشەكەوت لەموچەی مانگانەی فەرمانبەران دەكات، كە ئەوە بارقورسییەكی زۆری لەسەر فەرمانبەران دروست كردووەو رۆژانە دەمی هەر فەرمانبەرێك بكەیتەوە، ئەو پرسیارە دەكات، كێ‌‌و كەی پاشەكەوتی موچەی لادەبات.

كابینەی هەشتەم بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، كە ئێستا كاتی تەوابوونی كابینەكەی نزیكبووەتەوە، بڕیاری پاشەكەوتی موچەی بەسەر فەرمانبەران سەپاند، دیانییە دەتوانێت لەو ماوەی كەمەی ماویەتی، بڕیاری لابردنی پاشەكەوتی موچە دەدات، یان نا.

ئەمە لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی بۆ ساڵی 2019 پەسەندكردو بەپێی رۆژەكەش پشكی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، كە بەقسەی پەرلەمانتاران، هەولێر دەتوانێت بەو بڕە پارەی لەبەغداوە بۆی دێت، چارەسەری كێشەی موچەی پێبكات‌و پاشەكەوتی پێهەڵبگرێت.

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتار لەپەرلەمانی كوردستان، كە ئاگاداری داهات‌و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە لەو بارەوە دەڵێت: بەدڵنیایی حكومەتی هەرێم دەتوانێت كێشەی پاشەكەوتی موچە چارەسەر بكات، كە ئەگەر 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، 10 ترلیۆن‌و 599 ملیار دینار لەبودجە بۆ هەرێم دیاریكراوە.

عەلی حەمەساڵح بۆ شارپرێس دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەش 180 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوەو دەتوانێت لەو رێگەیەوە پرۆژەی پێجێبەجێبكات، كە ئەوەش هەنگاوێكی باشە بۆ بووژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت لەدواین لێدوانی لەبارەی پاشەكەوتی موچەو دیاریكردنی پشكی هەرێم لەبودجەی عێراقی رایگەیاند، كە ئەوان لەگەڵ بەغدا هەنگاوێكی باشیان بڕیوە بۆ چارەسەری كێشە داراییەكان، ئەوەش یەكێك لەهەنگاوەكانی تر.

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، ئەوان ماوەیەكی زۆرە هەوڵی لابردنی پاشەكەوتی موچە دەدەن‌و بۆ ئەوەش پشتیان بەو داهاتە بەستووە، كە مانگانە دەستیان دەكەوێت‌و دڵنیاییدا، كە ئەگەر داهاتەكە زیاد بێت، ئەوانیش بیر لەرێگەیەك دەكەنەوە بۆ هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە.

یەكێك لەو گرفتانەی لەبەردەم هەرێمە، بۆ ئەوەی پاشەكەوتی موچە هەڵنەگرێت، نەهاتنی پشكی هەولێر لەلایەن بەغداوە، كە بەدرێژایی چوار ساڵی رابردوو، بیانووی حكومەت ئەوە بووە، عێراق بەشە بودجەكەی نانێرێت‌و بەو هۆیەشەوە ناتوانن پاشەكەوتی موچە هەڵبگرن.

لەو بارەوە عەلی حەمەساڵح دەڵێت: بەدڵنیاییەوە ئەگەر پارە لەبەغدادەوە نەیەت ھەرێمی كوردوستان تووشی قەیرانێكی قووڵی دارایی دەبێت‌و بە بەردەوامی دەبێت حكومەت پاشەكەوت بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەتوانن بەو داهاتەی دەست هەولێر دەكەوێت، كێشە داراییەكان پێچارەسەر بكەن.

ساڵی 2013، كاتێك نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، دوای ئەوەی لەگەڵ هەولێر نەگەیشتنە رێككەوتن، لەسەر بودجەو هەناردەی نەوت، بەغدا بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی داوەو لەساڵی 2014وە بودجە نەنێراوە.

ئەوكات نوری مالیكی بۆ ناردنی پشكی هەرێم داوای داهاتی 120 هەزار بەرمیل نەوتی لەهەولێر دەكرد، بەڵام بەرپرسانی هەرێم رەتیانكردەوە، ئەو داهاتە رادەستی بەغدا بكەن‌و رایانگەیاند، كە خۆیان بەشێوەی سەربەخۆ نەوت هەناردە دەكەن، كە ئەوە سەرەتای  كێشەی نێوانیان بوو.

لەوای چەند ساڵێك لەبەردەوامی ئەو كێشانە ساڵی رابردوو بەغداو هەولێر رێككەوتن لەسەر ئەوەی عێراق مانگانە بڕی 317 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات‌و هەولێریش بەو داهاتەی لەفرۆشتنی نەوت دەستی دەكەوێت، كە نزیكەی سێ سەد ملیار دینارە، موچەی فەرمانبەرانی لێبدات.

ئەو رێككەوتنە سەرەتایەك بوو بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداو لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەش پرۆژەیاسای بودجە دارێژراو ئێستا ئەوە ماوە هەولێر رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات‌و بەغداش پشكەكەی بنێرێت.

ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی عێراق گفتوگۆی هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكان بە باش دەزانێت‌و بۆ شارپرێس دەڵێت: هەرێم بەو داهاتەی لەفرۆشتنی نەوت دەستی دەكەوێت‌و بەو پارەشی لەبەغداوە بۆی دێت دەتوانێت كێشە دارایییەكانی چارەسەر بكات.

ئەحمەد حاجی رەشید دەشڵێت: لەناو یاسای بودجەی عێراق، موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگەی هەرێم جێگیركراوە، كە 454 ملیار دینارە، ئەمە جگە لەجێگیركردنی 68 ملیاری تر بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، بە تێكرا دەكاتە 522 ملیار دینار، كە پێشتر ھەرێم ڕایگەیاندبوو پێویستیان بە 860 ملیار دینارە بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران بدەن بەبێ‌ پاشەكەوت، كە ئەگەر هەرێم جاهاتی 250 هەزارەكە بنێرێت لەو پارە زیاتری لەبەغدا دەست دەكەوێت‌و بەشی موچەو پرۆژەكانیش دەكات.

شارپرێس لەبەدواداچوونێك ئەوەی بۆ دەركەوتووە، كە پرسی لابردنی پاشەكەوتی موچە بووەتە مژارێكی گەرمی ناو ئەنجوومەنی وەزیران‌و ئەو لایەنانەشی، كە ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتی پارتی دیموكرات، كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە.

بەپێی زانیارییەكان لەچوارچێوەی گفتوگۆكانی تایبەت بەو پرسە، چەند سیناریۆیەك خراوەتەڕوو، كە یەكێك لەسیناریۆكان ئەوەیە، لەگەڵ دەسپێكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بۆ خولی پێنجەم پرۆژەیاسای چاكسازی پەسەند بكرێت، كە بەوە داهاتێكی باش بۆ حكومەت دەگەڕێتەوەو بەوەش دەتوانێت پاشەكەوتی موچە لابەرێت.

سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە، كە كابینەكەی نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری بیرۆكی هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە بێت‌و كابینەی داهاتوو، كە بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی پێكدێت، بەچەند پرۆژەیاسایەك، لەرێگەی پەرلەمانەوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.

لەهەردوو سیناریۆكەدا، پەرلەمانی كوردستان رۆڵی سەرەكی دەبێت، لەیەكلاكردنەوەی نەهێشتنی پاشەكەوتی موچە، لەو بارەوە شێركۆ جەودەت، پەرلەمانتاری كوردستان بۆ شارپرێس دەڵێت: بێ‌ گومان پەرلەمان رۆڵی هەیەو دەبێت لەرێگەی یاساوە چارەسەری ئەو كێشەیە بكات.

شێركۆ جەودەت دەشڵێت: ئێمە لەفراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ دەستبەكاربوونی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ خولی نوێی‌و دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان یەكەم كارمان ئەوە دەبێت كێشەی پاشەكەوتی موچە چارەسەر بكەین.