ئەنقەرە دژی پەكەكە بەكاریدەهێنێت
ڕێككەوتنێكی سەربازی نێوان سەدام حوسێن‌و توركیا لەعێراق بەردەوامی هەیە

عیراق

01/02/2019‌ 1779 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
توركیا گەڕاوەتەوە سەر ڕیككەوتننامەیەكی كۆن، ‌كە لەگەڵ سەدام حوسێن واژووی كردووە، ڕێككەوتننامەكەش ڕێگە بەوە دەدات ئەنقەرە بەپاساوی ڕاوەدونانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە‌، لەڕێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە بێتە ناو خاكی عێراقەوە، بەو هۆیەشەوە مانگانە دەیەها هاووڵاتی عێراقی بوونە قوربانی دەستتێوەردانەكانی، كە بەم دوایانە ئەو كار و كردەوانەی ئەنقەرە توڕەیی جەماوەر لێكەوتەوە.

دانیشتوانی پارێزگای دهۆك لە دەستپێكی هەفتەی رابردوو، بە هەڵكوتانە سەر یەكێك لەبارەگاكانی سوپای توركیا كاردانەوەیان نواند، ئەمەش لەبەرانبەر  دەستدرێژییەكانی سوپای توركیا، كە ساڵانێكە بەردەوام بۆمبارانی گوندەكانیان دەكات.

كیفاح مەحمود شارەزا لەكاروباری  "كورد – عێراق" ، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ پەیامنێری "سپوتینگ" لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم دوایەی شیلادزێ و بۆمبارانی بەردەوامی و توركیا و ئاڵۆزبوونی تەنگژەكەوە وتی:  "پێم وایە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات ، بە تایبەتیش لە دوای ڕووداوەكانی شیلادزێ، بەرئەنجامی كۆمەڵێك گرێكوێرەی ساڵانێكی دوور و درێژە، لەو كاتەوە سەریان هەڵداوە، كە پارتی كرێكارانی كوردستان هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە و بنكە و بارەگایان تێدا داناوە و لەوێشەوە دەستیان كردووە بە ئەنجامدانی كردەی سەربازی دژ بە توركیا، ئەمەش‌ پاڵی بە توركیاوە ناوە پەنا بەرێتە بەر بەكارهێنانی هێز، بە تایبەتیش كە ئەنقەرە پێشووتر لەگەڵ ڕژێمەكەی سەدام حوسێن ڕێككەوتننامەیەكی مۆركراویان هەبووە كە ڕێگەیان پێ دەدات بۆ لێدانی پەكەكە چەند كیلۆمەترێك بێنە ناو خاكی عێراقەوە".

كیفاح مەحمود دووپاتی ئەوەی كردووە، كە بەكارهینانی هێز و بۆمبارانی ئاسمانی سوپای توركیا لە ململانێی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا، هەمیشە قوربانییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بوون، واتە هاووڵاتی عێراقی بوون. 

ناوبراو وتیشی: توركەكان بە فەرمی پشت بەو ڕێككەوتنە فەرمییەی پێشوو دەبەستن، كە لەگەڵ سەدام حوسێن سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراق واژوویان كردووە و مافی سنوربەزاندنیووشكانی و ئاسمانی خاكی عێراقی بۆ چەند كیلۆمەترێك پێداون، بۆ ڕاوەدوونانی گەرێلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان. 

هەروەها وتی: حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ تائێستا سەركەوتوو نەبووە لەهەڵوەشاندنەوەی، یان هەمواركردنەوەی ئەو ڕێككەوتننامەیە، حكومەتی عێراق بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە، بەلایەنی كەمەوە نەیانتوانیوە پارتی كرێكارانی كوردستان بەوە ڕازی بكەن، كە لە خاكی عێراقەوە كردەی سەربازی دژ بە توركیا ئەنجام نەدەن و وەك پەنابەرێك لەعێراق بمێننەوە، ئەوانیش لە خاكی عێراقەوە هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی توركیا، ئەمەش پێچەوانەی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانە كە ڕێگە بە كارێكی لەو جۆرە نادەن. 

ئەو شارەزا و شڕۆڤەكارە سیاسییە جەختیشی لەوەش كردەوە، كە ئەوان‌ زۆر پێویستیان بەوەیە لەو بارەوە گفتوگۆی چڕوپڕ لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە و هەولێر دەست پێبكات، نەخشە ڕێگەیەكیش دابنێن بۆ كۆتاییهێنان بەو كردە سەربازیانەی مانگانە دەیەها هاووڵاتی لە كوژراو و بریندار دەكەنە قوربانی، ئەمە جگە لە هەڕەشەو مەترسییەكانی بۆسەر دەیەها گوند و ڕەز و باخی هاووڵاتیان.

سوپای توركیا بەبیانووی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لەچەند ناوچەیەكی عێراق بنكەی سەربازی دروستكردووەو ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروستكردووە، بەم دوایانەش پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو پرسە هاتووەتە سەر هێڵ.

سەلیم حەمزە ساڵحی پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی  شەممە ، مكوڕی هێزە كوردستانییەكانی ناو پەرلەمانی عێراقی دووپات كردەووە، كە پەنا دەبەنە بەر سەرۆكی پەرلەمان بۆ دەمكوتكردنی ئەو دەوڵەتانەی سەروەری عێراق پێشیل دەكەن.

ناوبراو ، كە ئەندامێكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانە لە لێداونیكی بۆ "سپۆتنیگ" سەبارەت بە ڕووداوەكەی شیلادزێ و خۆپێشاندانی خەڵكانی سڤیل ڕوونیكردەوە و وتی: "بێگومان پەرلەمانی عێراق لەو پێشیلكارییانەی توركیا بێ دەنگ نابێت، بە تایبەتیش پەرلەمانتارە كوردەكان خاوەن ویستێكی بەهێزن، كە پێشنیارێك، یان ڕاپۆرتێك لەو بارەوە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن بەئامانجی كارا كردنی دامەزراوە دەستوورییەكان بۆ پاراستنی سەروەری عێراق".

ساڵح وتیشی: عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، یەكێتییەكی فیدڕاڵییەو دەبێت لە لایەن دەوڵەتانەوە ڕێزی لێ بگیرێت، مافی هیچ دەوڵەتێك نییە پێشێلی سەروەرییەكەی بكات و سنورەكانی ببەزێنێت، ئەوەی توركیا و هەندێك دەوڵەتی دیكەش دەیكەن، پێشێلكاری یاسای نێودەوڵەتی و دەستوری عێراقە.

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشدا، كە هەر دەستتێوەردانێكی بیانی لە كاروباری عێراق، دەبێت بەڕەزامەندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  بێت، توركیاش بە بەزاندنی سنوری عێراق، یاسای نێودەوڵەتی و دەستووری عێراقی پێشێل كردووە.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێكهێنانی لیژنەیەكی ڕاگەیاند بۆ لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكانی شیلادزێ، كە بووە هۆی كوژرانی كەسێك و برینداربوونی 10 خۆپێشاندەری دیكە، ئەمەش لە ئاكامی هەڵكوتانە سەر پێگەیەكی سەربازی توركیا لە پارێزگای دهۆك لە باكوری عێراق لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا لە رۆژی 1 شەممەی ڕابردوودا وتیشی "لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی ڕاستی و دروستی ڕووداوەكەی شیلادزێ پێكدێنین بەو مەبەستی جارێكی دیكە ڕووداوی لەو بابەتە دووبارە نەبنەوە"، ئەوەشی دووپات كردەووە، قبوڵكراو نییە خاكی عێراق هێرشكردنەسەر دەوڵەتانی دەوروبەر بەكاربهێنرێت".

بارزانی ئەوەشی وت، كە ئەوەی لە شیلادزێ روویداوە جێگەی داخ و پەژارەیەكی گەورەیە، ئێمە هاوخەمی خۆمان بۆ قوربانیانی ڕووداوەكە دەردەبڕین، بەڵام سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگە بەوە نادات خاكی ژێر قەڵەمڕەووی ئێمە دژ بە ئاسایشی دەوڵەتانی دەوروبەر بەكاربێت.


لای خۆیشییەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناڕەزایی بەرانبەر هێزەكانی توركیا دەربڕی، كە تەقەیان لە هاووڵاتییە خۆپێشاندەرەكانی شیلادزێ و كۆمەڵگای سبری قەزای عەمادیەی پارێزگای دهۆك‌ كردووە.

وەزارەتی ناوبراو لە بەیاننامەیەكیدا ڕایگەیاندووە، "خەمو پەژارەی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە قوربانیانی ڕووداوەكە و زەرەر و زیانەكانی، ئاماژەی بەوەش‌ كردووە كە باڵوێزی توركیا لە بەغدا بانگ دەكەن و پسوولەیەكی ناڕەزایی سەبارەت بە ڕووداوەكە ئاراستە دەكەن، داواشیان لێدەكەن ڕووداوی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە.ژ

وەزارەتی دەرەوە ئەوەشی دووپات كردووە، كە سەروەری عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییەكانی لە ئەستۆی حكومەتی عێراق دایە، ناڕەزایی تەواوی عێراقیشی بۆ هەر پێشێلكارییەك بەرامبەر ئاسایش و ئەمنی ووڵاتەكە دووپات كردەووە ، هەروەها ئەوەشی گووت كە دژی بەكارهێنانی خاكی عێراقە بۆ هیرشكردنە سەر ئاسایشی دەوڵەتانی دەوروبەر.

سەرچاوە: سپوتینگ