شارپرێس:
ژمارەیەک ڕێکخراو و
چالاکوانی کۆمەڵایەتی داوکارییەک دەربارەی کەمکردنەوەی نرخی پەیوەندییەکان
ئاڕاستەی نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە
کۆمەڵێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یاداشتێکی ناڕەزاییان دایە نوسینگەی سلێمانی
پەرلەمانی عێراق و داوایان کرد نرخی پەیوەندی تەلەفۆنی و هێڵەکانی ئینتەرنێت
کەمبکرێتەوە.
ئەوەش دوای ئەو کەمپینە
دێت کە لە لە ماوەی رابردوودا چەند چالاکوانێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دژی گرانی نرخی پەیوەندی تەلەفۆنی و هێڵەکانی
ئینتەرنێت ڕایانگەیاندبو.
لەبارەی وردەکاری
یاداشتەکە چالاکوانان ڕایانگەیاندوە "ناڕەزایەتییەکان لەسەر نرخی هێڵەکانی
ئینتەرنێت و پەیوەندی تەلەفۆنی لەلایەن بەکارهێنەرانەوە هەبووە، ئێمەش ویستمان ئەو
ناڕەزایەتییە کۆبکەینەوە و بەشێوەیەکی مەدەنی و رێکخراو ئاراستەی ئەندامانی
ئەنجوومەنی نوێنەرای عێراقی بکەین".
ئەو چالاکوانانە
باسیان لەوەکردوە "نرخی هەر کارتێکی 5 هەزار دیناری تەلەفۆنەکان لە بازاڕ بە
سەرووی 6 هەزار دەفرۆشرێت و کارتێکی 10 هەزاریش بە سەرووی 12 هەزار دینار، ئەمەش
جێگەی پرسیارە لای خەڵک و ئێمە دەمانەوێت ئەو پرسیارە لەڕێگەی ئەندامانی
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەربگرین و هەروەها چارەسەری گرانی نرخی کارتی
سەرجەم تەلەفۆن و کۆمپانیاکانی بوار ئینتەرنێت بکرێت".
هـ ـ ر