پشتیان دەگرێت یان لەناویان دەبات.. دژیەكییەكانی ئەمریكا لەبەرانبەر كورد

کوردستان

07/02/2019‌ 3056 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
"پەیوەندی باشمان لەگەڵ كوردەكاندا هەیە ، زۆریش هەوڵ دەدەین یارمەتییان بدەین، دەبێت ئەوە بزانی ئەوان لەسەر زەوی خۆیان دەژین و دەبێت یارمەتییان بدەین، من دەمەوێت یارمەتیان بدەم، ئەوان پشتیوانی گەورەی ئێمەبوون، ئەوان بەتەنیشت ئێمەوە جەنگان، جەنگاوەرە ئازاكانیان بەتەنیشت جەنگاوەرە ئازاكانمانەوە مردن، بەیەكەوە داعشمان بەزاند، ئەوان خەلكی مەزنن، دڵنیابە ئیمە ئەوە لە بیر ناكەین".

ئەو قسانەی قسەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بووە، كاتێك وەڵامی رۆژنامەنووسێكی لە نیویۆرك دایەوە، كە سەبارەت بەپەیوەندییەكانی كوردانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەمریكا، دوای سەركەوتن بەسەر داعشدا ، واشنتۆن دەتوانێت چ پشتیوانییەكیان پێشكەشبكات پرسیاری لێكرد.

لەكاتێكدا واشنتۆن بەردەوامە لە پشتیوانی كوردەكان، لەولاشەوە خەڵاتێك تەرخان دەكات بۆ هەر كەسێك زانیاری لەسەر سەركردەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە بدات و ببێتە هۆی دەستگیركردنیان، چونكە پەكەكە لەلیستی تیرۆری ئەمریكا و توركیادایە، لە لایەكی دیكەشەوە واشنتۆن فەتحوڵڵا گولەنی لەئامێز گرتووە، كە ئەنقەرە داوای ڕادەستكردنەوەی دەكات و بە هۆكاری پشت دوا هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی توركیای دەزانێت.

خەڵات لە بەرانبەر زانیاری
باڵوێزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرە لەسەر واڵەكەی خۆی لە تویتەرەوە ڕایگەیاندبوو، كە بڕی 12 ملیۆن دۆلار وەك خەلات دەبەخشنە هەر كەسێك بە زانیارییەكانی یارمەتیدەر بێت لەدەستگیركردنی 3 سەكردەی پارتی كریكارانی كوردستان.

موراد قەرەیەڵان كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی حزبەكە و سەركردەی گشتی هێزەكانی بەرگری گەلی حزبەكەیەتی، بەشدار بووە لە چەند شەڕیك دژ بە سوپای توركیا، لە دوای دەستگیركردنی ئۆج ئالان ‌لە ساڵی 1999، ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لەوەی ئەندامانی پارتەكەی بە یەكگرتوویی بهێڵێتەوە،‌ لە لایەن توركیاوە فرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە.

جەمیل بایك- ی ئەندامی لیژنەی جێبەجێكاری حزب و یەكێك لە دامەزرێنەرانی، سەرۆكی هاوبەشی كۆسیستەمی كۆمەڵگای كوردستانییە كە چەند حزبێكی ناو سوریا و ئێران و عێراق و توركیا لە خۆ دەگرێت.

دۆران كاڵكان كە یەكێك لە دامەزرینەرانی حزب و یەكێك لە گرنگترین سەركردەكانیەتی، ئەو وازی لە كارە سەربازییەكەی هێناوە و بەرپرسی دارایی پارتەكەیەتی، سەرپەرشتی سەرجەم كۆمپانیا تایبەتەكانی  حزب و دارایی حزب دەكات لە جیهاندا و بە تایبەتیش ئەوروپا.

لە دوای دەستگیركردنی ئۆج ئالانەوە لە ساڵی 1999، قەرەیەڵان و بایك بە دوو سەركردە باڵاكەی پارتی كرێكارانی كوردستان دادەنرێن، شڕۆڤەكاران پێیان وایە ئەوان لە چیایی قەندیلن، ناوە ناوەش لە بۆنەكاندا سەردانی ئیران دەكەن.

هەنگاوە لە ناكاوەكەی ئەمریكا بە كێشانەوەی هێزەكانی لە باكوری سوریا، گومانی زۆری لای توركەكان و لایەنی دیكەی ناوچەكەش دروست كرد، میدیاكانی توركیا تاوتوێ و مشتومڕی زۆریان لەسەر كرد، بەڵام زیاتر تیشكیان خستەسەر ئەوەی كە هەڵوێستی واشنتۆن بەرامبەر پەكەكە سەنگی مەحەكە.

هەڵوێستی دژیەكی ئەمریكا لە بەرامبەر یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سوریا و عێراق و ئێران و توركیا، وای لە ئەنقەرە كرد بە گومان و دوو دڵییەوە لەو هەنگاوەی واشنتۆن بڕوانێت، ئەمەش لەسەر زاری ئیبڕاهیم كاڵكان – ەوە كە ووتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی توركیاییە گوزارەی لێكرا و ووتی "بەو بڕیارەی ئەمریكا  هەڵناخەڵەتێن"، سەنگی مەحەك بۆ واشنتۆن لە چۆنیەتی مامەڵەكردنیدایە لەگەڵ پارتە درێژكراوەكەی پەكەكە لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا كە یەكینەكانی پاراستنی گەله و ئەمریكا‌ پڕچەكیان دەكات و ئەوانیش بەرەنگاری توركیا دەبنەوه.

هەندێكی دیكەی وەك دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركی گومانیان لەو هەنگاوەی واشنتۆن هەیە، ئەمەش لەو تویتانەدا دەردەكەوێت كە لە تویتەر كردوونی و دەڵێت: " ئەمریكا لە هەموو لایەنێكی باشتر دەزانێت ئەو سەركردانەی پەكەكە لە كوێن، ئەگەر مەبەستیشی بێت دەیاندۆزێتەوە" ، لە تویتێكی دیكەدا دەڵێت: "مەبەست و نیازی ئەمریكا لەگەڵ سیناریۆكەدا لێكجیاوازن، ‌گەمەیەكی دیكە لەگۆڕێیە ، ئەوان دەیانەوێت یەكینەكانی پاراستنی گەل زەقكەنەوە و پەردەپۆشی چالاكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانیش بكەن".

مامەڵەكردن لەگەڵ پارتەكان بە گوێرەی ناوەكانیان
چۆن واشنتۆن باوەڕ بە ئەنقەرە دێنێت لە كاتێكدا هاوكار و هەماهەنگكاری هاوپەیمانی یەكینەكانی پاراستنی گەلە كە پاشكۆی پارتی كرێكارانی كوردستانە؟ ئایا ئەمە واتای كۆتاییهاتنی ڕۆڵی پارتی كرێكارانی كوردستانە بە لای واشنتۆنەوە؟ ئایا ئەو بڕیارەی ئەمریكا گۆرانكارییەكی كرۆكی و كاكڵەییە لە هەڵوێستی واشنتۆن كە پشتیوانی دامەزراندنی نیشتمانێكی كوردییە لە باكوری سوریا؟ ئایا ئەمەش چ پەیوەندییەكی بە هەلوێستی واشنتۆنەوە هەیە لە هەمبەر لێكنزیكبوونەوە و توندوتۆڵی پەیوەندی ڕوسیا و ئیران و توركیا لە چارەسەركردنی تەنگژەی سوریادا.

باكگراوندی بڕیارە لەناكاوەكەی ئەمریكا ووڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە، سەرباری ئەوەی واشنتۆن بە هەمان شێوازی توركیا پەكەكە بە تیرۆرست ناودەبات، كەچی هێشتا باوەڕی بەوە نەهێناوە كە پارتی یەكیەتی دیموكرات لە سوریا هەر پارتی كرێكارانی كوردستانە.

بۆیە ئەم هەنگاوەی واشنتۆن گۆڕانێكی كرۆكی و كاكڵەیی نییە لە هەڵوێستی بەرامبەر پەكەكە، ئەگەر ڕێوشوێنی تایبەت بەرامبەر پاشكۆی ئەو حزبە لە سوریا نەگرێتەبەر، پێدچێت ڕاگەیاندنی ئەو بەخششەی ئەمریكا بۆ دەستگیركردنی ئەو 3 سەركردەی پەكەكه،‌ تەنها بۆ ڕازیكردنی دڵی توركیا بێت كە دەمێكە لە هەوڵی دنەدانی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكانیەتی كە هەڵوێستی توندتر بەرامبەر پەكەكە بنوێنن.

لە لایەكی دیگەوە متی یارار – ی نووسەر لەمەڕ كاروباری ئەمنی و سەربازی توركیا، هۆكاری دەستبەرداربوونی واشنتۆن لە پەكەكە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە ئەو 3 سەركردە سەركەوتوو نەبوون لە سەركردایەتی حزبەكەیان دژ بە توركیا، لە لایەكی دیكەشەوە، ئەوان لە ئێران نزیكن كە واشنتۆن گەرەكیەتی جڵەوگیری بكات.

شڕۆڤەكارانیش ئەو هەنگاوی واشنتۆم بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە ئەمریكا ئارەزوومەندە خۆی وەك هاوبەشی توركیا ڕابنوێنێت و بەیەكەوە دەستیان بگاتە ئەو سێ سەركردە كە كۆتاییان نزیك بۆتەوە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی زۆرێك لە سەركردەكانی ئەو حزبە لە لایەن سوپای توركیاوە دەستگیركراون، دەبێت ئەمریكا بەهەمان شیوەی قاعیدە و بەرەی نوسڕە مامەڵە لەگەڵ پرسی پەكەكەو پاشكۆكەیدا بكات.

تەها ئۆزانی نووسەری تورك لە ووتارێكیدا كە لە "گۆڤاری میدڵ ئیست ئەی" بڵاویكردۆتەوە و پێی وایە هەر لە سەردەمی ئۆباماوە، پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ پەكەكە و جوڵانەوەی فەتحی گولەن، زیانی گەورەیان بە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە گەیاندووە، ئەمریكا لە هەوڵی پارێزگاریكردنی پەیوەندییەكانیەتی ‌ لەگەڵ پەكەكە كە بەرپرسی كوژرانی هەزارەها كەسە لە توركیا.

هۆكارەش ئەوەیە كە واشنتۆن بە گوێرەی ناو مامەڵە لەگەڵ پارتە كوردییەكانی دەرەوەی توركیا دەكات كە هەڵگری فەلسەفەی پارتی كرێكارانی كوردستانن، ئەوان هەندێك پشتیوانی ئەمریكایان هەیە، لە عێراق پارتی چارەسەری دیموكراتی و لە ئێرانیش پارتی ژیانی ئازاد  و لە سوریاش پارتی یەكیەتی دیموكرات هەن.

شەپۆلێكی پیتپێتی نێوان درێژبوونەوە حزبییەكان
دیدگای‌ ئەنقەر و واشنتۆن لەسەر چەند دۆسییەیەكی ئاڵۆز لێكجیاوازن، یەكەمیان پشتیوانی ئەمریكایە بۆ كوردەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا  و تایبەتتریش یەكینەكانی پاراستنی گەل كە هێزە سەرەكییەكەی هێزەكانی سوریای دیموكراتە، ئەمریكا هێزەكانی خۆی لە ناوچەكانی ئەوان بڵاوەپێكردووە، كەچی سەرباری ئەوەش‌ لە كاتی پەلاماردانی عەفرین لە لایەن توركیا و هێزە ئۆپۆزسیۆنە پاشكۆكانی، واشنتۆن رێگری لێ نەكردن.

ئەو پشتیوانییەی واشنتۆن بە هۆی پشت پێبەستنە بە كوردەكانە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، لە لایەكی دیكەوه، ‌پێویستی بە هێزێك هەیە لە باكوری سوریا  كە سەر بەخۆی بن و بەرەنگاری هەژموونی ڕوسی – ئێرانی ببنەن، گرفتەكەش ئەوەیە كە ئەنقەرە یەكینەكانی پاراستنی گەل بە تیرۆرست ناودەبات بەو پێیەی سەر بە پەكەكەیە هەر وەك ئەنقەرە دەڵێت.

بۆیە ئەو پشتیوانییەی واشنتۆن لە كوردەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جێگەی ڕەخنەگرتنی چەندجاری ئەردۆگان بوو كە لە ووتارەكانیدا زۆر دووبارەی كردۆتەوه،‌ بەوەی ئەمریكا پشتیوانی تیرۆرە لەكاتێكدا بانگەشەی دژ تیرۆری دەكات لە ناوچەكەدا.

پرسی فەتحوڵڵا گولەن گرفتێكی دیكەی توركیایە كە ئەنقەرە بە تێوەگلان لە هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی 2016 تۆمەتباری دەكات، توركیا داوای ڕادەستكردنەوەی گولەن دەكات كە ئێستا لە وویلایەتی پەنسلڤینیا نیشتەجێیە و ئەمریكاش ئەوە ڕەتدەكاتەوە، ئەردۆگان پێشنیاری ئەوەی دایە واشنتۆن كە گولەن بە قەشە ئەمریكییەكە ئاڵوگۆڕ بكەن، بەڵام واشنتۆن قبوڵی نەكرد.

ئەنقەرە هەر گولەن تۆمەتبار ناكات، بەڵكو میدیاكانی توركیا ئەمریكاش بە تێوەگلان لەو هەڵگەڕانەوە سەربازییە تۆمەتبار دەكەن و دەڵێن بنكەی ئەنجەرلیك- ی توركیا كە ئەمریكییەكانی تێدا نیشتەجێن شوێنی داڕشتنی ئەو پلانە بووە.

بۆیە ئەنقەرە ناتوانێت متمانە بە واشنتۆن بكات، هەر لەبەر ئەوەی 3 سەركردەكەی پەكەكە - ی ‌خستۆتە لیستی داواكراوەكانیەوە، كەچی لەولاوە بە لۆری چەك و تەقەمەنی دەداتە هێزەكانی سوریای دیموكرات ، دەشزانێت ئەو چەكە دژ بە توركیا بەكاردەهێنرێت، پێدەچێت كە توركەكان سەبارەت بە زۆر پرسیی جۆراوجۆر، هەنگاوی هەستپێكراویان گەرەكە،  كە گومانەكانیان سەبارەت بە هەڵوێستەكانی واشنتۆن بڕەوێنێتەوە، سەرتۆپی ئەو پرسانەش ڕادەستكردنەوەی فەتحوڵا گولەنه.

سەرچاوە: نون بوست