بەغدادی رایكردووە.. زانیاری نوێ‌ لەبارەی هەوڵی كودەتا لەناو داعش

جیهان

12/02/2019‌ 1896 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی زانیاری نوێی دەربارەی هەوڵی كودەتا لەلایەن ئەندامە بیانییەكانی رێكخراوی داعش دژی ئەبوبەكر بەغدادی لەدوا شۆینی دەسەڵاتی رێكخراوەكە لەسوریا بڵاوكردەوە.

رۆژنامەكە لەراپۆرتێكیدا قسەی "جمعە حمدی حمدان (٥٣) ساڵی گواستووەتەوە، كە رەگەزنامەی سووری هەیەو توانیویەتی لەدواین پێگەی رێكخراوەكە لەرۆژهەڵاتی فورات  رابكات، كە رایگەیاندووە، ناوەراستی مانگی سێپتەمبەری ساڵی رابردوو ، شەڕی قورس لەگوندی "الكشمە" نزیك شارۆچكەی باغوز، كە دوا پێگەی ریكخراوەكەیە لەرۆژهەڵاتی فورات، لەنێوان داعشە كودەتاچییەكان‌و پاسەوانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی روویدا، بەڵام ئەبوبەكر بەغدادی لەو هەوڵی كودەتایە رزگاری بوو .

ئەو هەروەها رایگەیاندووە: "بەچاوی خۆم بەغدادیم  بینی، كە لەگوندی كەشمە بوو، كودەتاچییەكان هەوڵیان دەدا، كە دەستگیری بكەن.... شەڕەكە زۆر سەخت بوو ، زۆربەیان تونسی بوون ، خەڵكیكی زۆر لەو شەڕەدا كوژران".

حمدان راشیگەیاندووە "ئەبوبەكر بەغدادی بەهۆی ئەو  رووداوانە ، ناوچەكەی بەرەو باغوز بەجیهیشتووە و  لەناوەڕاستی مانگی یەكی ساڵی تازەش لەوێوە بەرەو ناوچە بیابانییەكان رایكردووە".

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە سەركردەی ریكخراوەكە پێش ئەوەی لەناوچەكە رابكات ، شەش مانگی لەەو شوێنە بەسەر بردووەو رایگەیاندووە، لەو ماوەیە هەوڵی داوە وەك كەسێكی خاكەڕا هەڵسوكەوت بكات ، ئۆتۆنبیلی رەنگ سووری كۆنی بەكاردەهێنا ، لە شەقامەكاندا پاسەوانەكانی هاوڕییەتییان نەدەكرد ، بەڵام هەموو كەس دەیزانی، كە ئەوان لەتەنیشتییەوەن .

ماوەی رابردوو هەوڵی كودەتا لەناو رێكخراوی داعش بڵاوبووەوە، كە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن هەوڵی كودەتاكە دژی بەغدادی بووە، بەڵام سەركەوتوو نەبووەو شكستیهێناوە.

هاوكات عەدنان عەفرینی ، بەرپرسی پایەبڵند لە هێزەكانی سوریای دیموكرات روونیكردەوە، كە ئەو  تووندرەوانەی  لە مەغریب و جەزائیرەوە هاتوون، ئەوانیش لەگەڵ كودەتاچییەكان بەشدارییان لەو شەڕانەدا كردووە، كە لەناو خۆی ریكخراوەكەدا روویانداوە ، جەختیشی كردووە ئەو شەرانە زۆر سەخت بوون.

رۆژنامەی گاردیان ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، ئەبو مەعاز ئەلجەزائیری ، كە یەكێكە لە جەنگاوەرە دیرینەكانی ریكخراوەكە ، پلاندانەری كودەتاكە سكستخواردووەكە بووە ، هەروەك ریكخراوەكە خەڵاتی داناوە بۆ هەر كەسێك بیدات بەدەستەوە جا بە زیندوویی بیت یان بە مردوویی .