عەبادی: ھەماھەنگی لەگەڵ پێگەی ھەرێمی کوردستان بۆ بنیادنانەوەی عێراق زۆر گرنگە

عیراق

13/02/2019‌ 706 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی كوتلەی نەسر و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و پێگەی ھەرێم لە ئێستادا زۆر گرنگە بۆ بنیادنانەوەی عێراقی سیاسی. 

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی كوتلەی نەسر و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لەگەڵ   بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە دۆخی عێراق و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، هەردولا جەختییان لە گرنگی هاوهەڵوێستی و چڕکردنەوەی هەوڵەکانی گشت لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ بوژانەوەو سەر لەنوێ بونیاتناوەی وڵات بەتایبەت دوای ئازادکردنی زۆربەی ناوچەکان لە ژێردەستی داعش.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبونەوەکە باس لەوەکراوە "بەغدا و هەرێم هەردولا پێویستیان به یەكدی ھەیەو عێراقیش پێویستی بە هەموانە".

عەبادی و بەشیر حەداد هاوڕابونی لەسەر ئەوەی، "پێویستە  هەوڵە سیاسییەکانی لایەنەکان چڕ بکرێتەوە و کەشوهەوا بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی هەموو لایەک بەشدار بێت بۆ پێشخستنی کایەی سیاسی عێراق و هەروەها بەردەوامیدان بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دەزگاکانی یاسادانان و گشت دەزگاکانی تری وڵات، بۆ بەجێگەیاندنی بەرنامەکانی حکومەت بەجۆرێک خزمەت بە هاووڵاتیان بگەیەنێ".

عەبادی لە کۆبونەوەکەدا وتویەتی، "ئەم قۆناغە پێویستی بە یەکڕیزی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و پێگەی ھەرێم لە ئێستادا زۆر گرنگە بۆ بنیادنانەوەی عێراقی سیاسی".

سەرۆکی كوتلەی نەسر رونیشکردەوە، "عێراق پێویستی بە یەکدەنگی گشت لایەک هەیە بۆ تێپەڕاندنی و خۆدوورخستنەوە لە کێشمەکێشی سیاسی".

ه.م