دوای 20 ساڵ لەدەستگیركردن‌و زیندانیكردن
ئۆجەلان كاریگەری خۆی لەچارەسەركردنی كێشەی كورد لەدەستنەداوە

sharpress.net

2516 جار خوێندراوه‌ته‌وه

14/02/2019‌

شارپرێس: 
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
كاتێك توركیا رابەری پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان"ی پێش دوو دەیە دەستگیركرد، وای دانا ئەمە لێدانێكی گورچكبڕە لەبزووتنەوەكەی، بەڵام شارەزایان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن تا ئێستاش ناوبراو هەژموونێكی گەورەی هەیەو وەك یاریچییەكی  بنچینەییە لەهەر رێككەوتنێكی داهاتوو لەگەل پارتی كرێكاران.

ئۆجەلان لە ساڵی 1978 لەگەڵ كۆمەلێك هاوڕێیدا پارتی كرێكارانیان دمەزراند بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆبەڕێوەبەردن لەتوركیا، كە ئێستا پارتەكەی لە لیستی "قەدەغەكراو و تیرۆریستی" هەریەك لە توركیا و ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپادایە.

لە ساڵی 1984 پارتی كرێكاران بووە حیزبێكی چەكداری بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، لەو كاتەوە تا ئێستا نزیكەی 40 هەزار كەس لەنێوان پەكەكەو حكومەتی توركیادا كوژراون.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێش دەستگیركردنی لە ساڵی 1999، ناوبراو لە سوریا ژیانی بەسەر دەبرد تا ئەو كاتەی حكومەتی سوریا و توركیا گەیشتنە رێككەوتنێك لە ساڵی 1998 و ناچاری ئەوە كرا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت.

لەدوای حێهێشت سوریاو پەنابردن بۆ چەند وڵاتێكی تر لە كۆتاییدا هەواڵگری توركیا توانیان دەستگیری بكەن لە "كینیا"، ئەوەش لەدەرەوەی بالوێزخانەی یۆنان لە "نیرۆبی" لە بەرواری 15 شوباتی 1999.

ئۆجەلان ئێستا لە زیندانێكی نەشیاودا لە دورگەی ئیمراڵی بەرانبەر ئەستەمبول زیندانیكراوە، لەگەڵ ئەوەی بەتەواوەتی كەنارگیركراوە، بەڵام بۆ كێشەی كورد وەك مەرجەع تەماشا دەكرێت، نەك تەنیا لە توركیا بەڵكو سەرجەم ناوچەكە.

بەگوێرەی قسەی "ئەلیزا ماركۆس" نووسەری كتێبی  "خوێنی و بیروباوەر" پارتی كرێكارانی كوردستان و خەباتی كورد لەپێناو سەربەخۆیی بەردەوامە، كە دەستگیركردنی ئۆجەلان لەسەرەتادا لێدانێكی گورچكبڕبوو بۆ رێكخراوەكەی، چونكە سەرجەم كلیلەكانی تایبەت بە پارتی كرێكاران و چالاكییەكانی لەدەستدابوو، لەناكاویشدا ونبوو. 

لەلایەكی ترەوە بڕیارەكەی بە وەستاندنی چالاكییەكانی حیزب و واز هێنان لە سەربەخۆیی كوردستان هەروەك لە دادگایی كردنەكەیدا راگەیاند، ئالۆزیی زۆری هێنایە كایەوە، بەڵام پارتی كرێكاران توانی لەگەڵ دۆخەكەدا خۆی ڕابێنێت‌و ئەمەش بەشێوەیەكی لاوەكی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە ئۆجەلان دەیتوانی لەرێگەی چاوپێكەوتنەكان دیداری لەگەڵ پارێزەرەكانیدا بۆ چونەكانی خۆی بگەیەنێت.

رێگرتن لە سەردانیكردن
بۆ نموونە لە ساڵی 2013، ئۆجەلان لە رێگەی پەرلەمانتارە نێوەندگیرەكانی پارتی دیموكراتی گەلان ، داوای كرد شەڕ بوەستێنرێت و رێگە بە دەستپێكردنی گفتوگۆی ئاشتی بكرێت لە نێوان خۆی و ئەنقەرە، ئەمەش لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی، بەڵام ئەو شەڕ وەستانە لە ساڵی 2015 كۆتایی هات و رووبەرووبوونەوەی خوێناوی لەناوچەكانی باكووری كوردستان سەرلەنوێ دەستیپێكردەوە.

لە كاتی روودانی كودەتاكەی ساڵی 2016، ئەنقەرە شەڕكردنی چڕكردەوە بەگوێرەی دۆخی لەناكاو و بە فەرمی بڕیاریدا سەرجەم سەردانیكردنەكان بۆ ئیمرالی رابگرێت، چ لەلایەن پارێزەرەكانییەوە بێت، یاخود ئەندامانی خێزانەكەی، ئەمەش بە گوێرەی قسەی "ئیبراهیم بیلمز" یەكێك لە پارێزەرەكانی ئۆجەلان، كە ناوبراو لە ساڵی 2011 ەوە نەیتوانیوە پارێزەرەكانی ببینێت.

لەبەرانبەر ئەوەشدا پاڵپشت بە زانیاریەكانی پارتی گەلان زیاتر لە 300 كەس لە زیندانەكان مانیان لە خواردن گرتووەو داوا دەكەن پارێزەران و ئەندامانی خێزانەكەی چاویان پێ بكەوێت، لە نێو ئەوانەدا "لەیلا گۆڤەن" ئەندامی پەرلەمانی حزبی ناوبراوی تێدایە.

گۆڤەنی 55 ساڵ درێژەی بە مانگرتنەكەیدا، كە لە 8 تشرینی دووەمەوە دەستیپێكردووە، لەگەڵ ئەوەی مانگی پێشوو ئازاد كراو چاوەڕوانی دادگاییكردنی دەكرێت، ئێستا دۆخی تەندروستی باش نییەو بەو هۆیەشەوە رەوانەی نەخۆشخانەكراوە.

وەك ویستێك بۆ رازیكردنی مانگرتوان، دەسەڵاتدارانی توركیا مانگی رابردوو رێگەیاندا بە براكەی "محەمەد ئۆجەلان" سەردنی بكات بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2016ەوە.

بیلمزی پارێزەر دەڵێت: مانگرتن لە خواردن دەوڵەتی تووشی شەرمەزاری كرد، چونكە داواكارییەكە رەوایە، لەبەر ئەوە، براكەی نێردرا بۆ سەردانیكردنی لە زیندان و هیچ زانیاریەكەمان دەست نەكەوتووە جگە لەوەی براكەی پێی وتین: "ئۆجەلان دەیەوێ خەڵك بزانێت، كە ئەو باشە".

پەیوەندییەكی مەعنەوی
بەگوێرەی قسەی پارێزەر بیلمز پەیوەندیەكی دەروونی و مەعنەوی هەیە لەنێوان ئۆجەلان و گەلی كورد، هەریەكەیان هێز لەوی تریان وەردەگرێت، ئەمەش مانای وایە رابەری پارتی كرێكارانی كوردستان تا ئێستاش خاوەن هەژموون و جەماوەری خۆیەتی.

حەمید بوز ئەرسەلان لەپەیمانگەی لێكۆلینەوەی باڵا لە زانستە كۆمەڵایەتییەكان، كە بارەگاكەی لە پاریسە وایدەبینێت، جیاوازییەكە ئەوەیە بۆ مەودایەكی دوور ئەوە دروست دەكات، دەستگیركردنەكەی خزمەتی پارتی كرێكاران و كێشەی كوردی كردووە و ئێستا پارتەكەی جەماوەری لەو كاتە زۆرترە، كە ناوبراو دەستگیركرا.

ئەرسەلان لە درێژەی قسەكانیدا وتی: لەماوەی بیست ساڵی كۆتاییدا، پارتی كرێكارانی كوردستان بووە بەیەكێك لە مەرجەعە سەرەكییەكان لە دیمەنی سیاسی كوردیدا لە پاڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئێستاش كاریگەریی ئۆجەلان سنووری توركیای تێپەڕاندووە و شوێنكەوتوانی پێی دەڵێن (ئاپۆ) یان (سەرۆك) واتە رابەر و وێنەكەی لە باكووری سوریادا بەرز دەكرێتەوە، ئەو شوێنەی لەژێر دەستی یەكینەكانی پاراستنی گەلەو لەلایەن ئەمەریكاوە پشتگیری دەكرێت.

لەكاتی دروستبوونەوەی توندوتیژیەوە لە ساڵی 2015، سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان شێوەزاری وتارەكانی توند كردووەتەوە سەبارەت بە جەنگاوەرە كوردەكان و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی گەیشتن بە رێككەوتن لە رێگەی گفتوگۆوە قورستر بكات.

بەڵام بوز ئەرسەلان پێیوایە دۆخەكە بەرەو گۆرانكاری هەنگاو دەنێت و دووپاتیكردەوە، ئەگەر ئەردۆغان بیەوێت گفتوگۆكان دەست پێبكاتەوە جگە لە بژاردەی ئۆجەلان هی تری لەبەردەمدا نییە.






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved