یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بڕیاری كۆتایی دەدات

کوردستان

16/02/2019‌ 1305 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتنانی بۆ یەكلاكردنەوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی دیموكرات بڕیاری كۆتایی دەدات‌و بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەنی سەركردایەتی حیزبەكە كۆدەبێتەوە.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ شەممە لەشاری سلێمانی كۆدەبێتەوە، كە تاوتوێی ناوەڕۆكی ئەو پرۆژە هەژدە خاڵییە دەكات، بڕیارە ببێتە رێككەوتنی نێوان ئەو حیزبەو پارتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

پارتی‌و یەكێتی لەچەند رۆژی رابردوو رەشنووسێكی هەژدە خاڵی-یان ئامادەكرد، بۆ رێككەوتن لەسەری، كە رەشنووسەكە بۆ چۆنییەتی بەرێوەبردن‌و ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان لەچوار ساڵی داهاتوو.

بڕیارە دوای واژووكردنی رێككەوتنەكەش، لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنە حكومەتی داهاتوو لەنێوان پارتی‌و یەكێتی پێكبهێنرێت، كە ئەو دوو حیزبە براوەی یەكەم‌و دووەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردوون.

كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی كۆبوونەوەو تاوتوێی دواین رەشنووسی نێوانیان كردو رایانگەیاند، كە هەردوولا هەوڵ دەدەن بۆ رێككەوتنی كۆتایی‌و چارەسەری كێشەكانی نێوانیان.

هـ ـ ح