یەكێتی بێ‌ واژووكردنی رێككەوتن لەگەڵ پارتی بەشداری حكومەت ناكات

کوردستان

16/02/2019‌ 2463 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی بێ‌ واژووكردنی رێككەتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموكرات بەشداری لەحكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان ناكات.

ئەو هەڵوێستەی یەكێتی لەمیانی كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حیزبەكە بووە، كە لەكۆبوونەوەكە جەخت كراوەتەوە، بەبێ‌ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان ناچنە هیچ رێككەوتنێكیش.

لەو بارەوە ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بۆ شارپرێس وتی: هەر لەسەرەتاوە داوای رێككەوتنی سیاسیمان لەپارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت كردووەو سوریشین لەسەر ئەو داوایە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی وتیشی: دەبێت رێككەوتنێكی واژووكراو لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەبێت‌و لەو رێككەوتنەش هەرسێ‌ پرسی پێكهێنانی حكومەت‌و پارێزگاری كەركوك‌و كێشەكانی بەغدا بەیەك پاكێج یەكلابكرێتەوە.

یەكێتی ماوەیەكە داوای رێككەوتنی سیاسی لەپارتی دەكات، كە دەیەوێـت لەو رێككەوتنە، ئەو پرسانەی پەیوەندی بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم‌و دانانی پارێزگاری كەركوك‌و كێشەكانی بەغدا هەیە، بەیەك پاكێج یەكلابكرێتەوە، بەڵام پارتی بەوە رازی نییە.

هـ ـ ح