شارپرێس.. ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
لێکۆڵینەوەیەکی بەریتانی ئەوەی دەرخستووە کە ئەو کەسانەی شەوان زۆر
دەرەنگ دەخەون ، تووشی گرفتی هۆشەکیی دەبنەوە چونکە ئەوکاتە مێشک بە توانایەکی کەمتر کار دەکات.
ئەو لێکۆڵینەوەیە کە توێژەرانی زانکۆی بێرمینگهامی بەریتانیی
ئامادەیان کردووە ، ئەوەی دەرخستووە کە ئەوە کەسانەی شەوان زۆر درەنگ دەخەون ، کە بە جۆری "
خەوی کوندەپەپوویی " ناودەبرێت ، کارلێککردن لەنێوان ئەو بەشانەی مێشکیان کە بە ئەرکی هۆشەکیی هەڵدەست زۆر لاوازدەبێت.
بەگوێرەی ئەوەی کە رۆژنامەی " دەیلی مەیڵ " ی بەریتانی
بڵاوی کردۆتەوە ، کاردانەوەی مێشکی ئەو
کەسانەی درەنگ دەخەون هێواشتر و لاواز ترە لەو کەسانەی شەوان زوو دەخەون ، کە
ئەمەش وایان لێدەکات لەبەجێگەیاندنی ئەرکی رۆژانەیاندا بێتوانا بن.
لێکۆڵەران لە زانکۆی بێرمینگهام ،بۆ ماوەی ١٦ رۆژ لێکۆڵینەوەیان لەسەر مێشکی ٣٨ کەس کردوو ، کە
هەندێکیان شەوان درەنگ دەخەوتن ، بەشێکی تریان ئێواران زوو دەخەوتن ، لەو ماوەیەدا
چاودێریی ئاستی دەرکردنی هۆڕمۆنی میلاتۆنینیان کردووە ، ئەو ماددەیەی کە مێشک
شەوانە دەری دەکات.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە ئەوانەی دەرەنگ خەوتوون ، کاردانەوەیان
بەرانبەر هەر شتێک کە لەبەردەمیان روویدەدا کارداەوەیەکی خراپتر بووە لە ئەوانەی
کە زوو خەوتوون .
رۆژنامە بەریتانییەکە بە پشت بەستن بە قسەی لێکۆڵەرەکان ، ئەو کەسانەی
بۆ ماوەی ٥ رۆژ لەهەفتەیەکدا شەوان درەنگ دەچنە
سەر جێگا و دەخەون ، ئەوا گۆڕانکارییەک لە مێشکییاندا روودەدات ، کە ئەم
گۆڕانکارییە ئەنجامی نەرێنی لەسەرکەسەکە دەبێت.
ئیلیز چایڵدز ، توێژەری بەشدار لەلێکۆڵینەوەکەدا دەڵێت ، خەڵکانێکی زۆر هەوڵ دەدەن لەماوەی
کارکردنی رۆژانەیاندا ، ئاستێکی باش پیشکەش بکەن ، بەڵام ناتوانن ، دەشڵێت :
لەپێناو کەمکردنەوەی مەترسییە تەندرووستییەکان و زیادکردنی بەرهەمهێنان ،
پێویستییەکی زۆر هەیە بەوەی باشتر لەو بابەتە حاڵیی ببین .
وا گومان دەبرێت کە نزیکەی لەسەدا ١٥ ی خەڵک بەشێوازی " خەوی کوندە پەپوویانە" بخەون ،
هەروەک لەسەدا ١٥ یان بەشێوازی " زوو نووستن و زوو هەڵسان لەخەو ،
ئەوەی تر لەنێوان ئەو دوو شێوازەی خەو دەخەون.
سەرچاوە: sky news arabia
هـ ـ ر