كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكرێت
تائێستا پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتوون بەرێككەوتن

کوردستان

18/02/2019‌ 1454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرچەندە پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەگەیشتوون بەرێككەوتن، بەڵام كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت.

وەك ئەوەی بڕیاری لێدراوە، كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ دوو شەممە سەعات 11ی نیوەڕۆ بەرێوەدەچێت، كە ئامانجی كۆبوونەوەكە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەو زۆرینەی فراكسیۆنەكانیش بڕیاری بەشدارییان لەكۆبوونەوەكە داوە.

بەپێی زانیارییەكان، بەرپرسانی یەكێتی‌و پارتی، كە هێزی یەكەم‌و دووەمی هەرێمی كوردستانن، تا درەنگانێكی شەوی رابردوو لەپەیوەندی كۆبوونەوە بوون بۆ گەیشتن بەرێككەوتن، بەڵام هەوڵەكان بێ ئەنجامبوون.

نەگەیشتنە رێككەوتنی ئەو دوولایەنە گومانی بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لەكۆبوونەوەكەی پەرلەمان دروستكردووەو تائێستا دیارنییە ئەو فراكسیۆنە بەشداری دەكات، یان نا.

پارتی‌و یەكێتی بەهۆی ناكۆكیان لەسەر چەند پرسێك، تائێستا بەرێككەوتن نەگەیشتوون، لەكاتێكدا چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوەو بڕیارە پەیوەندی‌و كۆبوونەوەی هەردوولایەن بۆ رێككەوتن ئەمڕۆ بەردەوام بێت.

هـ ـ ح