ئەمریكا ژمارەی سەربازەكانی لەكەركوك زیاد دەكات

عیراق

18/02/2019‌ 963 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریكا هێزە سەربازییەكانی لەپارێزگای كەركوك زیادیكردووە، كە جموجوڵی ئەو هێزانە لە سەربازگەی K1 جێگیركراون.

ئەبو ڕەزا نەجار فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ  ئاژانسی "ئێرنا"ی ئێران رایگەیاندووە، زیادبوونی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لەبنكەی سەربازی K1 لەباكووری كەركوك بە بەراورد لەگەڵ مانگەكانی ڕابردوودا بەتەواوی هەستی پێدەكرێت‌و ئەمریكییەكان بەم دوایانە جموجۆڵەكانیان لە كەركوك و دەوروبەری زیاتر كردووە.

ئەبو ڕەزا نەجار راشیگەیاندووە، هێزەكانی ئەمریكا لە "كەی وان" تەنیا هێزی ڕاوێژكاری و فێركاری نین، بەڵكو خاوەن بەرپرسیارییەتی ئۆپەڕاسیۆنی‌و جەنگین‌و لەم كۆتایانەشدا لەناوچەكانی حەویجەو ڕیاز لە باشووری ڕۆژئاوای كەركوك دەستیان بە ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی كردووە.

ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی ئەوەشی راگەیاندووە، هێزەكانی ئەمریكا بانگەشەی ئەوە دەكەن بەئامانجی شوێنپێهەڵگرتنی شانە نووستووەكانی داعش دەستیان بەو ئۆپەڕاسیۆنانە كردووە.

ئەو فەرماندەیەی حەشد باسی لەوەش كردووە، هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكانی باشووری كەركوك وەك مریەم بەگ، تازە، ڕەشاد، داقۆق‌و بەشیر بوونیان نییەو جموجوڵەكانی ئەو دوایانەش "گوماناوییە".

لەوەڵامی پرسیارێكیشدا لەبارەی میحوەری باكووری عێراق‌و گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ئەو ناوچانە، فەرماندەكەی حەشد ڕایگەیاند، سپاردنی ناوچەكانی كەركوك، یان گەڕانەوەی ئەم هێزانە بۆ كەركوك ئەسڵ و ئەساسی نییەو ئەوەشی راگەیاند "لە ئێستادا هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی ناوەندو پۆلیسەكانی ناوخۆی كەركوك‌و هێزەكانی دژەتیرۆرو حەشدی شەعبی لەو شارەدا بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو شارە بوونیان هەیە.

جەختیشیكردەوە، ئەوان بۆ ئاسایش لەكەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری پێویستیان بەهێزەكانی پێشمەرگە نییە و لەئێستاشدا دۆخی شارەكە ئارامەو هەندێك شانەی بچووكی داعشیش لەناوچەكە ماون، كە هێزە جۆراوجۆرەكانی عێراق هەوڵی پاكتاوی تەواوەتییان لەناوچەكە دەدەن.

فەرماندەكە پێشبینی ئەوەش دەكات لەداهاتوودا چارەنووسی ئەو شارەو ناوچەكانی دەوروبەری بەهۆی مادەی 140ەوە وەك ناوچەی جێناكۆك چارەسەر بكرێت.