مەرجەكانی دەسەڵاتی فیدراڵی رۆژئاوا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ توركیاو سوریا

کوردستان

19/02/2019‌ 2358 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەكانی سوریای دیموكرات دەوڵەتی توركیای بە داگیركەری خاكی سوریا دایە قەلەم و نیازی خۆشی دەربڕی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ توركیا بەرێگەی گفتوگۆو لەچوارچێوەی پەیوەندی دراوسێ باش و رێزی بەرانبەر و سەرەرای ئەوەش مەرجەكانی سەركەوتنی گفتوگۆی لەگەڵ دیمەشق ئاشكراكرد.

ئاژانسی "هاوار"ی كوردی باسی ئەوەی كردووە رێكخستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەیاننامەیەكی دەركردووەو تێیدا دوا گۆڕانكارییەكانی سەبارەت بە رووبەروووبوونەوەی داعش و مەرجەكان بۆ سەركەوتنی گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی سوریا و توركیا روونكردووەتەوە.

لەو بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەی دەوری ئەنجوومەنی سەربازیدا هاتووە، كە لەشاری حەسەكە ئەنجامدراوە، لەلایەن بەرپرسی پەیوەندییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات‌، رێدور خەلیلەوە خوێنرایەوە.

بەیاننامەكە توركیای لە وڵاتێكی داگیركەر لە قەلەمداوە و لەهەمان كاتدا نیازی خۆیانی پیشانداوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەل ئەنقەرە لەچوارچێوەی پەیوەندی باشی دراوسێتی و رێزی بەرانبەر.

هەر لەبەیاننامەكە هاتووە: "ئەنجوومەنی سەربازی گفتوگۆی كرد دەربارەی هەڵوێستی دەوڵەتی توركیا و بانگەشە ناراستەكانی بەوەی هێزەكانمان ئاسایشی ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە و پێچەوانەكەی راستە، چونكە توركیا داگیركەرەو بەكردارو راستەوخۆ خاكی سوریای داگیركردووە لە هەریەك لە عفرین و باب و جرابلس و ئیدلب".

هەروەها كۆبوونەوەكە دووپاتیكردەوە، كە "دەمانەوێت كێشەكان لەگەڵ دەوڵەتی توركیادا چارەسەر بكەین لە رێگەی كفتوگۆو رێزی بەرانبەر، لەهەمان كاتدا جەختی لە ئامادەیی تەواو كرۆدتەوە بۆ پاراستنی ناوچەكە لە حاڵەتی هەر دەستدرێژیەك بكرێتە سەرمان و پێشوازی لە ناوچەیەكی ئارام دەكەین لە ژێر چاودێری نێودەولەتی لە مەبەستی بەدیهاتنی ئەمن و ئاشتی لە سنورەكانی باكورمان".

سەبارەت بە گفتوگۆكردن لەگەڵ دیمەشق، بەیاننامەكە داوا لەسوریا دەكات بەپێوستی دان نانی دەستوری بە ئیدارەی خۆبەرێوەبردنی ئاشكرا و رایگەیاندووە "ئەنجوومەنی سەربازی گفتوگۆی دەربارەی داهاتووی پەیوەندییەكان كرد لەگەڵ حكومەتی سوریاو دووپاتیكردەوە لەسەر هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێك لە رێگەی گفتوگۆوە لە چوارچێوەی سوریای یەكگرتو وە رەچاوكردنی تایبەتمەندێتی هێزەكانی سوریای دیموكرات و دان نانی دەستوری بە ئیدارەی خۆبەرێوەبردنی ئاشكرا و كارا لە باكوری رۆژهەڵاتی وڵات".

پێش ماوەیەك سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد ئاماژەی بەوە كردبوو كە هێزە كوردیەكان دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە لە نێوان گەڕانەوە بۆ باوەشی نیشتمان یان روبەروبونەوە لەگەڵ سوپای سوریا، سەرەرای ئەوەی وەزیری دەرەوەی سوریا ولید المعلم دوپاتیكردەوە، دوای رزگاركردنی شاری ئیدلب سوپای سوریا بە ئاراستەی ناوچەی رۆژهەلاتی فوراتدا جوڵە دەكات.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
سەرچاوە: Sputnik news