چوار هەنگاو بۆ پاراستنی مۆبایلەكەت ئەگەر كەوتە ناو ئاوەوە

جیهان

21/02/2019‌ 1482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەوانەیە بە هۆی بارانێكی بەخوڕەوە،‌ یان ڕۆژانی شلەمەنییەكان بەسەر تەلەفۆنەكەتدا، یان كەوتنە ناو ئاوەوە، مۆبایلەكەت تەڕبێت.

لەم ماوەی دوایدا زۆرێك لەكۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی مۆبایلە زیرەكەكان،  لەهەوڵی ئەوەدان مۆبایلەكانیان دژ ئاوبێت، واتە ئاوی تێ نەچێت، كەچی هێشتا ڕێژەیەكی زۆری ئەو مۆبایلانە ئاویان تێدەچێت، لێرەدا 4 ڕێگەت نیشان دەدەین مۆبایلەكەتی پێ زەرەری ئاوتێچوون بپارێزیت.

‌هەنگاوی یەكەم: دەرهێنانی لە ئاوەكە و كوژاندنەوەیی و لێكهەڵوەشاندنی پارچەكانی.

مۆبایلەكە لە ئاوەكە دەرێنە و بیكوژێنەوە، چونكە مۆبایلەكەت چەندەها دەرەچەی بچوكی ئاو تێچوونی تێدان، كە ئاویان لێ دەچێتە ناوەوە، ئەمەش گرفتی كارەبای بۆ موبایلەكەت دروست دروست دەكات.

ئینجا بەوشككەرەوەیەك دەرەوەی بسڕەوە و پاترییەكەشی دەرێنە، چونكە بەم شێوازە سەرچاوەی وزەی كارەبا لە مۆبایلەكەت دەپچڕێنی‌و لەئەگەرەكانی شۆرتی كارەبایی كەمدەكەیەوە، زۆر لە شارەزایانیش ئامۆژگاری ئەوەمان دەكەن سیم كارت‌و میمۆرییەكەی دەرێنین.

هەنگاوی دووەم: هەموو بەشەكانی ئامێرەكە بە باشی بسڕەوە.
بە وشككەرەوەیەك بە باشی بیسڕەوە بۆ رزگاربوون لەو ((شێ))یەی تێچیووە، كە دەسەسڕی ئاسایی و كاغەزی بەكارمەهێنە، چونكە نەك هەر وەك پێویست شێدارییەكە‌ هەڵنامژێت، بەڵكو بەهەموو لایەكی مۆبایلەكەشتدا بڵاوی دەكاتەوە و ئەگەرەكانی مەترسی تێكدانی پارچەكانی بە شێوەیەكی یەكجارەكی زیاتر دەكات.

پارچە پەڕۆیەك، یان وشككەرەوەیەكی كوتاڵ بەكاربێنە، ئامێرەكە بسڕەوە تا بە تەواوی ناوەوە و دەرەوەی ووشك دەبێتەوە، هیچ دڵۆپه ‌ئاوێكیش لەسەر ڕووی موبایلەكەت جێ مەهێڵە.

هەنگاوی سێییەم: وشككەرەوەی قژ، یان گسكی كارەبایی؟‌
زۆرینەی ئەوانەی مۆبایلەكانیان لێدەكەوێتە ناو ئاوەوە، دوو هەنگاوی یەكەم دووەم بە باشی جێبەجێ دەكەن، ئینجا بەدوای چارەسەری دیكەی سەرباردا دەگەڕێن و بەمەش دەكەونە بەردەم دوو بژاردەوە، یان وشككەرەوەی قژ یان گسكی كارەبای بەكاردێنن بۆ لابردنی ئاوەكە لەناو ئامێرەكەدا.

لە بیرت بێت، بە هیچ شوەیەك لە شێوەكان، وشككەرەوەی قژ بەكارمەهێنە بۆ وشككردنەوەی ئامێرەی مۆبایلەكەت، چونكە بە پێچەوانەی ئەو باوەڕە باوەی خەڵك هەیەتی لەو بارەوە، كە گوایە هەوای گەرم خێراتر شتەكان وشك دەكاتەوە، دەبێت بزانی ئەمە ڕاست نییە، چونكە فرتكەداركردنی هەوا، هەر تەنیا نابێتە هۆی ‌ئەوەی ئاوەكەی زیاتر ڕۆچێتە قووڵاتی ئامێری مۆبایلەكەتەوە، بەڵكو دەكرێت ببێتە هۆی تواندنەوەی هەندێك پارچەی بچوكی مۆبایلەكەت و لەكاركەوتنی بەیەكجاری.

بۆ خێراكردنی كردەی وشككردنەوەكە، دەكرێت گسكی كارەبای بەكاربێنیت، دەمی گسكەكە زۆر لە ئامێری مۆبایلەكەت نزیك مەكەوە، كە بگاتە ڕادەی بەریەككەوتن، بۆ ماوەی 7-10 خولەك ئەو كردەیە ئەنجام بدەن

هەنگاوی چوارەم: مۆبایلەكەت بخەرە ناو برنج، یان هەر مادەیەكی دیكەی هەڵمژینی شێداری و بیخەبەر خۆر.، هەموو هەنگاوەكانی پێشووت تەواوكردن، قۆناغی كۆتاییت دەمێنێت، كە لە هەموویان درێژترە لە ڕووی كاتەوە. لێرەدا پێویستە لەسەرت ئامێری مۆبایلەكەت ( كە سیم كارت و پاتری و میمۆرییەكەمان لێ دەرێناوە) بخەیتە ناو سندوقێك كە برنج یان هەر ماددەیەكی دیكەی هەلمژی  شێداری تیدابێت و بیخەیتە بەر خۆر.

بۆ ماوەی ڕۆژێك، یان دوو ڕۆژ بەو شێوە مۆبایلەكەت بێڵەوە و بەكاریمەهێنە، ناوە ناوەش بە هەموو لایەكدا سەرەوژێری بكە، دوای دڵنیابوون لەوەی بەتەواوی ئاوەكەی لێهاتووەتە دەرەوە، جارێكی دیكە دایگیرسێنەوە.

خۆ ئەگەر هەموو ئەو‌ هەنگاوانە سوودیان نەبوو، پێویستە بچیتە لای سەنتەرێكی چاككردنەوەی مۆبایل، كە مۆبایلەكەت كەوتەوە ئاوەوە، هەرگیز نابێت ئەمانەی بكەیت:
- بە تەواوی قەدەغەیە یەكسەر مۆبایلەكە داگیرسێنیت، یان ئامیرەكە ببەستییەوە بە سەرچاوە ووزەوە (بارگاویكردن، یان پەوەستردنی بە كۆمپیوتەرەوە). تەنها دوای ووشككردنەوەی دەتوانی بە تەواوی مۆبایلەكەت داگیرسێنیتەوە، چونكە داگیرسانەوەی لەو كاتەدا دەبێتە هۆی شۆرتی كارەبای و هەموو پارچەكانی دیكەشی پەكدەخات.

- هەموو بەشەكانی مۆبایلەكەت هەڵمەوەشێنە، بەزۆری وایە كە تۆ خاوەن شارەزاییەكی بەسبوو نیت لە هەڵوەشاندنی مۆبایلی زیرەكدا بۆ چەند پارچەیەك، بەم كارەت قوڕەكە خەستتر دەكەیتەوە.

سەرچاوە: SPUTNIK 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر