لایەنە نێودەوڵەتییەكان دەیانەوێت عێراق لەهەژموونی ئێران رزگار بكەن

عیراق

03/03/2019‌ 1313 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڕەپانی عێراق بۆتە شوێنی جوڵەی سەركردە و بەرپرسەكانی كاریگەرترین دەوڵەتانی جیهانی لەبواری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئەو هەنگاوەش ئاماژەیە بۆ گرنگیپێدانی زۆریان بەو وڵاتە، كە لە ماوەی دوورودرێژی ئەو چەند دەیەی دوایدا، زۆر شەڕ تێدا روویداوەو دوا جەنگیش دەركردنی داعش‌و گێرانەوەی ئەو خاكە داگیركراوە بوو، كە لە ساڵی 2014 وە ئەو ڕێكخراوە داگیریكردبوو.

لە تشرینی یەكەمی ڕابردووەوە، كە حكومەتی عێراقی بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی پێكهات، لەسەر ئاستی سەركردەكان سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ بۆ یەكەمجار سەردانی عێراقی كرد، بێ ئەوەی چاوی بە هیچ بەرپرسێكی عێراقی بكەوێت، ئەمەش تەنگژەیەكی دبلۆماسی لێكەوتەوەو واشی لە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە كرد دواتر سەردانی عێراق بكات.

شا عەبدوڵڵای پاشای ئوردنیش لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بۆ یەكەمجار  سەردانی عێراقی كرد، سەردانەكەی فلیپی شەشەمی شای ئیسپانیاش لەدیارترین ئەو سەردانانە بوو، كە یەكەم سەردانی پاشایەكی ئیسپانیاییە بۆ عێراق.

هەر یەك لەعومەر ڕەزای سەرۆكی حكومەتی ئوردون، كاردیناڵ بیترۆ بارۆلینی سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان و جۆزێپی كۆنتی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، سەردانی عیراقیان كرد.

لەسەر ئاستی وەزیر و گەورە بەرپرسانیش، هەریەك لە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، جان ئێڤ لۆدریانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، هایكۆ ماسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران، مەولود چاوش ئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەی توركیا، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمانی وەزیری دەرەوەی قەتەر، خالید فالحی وەزیری وزەی سعودییە و عاتف تەڕاونەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردون، سەردانی عێراقیان كرد.

سەردانی دیكەش، كە بەڕێوەن‌و ڕاگەیەندراون لە ماوەی ساڵی 2019 ، بریتین لەهەریەك لە، ئیماوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەڕەنسا، ڕەحەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران، لەگەڵ سەردانێكی نامسۆگەری پاپا فرەنسیسی پاپای ڤاتیكان.

چاوپێكەوتنەكانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران‌و بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار بایەخێكی زۆری پێدرا لەلایەن هۆكارەكانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ و جیهانییەوە، ئەم سەردانانە هەوڵێك بوون بۆ دەرخستنی گرنگیپێدان ئەو دەوڵەتانە بە ئایندەی  پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراقدا.

بەڵێنی پشتیوانی 
هەموو سەركردە و وەزیر و گەورە بەرپرسان بەڵێنی ئەوەیانداوە پشتی عێراق بگرن و یارمەتی زیاتری پێشكەش بكەن لە بورای جەنگان دژ بە تیرۆر و دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق (ناوچە ئازادكراوە زیان لێكەوتووەكانی ژێر دەستی داعش) ، هەروەها پێشكەشكردنی زیاتری یارمەتی و هاریكاری دارایی و قەرزەكان و وەبەرهینانەكان بۆ بوژاندنەوەی ئابووری ووڵات كە جەنگ و پشێویەكان ساڵانێكە شەكەتیان كردووە.

نەزیر كندوری شرۆڤەكاری سیاسی و پسپۆڕ لە كاروباری عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە كە " ئەو سەردانانەی دوایی بە مەبەستی باوەڕپێهێنانی عێراقە بە بەرتەسككردنەوەی هەژموونی ئێڕان لە عێراقدا، دەنا گریمانە و ئەگەرەكانی دیكەی گۆرانكاری زۆر دوورنین و دەكرێت ڕووبدەن، ئەزموونەكەی فەنزویلاش بیرۆكەیەكمان پێدەدات سەبارەت بە شێوازی بیركردنەوەی ئیدارەی ئەمریكا".

كندوری لە چەند لێدوانیكی ڕۆژنامەنووسیدا گووتی ئەو سەردانانە " پێودانگێكن بۆ كرانەوەی عێراقی تازە بە ڕووی جیهاندا، وە تێپەڕاندنی تەنگژەی كەنارگیربوونیەتی كە بە درێژایی ماوەكانی پێشوو بەدەستییەوە ناڵاندویەتی".

كندوری وتیشی "بەڵام ئەوەی ئێستا لەم سەردانانەدا دەیبینم زۆر جیاوازترە لەوانەی پێشوو، هەندیك سەردان ڕەچاوی نەریتە باوە دبلۆماسییه پەیڕەوكراوەكانی نێوان دەوڵەتانیان‌‌ نەكردووە، ئەمەش دووردۆنگی زۆرینەی سیاسییەكانی لێكەوتەوە".

ناوبراو هەروەها وتی: "ئەو سەردانانە ڕەنگدانەوەیان نەبوو بەسەر واقعی پەیوەندییەكانی ئەو دەوڵەتە بە عێراقەوە ، بەڵكو پەیامیك بوون بۆ ڕژیمی عێراقی بە گرنگی و پێویستی گۆڕینی ئاراستەكەی و پشتكردنە ئێران، ئەم پەیامەش لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بە روون و ئاشكرایی گەیەنرا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاش بە زەقی گوزارەی لێكردووە".

كندوری ئەوەشی وت: "هەتا سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنساش بۆ لای هەندیك لە كەسایەتییە ئاینییە شیعەكان لە چوراچێوەی دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو  دەرناچێت بۆ پرسی لایەنە چەكدارەكان و دانی فەتوایەك ڕوون و ئاشكرا بە قەدەغەكردنیان، سەردانی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیاش لە 6 ی شوباتی 2019 هەر بۆ هەمان بابەت بوو، هەروەك زانراویشە پەیوەندییەكانی ڕۆما بە واشنتۆنەوە لەمەڕ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئاستی سیاسی قوڵ و دوورمەودان.. ئیتاڵیا لە پرسی هاوردەكردنی نەوتی ئێرانی لە چەند بوارێكدا بەدەر (ئستسنا‌و) كراوە؛ بەڵام پێی باش بوو لە پێناو بەدەنگەوەهاتنی ئارەزووەكانی واشنتۆن نەوتی ئێران هاوردە نەكات".

باسی لەوەش كرد، ڕۆژانی ئایندە كۆششی زۆر و بەهێزی لە هەگبەدان لە ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینە لە عێراقدا لەسەر ئاستی دوورخستنەوەی لە ئێران".

گێرمە و كێشە
سەرباری گێرمە و كێشەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە لایەك ، وە ڕیاز و تاران لە لایەكی دیكەوە، لایەنی دیكە گەرەكیانە عێراق پاڵبنێن بەرەو ئەوەی بیكەنە گۆرەپانیكی یەكلاییكردنەوەی هەق و حسابی نێوان سەرجەم لایەنە ناكۆكەكان، حكومەتی تازەی بەغداش دەڵێت بڕیاریداوە گەمەكەرێكی سیاسی بێت لە سەقامگیربوونی ناوچەكەدا، سیاسەتێكی تازەش پەیڕەوو بكات كە خۆی بەدوورگرتن بێت لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەو شێوەیەی سەروەری عێراق و بڕیای نیشتمانی ئەو ووڵاتە بپارێزێت، بەرژەوەندی هاوبەشی  ووڵاتانی دەوروبەریش لەیەرچاو بگرێت.

لە یەكەم سەردانێكی بەرپرسێكی كەنداویش بۆ عێراق لە دوای هاتنەسەركاری حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، وەزیری دەرەوەی قەتەری شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان لە سەردانیكیدا بۆ بەغدا، پەرەپێدانی هاریكاری نێوان هەردوو ووڵاتی تاوتوێكرد، جەختیشی لە پاڵپشتی قەتەر كردەوە بۆ حكومەتەكەی عێراق لە سەرجەم بوارەكاندا، بە تایبەتیش لە بوارەكانی ئەمنی و ئابووری و وەبەرهێناندا.

لە دوای سەردانی ئەو بەرپرسە قەتەریه بە چەند ڕۆژێك، هێڵێكی كەشتیڕانی ڕاگەیەندرا كە دەوحە و بەغدا و تاران و ئەنقەرە  و كویت و عەممان بەیەكەوە دەبەستێتەوە؛ بە مەبەستی پەرەپێدانی بازرگانی نێوان ئەو ووڵاتانە لە ڕیگەی تێپەڕبوون بە خاكی عێراقدا.

لای خۆشییەوە ئوردون ڕێككەوتنی لولەبۆری نەوتی عێراقی - ئوردونی لەگەڵ عێڕاق واژۆ كرد كە لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2019 دا لە بەسڕەوە بەرەو عەقەبە درێژ دەبێتەوە، ئەو كەلوپەلانەی لەو هێڵەشەوە دێنە عێراقەوە بە ڕێژەی 75% داشكاندنی مزەی گومركی (رسوم كمركیە) یان بۆ دەكرێت.

سەردانی سەركردە و بەرپرسان بۆ عێراق،  زیاتر قاڵبێكی ئابوور ییان لەخۆگرتووە لەوەی ئەمنی و سەربازی بن بۆ جەنگان دژ بە تیرۆر، بە تایبەتیش كە زۆرینەی دەوڵەتان جەختیان لەسەر پشكداری كۆمپانیا ناخۆكانیان كردۆتەوە لە بەشداریكردن لە دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی ژێردەستی داعش، دیارە هەمووان وەك ئابوورییەكی گەشەسەندوو تەماشای عێراق دەكەن و هەلی وەبەرهێنانی زۆریش لە خۆی دەگرێت، لەم ڕێگەیەشەوە پەرەپێدانی هاوبە‌شبەندی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا برەوی پێ دەدرێت و ئەمەش پشتیوانی زیاتری نیودەوڵەتی بۆ بەغدا دەستەبەر دەكات كە دووبارە هەستێتەوە سەر پێی خۆی. 

سەرچاوە: بغداد الیوم 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر