شارپرێس:
ئافرەتێکی خانەنشینی تەمەن ٨٢ ساڵی رووسی ، هەفتانە سێ جار رێگایەکی شاخاویی و ناخۆش دەبڕێت تا پۆستەکانی خەڵکی دۆڵی تسی بگەیەنێتە جێی خۆی .
یكاتیرینا دزالایفا ئۆتارایفا بۆ ماوەی نزیکەی نیو سەدە سەرۆکی نوسینگەی پۆستەی دۆڵی تسی بووە لە کۆماری ئۆسیتیای باکوور ، ماوەیەک لەیەککاتدا وەک بەرێوەبەر و یاریدەدەری پۆستەچیش کاری کردووە .
یکاتیرینا دوای ئەوەی نووسینگەی پۆستەی تسی بەهۆی کەمی ژمارەی خەڵکەکەیەوە داخرا ، گواسترایەوە بۆ ناوەندی پۆستەی گوندی بۆرۆن ، بەو جۆرە یکاتیرینا هەفتانە سێ جار لە گوندەکەیەوە کە ناوی "میزورە" دەروات بۆسەر کارەکەی .
ئەو فەرمانبەرە بەتەمەنە پۆستەچییە دەڵێت" لەساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو پۆستە و نامەی خەڵکیم دەگواستەوە لەکاتێکدا ئەو کاتە بارودۆخ زۆر ناخۆش بوو، هاتوچۆش لەنێوان شارۆچکەکانی ناوچەکە بەپێ بوو، بەتەنیا لەنێوان تسی و بیرون پۆستەم دەگواستەوە .
ئەو ئافرەتە خانەنشینە ئۆسیتییە دەڵێت ئەو زۆر دەترسا لەوەی لەچوارچێوەی دیواری ماڵەوە بمێنێتەوە و کارێک نەکات کە حەزی لێبێت، بەڵام ئیستا سەرەرای ئەوەی هەفتانە ڕێگایەکی دوور و دریژ و سەخت دەبڕێت، بەڵام ئەو زۆر چێژ لەو کارەی وەردەگرێت .
یکاتیرینا دەڵێت جارێکیان لەسەر یەکیك لە ڕێگا شاخاوییەکان ڕووبەرووی گورگێک بۆتەوە ، بۆیە لەترسان ناچار بووە بچێتە سەر یەکێك لە ستوونە کارەباییەکان تا گیانی خۆی بپاریزێت .
وەرگێران: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی