شارپرێس:
چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ئەکادیمی ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی سەرەکیی دەستی چەپیان بەکاردەهێنن لەخەڵکی ئاسایی بەهرە و توانای زیاتریان تیدایە ، هەر لە شێوەی بیرکردنەوەیان تا دەگاتە توانای جەستەییان .
رۆژنامەی " گاردیان"ی بەریتانیا دەڵێت یەکێک لە هەرە تایبەتمەندییە دیارەکانی خەڵکی چەپلەر بریتییە لە لێهاتوویان لە یاری " زۆرانبازیی" ، بەپێی تۆماری زانیارییە وەرزشییەکانیش نزیکەی ١٠ کەسی چەپلەر لەریزی باشترین زۆرانباز و وەرزشوانی یاریی هونەرەکانی شەڕکردنن لە جیهاندا .
شارەزایان پێیان وایە زاڵێتی کەسی چەپلەر لە یاریی "هونەرەکانی شەڕکردن" بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەندێ توانا و لێهاتووییان تێدایە کە لە ڕکابەرەکانیاندا نییە ، هەروەک بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە زانکۆی تۆلیدۆ لە ویلایەتی ئۆهایۆ لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێیهەستاوە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئەو توانایە بۆ لایەنی بیرەوەریی و هۆشیەکیش هەر راستە بەجۆرێک خەڵکی چەپ بەراورد بە خەڵکی تر باشتر دەتوانن بیرەوەرییەکانیان بپارێزن.
تویژەران بەهێزی بیرەوەریی کەسانی چەپ دەگەڕێننەوە بۆ بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەردوو بەشەکەی مێشک ، ئەوە جگە لەوەی کەسە نزیکەکانی ئەو جۆرە کەسانەش خاوەن بیرەوەرییەکی باشن .
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکیش کە لە ئیتالیا کراوە و تێیدا ٢٣٠٠ کەسی چەپلەر بەشدارییان تیدا کردووە ، دەرکەوتووە ئەو جۆرە کەسانە لە وانەی بیرکاریش زۆر زیرەک و بەتوانان .
زانیارییە ماتماتیکییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە کەسە چەپەکان زیاتر لە مەیدانی ماتماتیک کاردەکەن ئەوەش بوارێکە پێویستییەکی زۆری بە توانای هۆشیەکی و خێرایی و کارلێک هەیە ، هەر لەبەر ئەوەش ئەگەر هاتوو منداڵەکەت چەپلەر بوو ، ئەوە هانی بدە بچێتە مەیدانی هەندێ یاریی وەکو تێنسی سەر مێز و کریکێت و یاریی بالە بکەن .
وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی