بچووكترین ملیاردێری جیهان.. چیرۆكی سەركەوتنی كایلی جینەر

هەمەڕەنگ

07/03/2019‌ 1572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كایلی جینەری نمایشكاری جلوبەرگی ئەمەریكی و خوشكی كیم كارداشیان ،لەلایەن گۆڤاری "فۆربسی"ی ئەمەریكییەوە  بەشێوەیەكی فەرمی نازناوی "بچووكترین ملیاردێری پشتبەخۆبەستوو لەمێژوودا"ی پێبەخشرا ، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو لیستەی، كە ساڵانە ئەو گۆڤارە بڵاوی دەكاتەوە .

كایلی توانی ئەو نازناوە لە مارك زوكەربرگی دامەزرێنەری تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك وەربگرێت دوای ئەوەی توانی لەتەمەنی ٢١ ساڵی بڕی یەك ملیار دۆلار كۆبكاتەوە ، ئەوە لەكاتێكدا زوكەربرگ كاتێك توانی هەمان نازناو وەربگرێت كاتێك تەمەنی ٢٣ ساڵ  .

مارك زوكەربرگ لە لیستی دەوڵەمەندترینەكانی ساڵی ٢٠١٩ بە كۆكردنەوەی ٦٢،٣ ملیار دۆلار  پلەی هەشتەمی گرتووە.

كایلی یەكەم ئەندامی خێزانەكەیەتی، كە توانیویەتی ملیارێك دۆلار كۆبكاتەوە ، نهێنی سەركەوتنیشی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو سەركەوتنەی كۆمپانیاكەی بەدەستیهێناوە، كە تایبەتە بە كەلوپەلی جوانكاریی ، ئەو كۆمپانیایەش ساڵی ٢٠١٥ دامەزرێنراوەو نرخەكەشی بە نزیكەی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت .

كایلی پشكی لەسەدا سەدی كۆمپانیاكەی هی خۆیەتی ، ئەوە جگە لەوەی لەبواری كەرتی خانووبەرەش خاوەن موڵك و ماڵێكی زۆرە .

كایلی شانازی بەوەوە دەكات، كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیش لەرووی ژمارەی هەوادارانییەوە سەركەوتنیكی گەورەی بەدەستهێناوە ، ئەمەش وایكردووە پێش دامەزراندنی كۆمپانیاكەی كڕیاریكی باشی بۆ پەیدا بكات.

دوای ئەوەی كایلی نازناوی بچووكترین ملیاردێری بەدەستهێنا وتی: "ئەوە بۆ من چاوەراون نەكراو بوو ،   تەنانەت لە داهاتووشدا ، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێم ئەوە هەستێكی زۆر خۆشم پیدەبەخشێت "

سەبارەت بە ئایندەی كۆمپانیاكەشی ، كایلی لەئایندەیەكی دوور چاوەرێی دوارۆژێكی گەش بۆ كۆمپانیاكەی دەكات ، بەڵام كریس جینەر ی دایكی بەدووری نازانێت كایلی لەئایندە كۆمپانیاكەی بفرۆشێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی