ئایا ئێران بەرگەی جەنگە ئابورییەکەی ترەمپ دەگرێت؟

ڕاپۆرت

47 خولەک پێش ئێستا‌ 196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تەنیا پشتی بەهێزی سەربازیی نەبەستوە بۆ ناچارکردنی ئێران بەڕادەستبون، بەڵکو دوای نزیکەی شەش مانگ لەجەنگ، واشنتۆن ئامادەکاریی دەکات بۆ گواستنەوەی قورسایی بەرەنگاربونەوەکە بۆ کەرتی ئابوریی.

ئامانجەکە بریتییە لەبڕینی توانای تاران بۆ دابینکردنی تێچوی جەنگ و هاوردەکردن و پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی.

ترەمپ ڕایگەیاندوە کە سەختترین ڕێکاری ئابوریی دژی وڵاتەلە دەگرنەبەر، لەکاتێکدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەکاریی دەکات بۆ سزادانی ئەو وڵاتانەی بەردەوامن لەبازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا.

ئەم پەرەسەندنانە دەستبەجێ کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکانی وزە داناوە و نرخی نەوتی خامی برێنتیان بەرزکردۆتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکەوتنی ئەم ستراتیژییە دەوەستێتە سەر ئەوەی کە ئایا ئابوریی ئێران تا کەی دەتوانێت خۆڕاگر بێت. وا دەردەکەوێت تاران بتوانێت لەسەرپێ بپڕێتەوە، بەڵام بەتێچویەکی زۆر قورس.

ئێران لەدوای شۆڕشی 1979ەوە ئەزمونێکی زۆری لەگەڵ سزاکاندا هەیەو تۆڕێکی بەرفراوانی لەنێوەندگیرەکان، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، بازرگانیی سنوری و ئاسانکاریی دارایی بە دراوەجێگرەوەکان دروستکردوە.

هەروەها خاوەنی یەدەگێکی زۆری نەوت و گاز، پایەی پیشەسازی و کشتوکاڵی، و بازاڕێکی ناوخۆیی گەورەیە.

چین وەک کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێران ماوەتەوەو سنورە زەمینییە بەرفراوانەکانیش ڕێگە دەدەن بەلادانی ڕێڕەوە بازرگانییەکان لەکاتی گۆشەگیرکردندا.

بەپێچەوانەی قۆناغەکانی پێشوو، جەنگی ڕاستەوخۆ هاوکێشەکەی گۆڕیوە، ئێستا زیانگەیاندن بەژێرخانەکان، گەمارۆی دەریایی و تێکچونی زنجیرەی دابینکردن، پاڵەپەستۆیەکی زۆر دەخەنە سەر وڵاتەکە.

لاوازترین خاڵی ئێران کەمبونی دراوی قورسە، چونکە پێویستی بەهاوردەکردنی دەرمان، خۆراک، پارچەی یەدەگ و کەرەستەی پیشەسازییە. کەمبونەوەی داهاتی نەوت نەک تەنیا بودجەی حکومەت دەپوکێنێتەوە، بەڵکو توانای گشتیی ئابوری بۆ هاوردەکردن کەم دەکاتەوە.

ئەم گوشارانە بوونەتە هۆی ڕێژەیەکی پێوانەیی لە هەڵئاوسان کە لە مانگی تەمووزدا گەیشتە نزیکەی 66%، لەکاتێکدا نرخی خۆراک بەڕێژەی 128% بەرزبۆتەوە، دابەزینی بەهای ڕیاڵ بەڕێژەی 30% هێزی کڕینی هاوڵاتییانی تێکشکاندوەو ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی زیاتر کردوە.

لەلایەکی دیکەوە، بڕیاری ئیمارات بۆ ڕاگرتنی بازرگانیی لەگەڵ ئێراندا لێدانێکی بەهێز بوو، چونکە دوبی ناوەندێکی سەرەکیی بوو بۆ سەرلەنوێ ناردنەوەی کەلوپەلەکان.

ئەم بارودۆخە ئابورییە سەختە، ناکۆکی ناوخۆیی لە تاران قووڵتر کردوەتەوە. سەرۆک مەسعود پزیشکیان و لایەنگرانی دانوستان پرسیار لەسەر توانای بەرگەگرتنی وڵات دەکەن لە ژێر سێبەری داڕمانی ئابوری و تێکچونی ژێرخانەکاندا. لەبەرامبەردا، لایەنە توندڕەوەکان پێیان وایە دەستبەرداربون لەکارتی گوشار، بەتایبەت هەڕەشەکردن لە گەروی هورمز، وەک خۆدەستبەدەستدانەوە دەبێت بۆ ئەمریکا.

لێرەدا پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ئێران پێویستی بەڕێککەوتنێکە بۆ سوککردنی سزاکان، یاخود بەرپەرچدانەوە لەڕێگەی گەروی هورمزەوە تێچووی جەنگەکە لەسەر ئەمریکا و ئابوری جیهان بەرزدەکاتەوە بۆ باشترکردنی مەرجەکانی.