لەبارەی داشکاندنی پارەی کارەباوە ڕونکردنەوە دەدرێت

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1412 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، داشکاندنی 50%ی پارەی کارەبا تەنها بۆ قەرزی پێش پڕۆژەی ڕوناکییە و پسولەی مانگانەی کارەبای ڕوناکی ناگرێتەوە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت،" سەبارەت بەو پرسیارانەی دەربارەی داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبای پێش ڕوناکی بڵاوبونەتەوە، ڕایدەگەیەنین کە ئەم داشکاندنە تەنها بۆ قەرزی پێش پڕۆژەی ڕوناکییە و پسولەی مانگانەی کارەبای ڕوناکی ناگرێتەوە ".

ئەوەشیخستەڕوو، لەئێستادا پسولەی مانگانەی ڕوناکی هیچ داشکاندنێکی لەسەر نییە و دەبێت لەماوەی 50 ڕۆژ لەدوای دەرچونی پسولەکە بدرێت بەشێوەیەکی ئاسایی.

وەزارەتی کارەبا جەخت دەکاتەوە کە داشکاندنی سەر قەرزی کۆنی پێش ڕوناکی کەمتر لە 20 ڕۆژی ماوەتەوه و هانی هاوبەشانی کارەبا دەدات لەوەی قەرزە کۆنەکانییان بدەنەوە.

قەرزی کۆنی پێش ڕوناکی ئەو قەرزانە دەگرێتەوە کە هاوبەشانی کارەبا لەسەریان مابوو، پێش ئەوەی پرۆژەی ڕوناکی بگات بە ناوچەکانیان.