شارپرێس:
هاوکات لەگەڵ وەرچەرخانە
سیاسییەکانی ئەنكەرەو پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە، دەم پارتی بڕیاریداوە کلیلی چارەسەری
پرسی کورد لەدەستی پەرلەمانتارانەوە بگوازێتەوە بۆ ناو جەماوەر.
پارتی یەکسانیو دیموکراسیی
گەلان (دەم پارتی) قۆناغێکی نوێی لەخەباتی سیاسی ڕاگەیاندو بڕیاریداوە لەچەند ڕۆژی
داهاتودا "هەزاران کۆبونەوەی جەماوەریی" لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان ئەنجامبدات،
ئەم هەنگاوە مەیدانییە ئامانجی ئەوەیە گەلی کوردو سەرجەم پێکهاتەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ
ببنە بڕیاردەر لەو پڕۆسەیەی کە ئێستا لەئارادایە.
وەزیر پارلاک پەرلەمانتاری
پارتی دەم ئاماژەی بەوەکرد، ناگونجێت لەپڕۆسەیەکی ئاوا چارەنووسسازدا گەل تەنها گوێبیستی
دەنگۆو هەواڵەکان بێت، پارلاک جەختیکردەوە، "ناکرێت گەل تەنها بینەری دەنگۆکان
بێت، دەبێت خۆیان ببنە کارەکتەری سەرەکیی پرۆسەکە"، بەوتەی ئەو، ئامانجی ئەم
کۆبونەوە فراوانانە تەنها ڕونکردنەوەی یاساکە نییە، بەڵکو کۆکردنەوەی پێشنیازو دیدگای
خەڵکە بۆ ئەوەی ببنە بنەمای هەنگاوە سیاسییەکانی داهاتوو.
ئەم جموجۆڵە جەماوەرییە
دوای ئەوەدێت، پەرلەمانی تورکیا لەدەنگدانێکی بێوێنەدا، "یاسای چوارچێوە"ی
بۆ چارەسەری دیموکراسیی پرسی کورد پەسەندکرد، یاساکە بەزۆرینەی 468 دەنگی بەڵێ بەرامبەر
تەنها 88 دەنگی نەخێر تێپەڕی، ئەمەش نیشانەی کۆدەنگییەکی فراوانە لەناو لایەنە سیاسییەکاندا
بۆ کۆتاییهێنان بەقۆناغی شەڕو دەستپێکردنی قۆناغی یاسایی.
لەلایەکی دیکەوە، هەڵوێستەکەی
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپهرست (مەهەپە)، وەک یەکێک لەوروژێنەرترین
خاڵەکانی ئەم قۆناغە دەبینرێت، باخچەلی بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، پێویستە ئەو مەرجانە
دابینبکرێن کە دەرفەت بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڕەخسێنن تا بتوانێت بەشدارییەکی کاریگەر
لەپرۆسەکەدا بکاتو هاوکاریی سەرکەوتنی هەنگاوەکان بدات، ئەم لێدوانەی باخچەلی وەک
شکاندنی هێڵە سورە کۆنەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی سەیر دەکرێتو ڕێگە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ
لەگەڵ ئیمراڵی خۆشدەکات.
وهكو میدیاى توركیاو
ژمارهیهك لهپهرلهمانتارانى ئهو وڵاته باسیان كردوه، ئەم یاسایەی کە پەرلەمان
پەسەندیکردوە، زەمینەیەکی یاسایی دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانو
گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆناو ژیانی مەدەنی بەمەرجو ڕێکاری تایبەت.
دەم پارتی-یش پێیوایە،
هەرچەندە یاساکە هێشتا کەموکوڕی تێدایە، بەڵام وەک چوارچێوەیەکی سەرەتایی بایەخی زۆری
هەیە، چونکە بۆ یەکەمجار دەوڵەت بەفەرمی دانی بەوەدا نا کە پرسی کورد پێویستی بەچارەسەری
یاساییو سیاسیی هەیە نەک تەنها ئەمنی.
لەئێستادا، هەموو چاوەکان
لەسەر مەیدانەکانن، دەم پارتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هەزاران کۆبونەوەیەوە، "ئیرادەی
گەل" بکاتە فشارێکی گەورە بۆسەر دەسەڵات تا هەنگاوەکان تەنها لەچوارچێوەی
دروشمدا نەمێننەوەو ببنە وەرچەرخانێکی ڕاستەقینە بەرەو بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیو
یەکسان لەتورکیاو باکوری کوردستان.
