سەرکردەیەکی دیاری عێراقی هۆشداریی لەجەنگی ناوخۆیى شیعه‌كان دەدات

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2328 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هومام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی لەعێراق‌و سەرکردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی، لەمیانی بەشداریی لە"هەشتەمین کۆڕبەندی دیالۆگی بەغدا" هۆشداریدا لەهەوڵێک بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی "شیعە - شیعە".


ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی دیاری ئەم هەوڵە پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانە، بەڵام ئامانجە شاراوەکەی تێکدانی هەژمونی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی شیعەو دورخستنەوەی هێزە کاریگەرەکانە لەپێگەکانیاندا.

حەمودی جەختیکردەوە، بونی لێڤەگەڕێکی باڵا، پابەندبونی ئایینی‌و هۆشیاریی گەلی عێراق بەرامبەر ئەم پلانە، ڕێگە لەسەرکەوتنی هەر گرەوێک لەسەر بەرهەمهێنانی جەنگی ناوخۆیی شیعە دەگرێت‌و وتی، "سەرکەوتونابن".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ "حاکمیەتێکی شیعە" لەعێراقدا نییەو حکومەت هاوپەیمانی‌و تەوافوقییە بەشداریکردنی هەمولایەنەکان.

ڕونیشیکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەو لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی حکومەتەکەی دەڕوات لەڕێگەی لیژنەی پسپۆڕو کارکردن وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەت.

لەکۆتاییدا جەختیکردەوە، ئیسرائیل عێراق بە"دوژمنێکی سەرسەخت" دەبینێت‌و داوای لەعێراقییەکان کرد، ئیسرائیل بەدوژمن بزانن کە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی هێزی وڵاتانی ناوچەکەو لەناوبردنی ئازادیی‌و بونیانە.