سزای دارایی بەسەر ئەو جوتیارەدا سەپێندرا کە سەربازێک دەیویست بیخنکێنێت

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2232 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراوی دۆسیەی ئەو جوتیارە کوردەی کە وێنەی کاتی هێرشکردنەسەرو ملپێچەکەی دەستی سەربازێکی سوپای عێراق بوە ترێندو دەنگیدایەوە، دادگای دوبز بڕیاری سزادانی بۆ دەرکرد.


ئەمڕۆ یەکشەممە، لەدانیشتنی ژمارە 29ی دادگای دوبزدا، دادوەر سزای بژاردنی (یەک ملیۆن دینار)ی بەسەر (محەمەد ئەمین) ئەو جوتیارە کوردەی گوندی پەڵکانەی سنوری سەرگەڕاندا سەپاند.

ئەم سزایە لەسەر سکاڵای کەسێک بەناوی (کەڕار شاکر) بوە، بەتۆمەتی ئەوەی محەمەد ئەمین سوکایەتی بەسوپای عێراق کردوە.

ئەم سزایە لەکاتێکدایە کە محەمەد ئەمین لەشوباتی ساڵی ڕابردوەوە وەک سیمبولی ستەملێکراوی جوتیارانی کورد لەناوچە دابڕێنراوەکان دەبینرا؛ دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوبوەوە کە تێیدا سەربازێکی سوپای عێراق بەتوندی ملپێچەکەی دەورە ملی ڕادەکێشاو هەوڵی خنکاندنی دەدا، ئێستا لەجیاتی ئەوەی هێرشکارەکە سزابدرێت، قوربانییەکە ڕوبەڕوی سزای دارایی کرایەوە.

تەنانەت بەم سزایەش چیرۆکەکە کۆتایی نەهاتوە، هەر ئێستا دانیشتنی ژمارە (30)ی دادگاییکردنی هەمان جوتیار لەسەر سکاڵایەکی دیکە لەسەر هەمان کەیس لەدادگای دوبز بەڕێوەدەچێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە گوشارە یاساییەکان بۆ سەر ئەم جوتیارە بەردەوامییان هەیە.

ئەم دۆسیەیە جارێکی دیکە سەرنجی ڕای گشتیی بۆسەر دۆخی جوتیارانی کورد لەکەرکوک‌و ناوچەکانی دەوروبەری ڕاکێشایەوە کە لەنێوان کێشەی زەوی‌و زارو ڕوبەڕوبونەوەی هێزە ئەمنییەکاندا، ئێستا دەبێت لەهۆڵەکانی دادگاشدا باجی بەرگریکردن لەمافەکانیان بدەن.